فواد حسێن؛ لە لوتکەی دەسەڵاتی پارتییەوە بۆ نیگەرانی لە حزبەکەی

٢٤ شوبات ٢٠٢٦ - ٣:٤٩ پێش نیوەڕۆ

فواد حسێن؛ لە لوتکەی دەسەڵاتی پارتییەوە بۆ نیگەرانی لە حزبەکەی

پەنجەرە 

تا چەند ساڵێک لەمەوبەر یەکێکبوو لە متمانە پێکراوەکانی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەڵام ئێستا خراپترین ساتەکانی تەمەنی سیاسی لەنێو حزبەکەیدا بەڕێدەکات.

د.فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق و ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی، هەرچەندە کاندیدی حزبەکەیەتی بۆ باڵاترین پۆستی عێراق کە سەرۆک کۆمارە، بەڵام ئێستا لە سەختترین وێستگەی ژیانی سیاسی خۆیدایە.


فواد حسین و بارزانی

بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لە فواد حسێن نیگەرانە، بەوپێیەی کارەکتەری سەرەکی رێککەوتنی نێوان بارزانی و مالیکی بووە، بەڵام هەندێک مەسەلەی لە بارزانی شاردووەتەوە.

کاتێک مالیکی لەلایەن ئەمەریکاوە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران رەتکرایەوە، توڕەیی بارزانی لە فواد حسێن گەیشتە ئاستێکی بەرز، بەوپێیەی پێشتر رای ئەمەریکای لەبارەی مالیکییەوە پێنەگەیاندبوو.

توڕەیی بارزانی لە فواد حسێن دەرفەتی بۆ هۆشیار زێباری رەخساند، بۆ ئەوەی ئەو نیگەرانییە پەنگخواردووەی چەند ساڵێکە هەیەتی لە فواد حسێن لەرێگەی میدیاوە بیخاتەڕوو.

دوای مشتومڕی میدیایی نێوان زێباری و فواد حسێن، بە بڕیاری بارزانی هێرشەکانیان بۆ سەر یەکتری و قسەکردنیان بۆ میدیا ڕاگرت، هەرچەندە پەیوەندی نێوانیان خراپە.


زێباری و فواد حسێن

خراپی پەیوەندی نێوان هۆشیار زێباری و فواد حسێن دەگەڕێتەوە بۆ ئەوکاتەی بەدوای یەکدا و لەلایەن حزبەکەیانەوە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کاندید کران، بەڵام دواتر لەلایەن دادگاوە هۆشیار زێباری دوور خرایەوە.

بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە، هۆشیار زێباری گومانی هەبووە لەوەی دەستی سیاسی لە پشت دوورخستنەوەیەوە لە کاندیدبوون هەبووبێت، سەرەتا گومانی لە بەرهەم ساڵەح هەبووە.

زانیارییەکانی پەنجەرە ئاماژە بەوەدەکەن، دواتر زێباری گومانەکانی لەبەرهەم ساڵەح رەویونەتەوە و نیگەرانییەکانی بەلای فواد حسێن دا وەرچەرخاوە، هەرچەندە هۆکاری نیگەرانییەکەی هێشتا روون نییە.


فواد حسێن و ژیانی سیاسی

لەئێستادا فواد حسێن کاندیدی پارتییە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، ئەگەر هاوکێشە سیاسییەکان لەبەرژەوەندی بن و پۆستەکە وەربگرێت، ئەوا دەگاتە لوتکەی دەسەڵاتی عێراق و پێگەشی لەنێو حزبەکەیدا بەهێز دەبێت، هەرچەندە سەرگرتنی ئەم سیناریۆیە قورسە.

لەکاتێکدا ئەگەر لە بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک کۆمار سەرکەوتوو نەبێت، پارتی بڕیاری گۆڕانکاری لە نوێنەرانی حزبەکەی لەبەغدا داوە و پێناچێت ناوبراو چیتر لەبەغدا وەکو کارەکتەرێکی سەرەکی بەردەوام بێت.

هەرچەندە پارتی بڕیاری گۆڕانکاری لەنوێنەرانی حزبەکەی لەبەغدا داوە، بەڵام روودانی گۆڕانکاری لەو بڕیارەدا چاوەڕوانکراوە، ئەمەش بەسودی فواد حسێن دەشکێتەوە.

لەئەگەری کۆتاییهاتنی رۆڵی فواد حسێن لەبەغدا ئەوکات دەکەوێتە بەردەم بڕیارێکی سەختەوە، بەوەی روو لەهەولێر بکاتەوە و لەوێوە بەردەوامی بە وێستگەیەکی تری ژیانی سیاسی بدات، یاخود بەجێهێشتنی کوردستان و چوونە دەرەوە لە سیاسەت دایدەبڕێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو