لە نێوان "زلەی ئاگادارکردنەوە" و "جەنگی گشتگیر"ـدا؛ سیناریۆکانی هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران

٢٤ شوبات ٢٠٢٦ - ٧:٢٥ پاش نیوەڕۆ

لە نێوان "زلەی ئاگادارکردنەوە" و "جەنگی گشتگیر"ـدا؛ سیناریۆکانی هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران

پەنجەرە

لێدوانە دژبەیەکەکانی ناو کۆشکی سپی و جووڵە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا، ئاماژەن بۆ قۆناغێکی یەکلاکەرەوە لە ململانێی چەندین ساڵەی واشنتۆن و تاران. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە لایەک باس لە ڕێککەوتنی نوێ دەکات و لە لایەکی دیکەوە هەڕەشەی "ڕۆژێکی زۆر خراپ" بۆ ئێران دەکات.

ئەمەش پرسیاری ئەوە دەهێنێتە ئاراوە: ئایا سیناریۆکانی شەڕەکە ئەگەر ڕووبدات، چین؟


شێوازی هێرشەکە؛ مەکینەی جەنگی ئەمەریکا چۆن کار دەکات؟

ئەگەر واشنتۆن بڕیاری هێرشی سەربازی بدات، هێرشەکە تەنها یەک شێواز نابێت، بەڵکو بەپێی ئامانجەکان دەگۆڕێت:

١. هێرشی سنووردار:
ترەمپ وەک سەرچاوەکان ئاماژەی پێدەدەن، ئارەزووی "زلەیەکی ئاگادارکردنەوە" دەکات. ئەمەش لە ڕێگەی بەکارهێنانی فڕۆکە زەبەلاحەکانی جۆری (B-2) بۆ لێدانی بنکە ئەتۆمییەکان و دامەزراوەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم، هەروەها بە ئامانجگرتنی فەرماندەکانی سوپای پاسداران.

٢. تێکشکاندنی توانای موشەکی:
خاڵێکی تری سەرەکی لە هەر هێرشێکی سەر ئێران، تێکشکاندنی توانا موشەکییەکانێتی. بەڵام کێشەکە ئەوەیە ئێران وڵاتێکی فراوانە (سێ ئەوەندەی عێراق)، بۆیە تێکشکاندنی بەرنامە موشەکییەکەی پێویستی بە پێکانی سەدان ئامانج هەیە، لەوانە سەکۆ گۆڕاوەکانی هاویشتنی موشەک، کۆگا تەرخانکراوەکان و سیستەمەکانی بەرگری ئاسمانی.

٣. هێرشی "بڕینی سەر":
ئەگەر ئامانجەکە گۆڕینی ڕژێم بێت، لیستەکە فراوانتر دەبێت بۆ هەزاران شوێن، لەوانە ناوەندەکانی بڕیار، دەزگا ئەمنییەکان، و ئەو شوێنانەی پەیوەستن بە ڕێبەری باڵای ئێرانەوە.

٤. جووڵەی دەریایی:
بوونی کەشتیگەلی فڕۆکەهەڵگری "یو ئێس ئێس جێراڵد فۆرد" و "ئەبراهام لینکۆڵن" لەگەڵ دەیان تێکشکێنەر و فڕۆکەی جەنگی لە ناوچەکە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی هێرشەکە لە دەریا و ئاسمانەوە بە چڕی دەبێت.


سیناریۆکانی لێکەوتە و کاریگەریی هێرشەکە

هەر هێرشێکی سەربازی بۆ سەر ئێران، ناوچەکە دەخاتە بەردەم چەند ئەگەرێکی مەترسیدار، لەوانە:

کاردانەوەی توندی تاران:
ئێران هۆشداری داوە کە هەر هێرشێکی "سنووردار" وەک جەنگێکی گشتگیر دەبینێت. ئەمەش واتە بە ئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە، لەوانە ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو.

بۆشایی دەسەڵات و پشێوی:
بەپێی سەرچاوە ڕۆژنامەوانییە ئەمەریکییەکان، ژەنەڕاڵەکانی ئەو وڵاتە، لەوانە جەنەڕاڵ کین- فەرماندەی ئەرکانی هاوبەشی ئەمەریکا، هۆشداری دەدەن لەوەی ڕووخانی لەناکاوی ڕژێمی تاران دەبێتە هۆی دروستبوونی "بۆشایی دەسەڵات" کە ڕەنگە ناوچەکە بەرەو پشێوییەکی بێ کۆتایی و جەنگی ناوخۆیی بەرێت.

تێوەگلانی هاوپەیمانان:
هێرشەکە دەبێتە هۆی ئەوەی هاوپەیمانانی ئێران (وەک حـیـ..ـ.ـزبـ.ـ.ـ.ـوڵڵا و حـ..ـ.ـەمـ.،.ـاس و حوسییەکان) بەرەیەکی نوێی جەنگ بکەنەوە، ئەمەش تێچووی سیاسی و ئابووری جەنگەکە بۆ واشنتن چەند هێندە دەکات.

کاریگەری لەسەر خەڵکی ئێران:
ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە کە گەلی ئێران "گەلێکی مەزنن"، بەڵام جەنگ دەبێتە هۆی کارەساتێکی مرۆیی گەورە بۆیان، هەرچەندە ترەمپ وای دەبینێت کە گۆڕینی ڕژێم دەبێتە هۆی ئاشتییەکی بەردەوام.


ئامادەیی ئەمەریکا و ئامانجە ستراتیژییەکان

ئەمەریکا لە بەردەم هاوکێشەیەکی ئاڵۆزدایە؛ لە نێوان توانای سەربازی و ترسی تێوەگلان لە جەنگێکی بێ کۆتایی.

ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان (وەک واشنتۆن پۆست) باس لەوە دەکەن کە سوپای ئەمەریکا بەدەست کەمیی تەقەمەنییەوە دەناڵێنێت بەهۆی پاڵپشتییەکانی بۆ ئۆکرانیا و ئیسرائیل. بەڵام ترەمپ ئەمە ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت: "ژەنەڕاڵ کین دەزانێت چۆن سەرکەوتن بەدەستبهێنێت".

ئێستا ئەمەریکا خاوەنی ١٣ کەشتی جەنگی و دەیان هەزار سەربازە لە ناوچەکەدا کە لە ئامادەباشی تەواودان.


چاوەڕوانییەکی قورس

جیهان لە چاوەڕوانی ١٠ بۆ ١٥ ڕۆژی داهاتوودایە، کە تێیدا ترەمپ بڕیاری کۆتایی دەدات.

پرسیاری سەرەکیش ئەوەیە: ئایا دیپلۆماسی لە جەنەوا و مەسقەت دەگاتە ئەنجام، یان پەرەپێدانی سەربازی لە دەریای ناوەڕاست و بن غوریۆن، سەرەتایەک دەبێت بۆ یەکێک لە گەورەترین پێکدادانە سەربازییەکانی سەدەی بیستویەک؟


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو