د۱عـ.،ـش لەماوەی سێ رۆژدا چەندین هێرشی لە سوریا ئەنجامداوە
٢٣ شوبات ٢٠٢٦ - ٨:٥٧ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
جموجۆڵی د۱عـ.،ـش بەشێوەیەکی بەرفراوان لە سوریا زیادیکردووە و ئەندامانی ئەو رێکخراوە لە رێگەی سۆشیال میدیاوە پەیام بۆ شاروشارۆچکەکان دەنێرن، ئەمەش دوای ئەوەی لەماوەیەکی کەمدا سەدان لاپەڕەی ئەو رێکخراوە لە سۆشیال میدیا چالاک کران.
لاپەڕەکانی د۱عـ.،ـش کە بەشێوەیەکی بەرفراوان چالاک کراون، زۆربەیان لەژێر ناوی "ئەبو ..." و "ئوم...." دا چالاکییەکانی رێکخراوەکە بڵاو دەکەنەوە.
لەرۆژی 21ـی ئەم مانگە، ئەو رێکخراوە لە رەقە و دێرەزوور و تەبقا و مەنبەج پێنج هێرشی ئەنجامداوە، بەوهۆیەوە لانیکەم چوار چەکداری گروپە چەکدارە سورییەکان کوژراون.
هەروەها لە ڕۆژی 22ـی مانگ، چوار هێرشی تری ئەنجامداوە و هێرشەکان کوژرانی 4 چەکداری تری سوریایان لێکەوتەوە.
ئەمڕۆ دووشەمەش، د۱عـ.،ـش چەند هێرشێکی تری ئەنجامداوە و یەکێک لە هێرشەکان خۆکوژی بووە، لە ئەنجامدا 7 سەربازی تری سوریا کوژراون.
بەپێی وتەی چالاکوانانی سوریا، چەکدارانی رێکخراوەکە بەماتۆڕسکیل لە هەندێک ناوچە دەسوڕێنەوە، هەروەها سوپای سوریا لە ترسی هێرشەکانی ئەو رێکخراوە لە بیابانی سوریا و لە بنکە دوورە دەستەکان کشاوەتەوە.
ئەندامانی رێکخراوەکە لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هێرش دەکەنە سەر ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا و بە خیانەتکار ناوی دەهێنن، ئەمە جگە لەوەی پەیام بۆ دانیشتوانی ناوچە جیاجیاکان دەنێرن و داوای جیابوونەوەیان لە سوپای سوریا لێدەکەن.