دۆسیەی ئەمنی و سیاسی تۆم باراکی گەیاندە بەغدا و هەولێر
٢٤ شوبات ٢٠٢٦ - ٣:٤٦ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
تۆم باراک نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا دوای سەردانیکردنی شاری بەغدا و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق، گەیشتە شاری هەولێر و لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی کۆبوویەوە.
باراک لەگەڵ خۆیدا پەیامی ئەمەریکای لەبارەی چەند دۆسیەیەکی سیاسی و ئەمنی هێناوە و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و هەرێمدا تاوتوێیان دەکات، لەنێویاندا دۆسیەی دەستگیرکراوانی داعش و پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق.
باراک لەبارەی ڤیتۆی ئەمەریکا لەسەر کاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران گفتووگۆی لەگەڵ نوری مالیکی کرد، بەڵام هەردوای دیدارەکە مالیکی کشانەوەی رەتکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد پەیامەکانی ئەمەریکا گرێدراون بە عێراقەوە نەک خودی مالیکی.
لەکاتێکدا وادەی دەستوری بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق کۆتایی هاتووە، بەڵام هێشتا سەرۆک کۆمار هەڵنەبژێردراوە و یەکێتی و پارتی ناکۆکن، بۆیە باراک ئەم پرسەی لەگەڵ بارزانیدا تاوتوێ کرد.
هێشتا پارتی پاڵپشتی فواد حسێن دەکات بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، لەکاتێکدا یەکێتی پۆستەکە بە پشکی خۆی دادەنێت و نزار ئامێدی کاندید کردووە.
بەپێی وتەی میدیاکان، فواد حسێن سەردانی واشنتۆنی کردووەو لەبارەی پەیامەکانی ئەو وڵاتەوە بۆ عێراق
گفتووگۆی ئەنجامداوە.
پێشتر ئەمەریکا لەبارەی سزادانی دامەزراوە ئابوورییەکانی عێراق لەنێوانیاندا بانکی ناوەندیی و کۆمپانیای سۆمۆ هۆشداری بە عێراق دابوو، ئەگەر پێداگری لەسەر کاندیدکردنی مالیکی بەردەوام بکرێت. ئەوەش لە کاتێکدایە کە لە نێوان لایەنە شیعەکاندا دابەشبوون هەیە سەبارەت بە پشتیوانیکردن لە ناوبراو وەک سەرۆکوەزیرانی داهاتوو.
سەرچاوەیەکی باڵاو نزیک لە لایەنە شیعەکان، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: مالیکی ناکشێتەوە، مەگەر لایەنە شیعەکان دووری بخەنەوە.
دەشڵێت: لایەنە شیعەکان لە ترسی شەقام ناوێرن داوای کشانەوە لە مالیکی بکەن، ئەمەش وایکردووە کێشەکە بە هەڵواسراوی بمێنێتەوە.
سەردانەکەی تۆم باراک بۆ عێراق سێهەم سەردانیەتی لە دوای دەست بەکاربوونی وەکو نوێنەری سەرۆک ئەمەریکا، هەرجارە و کۆمەڵێک پەیامی گەیاندووەتە بەرپرسانی باڵای عێراق.
دۆسیەی دەستگیرکراوە داعشەکان کە لە سوریاوە بۆ عێراق گواسترانەوە یەکێکە لەو دۆسیانەی باراک لەگەڵ بەرپرسانی عێراق تاوتوێی کردووە.
ئەمەریکا خۆی راستەوخۆ سەرپەرشتی دۆسیەی دەستگیراوانی داعش دەکات، ئەوەش لەکاتێکدایە ئاماژە بەهەڵهاتنی ژمارەیەکی زۆر چەکداری داعش لە سوریا دەکرێت و ئەو رێکخراوە هێرشەکانی بۆ سەر سوپای سوریا چڕتر کردووەتەوە.