ئامانجی ئەمەریکا لەهێرشکردنە سەر ئێران چییە؟

٢٤ شوبات ٢٠٢٦ - ٧:٤٠ پاش نیوەڕۆ

ئامانجی ئەمەریکا لەهێرشکردنە سەر ئێران چییە؟

پەنجەرە

لەگەڵ زیاتربوونی ئەگەری هێرشی سەربازیی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران، پرسیاری ئەوە دێتە ئاراوە: ئەگەر بڕیارە هێرشەکە ئەنجام بدرێت، ئەوا لە پێناوی چیی دایە؟

شرۆڤەکارانی سیاسی، وەڵامی ئەم پرسیارە لە سێ خاڵی سەرەکییدا دەخەنەڕوو:

١. فشار بۆ ڕێککەوتن:
ئامانجی سەرەکی ترەمپ "ڕێککەوتنێکی باشترە" کە تەنها پرسی ئەتۆمی نەگرێتەوە، بەڵکو بەرنامەی موشەکی و نفووزی ئێران لە ناوچەکەدا کۆتایی پێ بهێنێت.

ئەمەریکا دەیەوێت ئەو وڵاتە ناچاربکات دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی ببێت بەم شێوازەی ئێستا، بەتایبەتی نەتوانێت پیتاندنی یۆرانیۆم بگەیەنێتە ئاستێک کە لە دروستکردنی چەک و کڵاوەی ئەتۆمییدا بەکاری بێنێت.

لەلایەکی تریشەوە دەیەوێت یەدەگی موشەکیی ئەو وڵاتە، بەتایبەتی موشەکە بالیستییەکانی، بەڕادەیەک کەمبکاتەوە کە مەترسی نەبێت بۆسەر پێگەی ئەو و وڵاتە دۆستەکانی بەتایبەتی ئیسرائیل.

٢. لاوازکردنی ئێران:
تێکشکاندنی توانای سەربازی و ئابووری ئێران تا ئەو ڕادەیەی چیتر نەتوانێت هەڕەشە لە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا بکات.

ئەمەریکا بوونی ئێرانێکی بەهێز بەم سیستەمە سیاسییەی ئێستایەوە، بە دژی بەرژەوەندییەکانی خۆی دەزانێت. پێیوایە ئێران "نینۆک نەکرێت"، ئەوا هەڕەشەیەکی بەردەوام دەبێت لەسەر ئامادەیی ئەو لە ناوچەکە و پێگە و دۆخی دۆستەکانی.

٣. گۆڕینی هاوکێشەی هێز:
ترەمپ دەیەوێت لە ڕێگەی "دیپلۆماسیی هێزەوە" ئێران ناچار بە تەسلیمبوون بکات، وەک چۆن ستێڤ ویتکۆفی نێردەی ترەمپ دەڵێت: "سەرۆک سەرسامە کە ئێران تا ئێستا تەسلیم نەبووە."

هێنانی گەورەترین فڕۆکەهەڵگرەکانی بۆ نزیک ئەو وڵاتە، پەیامێکی هۆشدارییە بۆ تاران، بەوەی ئەمەریکا سڵناکاتەوە لەهێرشکردن بەمەبەستی گۆڕینی هاوکێشەی هێز لە ناوچەکەدا.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو