تۆم باراک پەیامی ئەمەریکای گەیاندە بەرپرسانی باڵای عێراق و هەرێم  

٢٤ شوبات ٢٠٢٦ - ٧:٤٢ پاش نیوەڕۆ

تۆم باراک پەیامی ئەمەریکای گەیاندە بەرپرسانی باڵای عێراق و هەرێم  

پەنجەرە

ئەمەریکا لە رێگەی تۆم باراک نوێنەری دۆناڵد ترەمپەوە فشارەکانی بۆ سەر لایەنە عێراقی و کوردییەکان چڕکردووەتەوە، بەمەبەستی پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەتی عێراق وجێبەجێکردنی خواستەکانی ئەو وڵاتە.


تۆم باراک کێی بینی؟

تۆم باراک نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکا لەبەغدا لەگەڵ فایەق زەیدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و محەمەد شیاع سودانی، هەروەها لەگەڵ نوری مالیکی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا و دواتریش لەگەڵ محەمەد حەلبوسی کۆبوویەوە.

مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەو بەرپرسانەن لە هەولێر دیداریان لەگەڵ تۆم باراک ئەنجامدا، پاشان ناوبراو سەردانی شاری سلێمانی کرد.

تۆم باراک لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی، هەروەها لەگەڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات کۆبوویەوە.

ئەو سەرکردە سیاسییانەی عێراق و هەرێم کە باراک لەگەڵیان کۆبوویەوە، ئەوانەن کە رۆڵیان لە داهاتووی عێراق دا هەیە، لەکاتێکدا ناوبراو هیچ کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ئەو سەرکردانەی شیعە ئەنجام نەدا کە بە نزیکایەتی ئێران تۆمەتبار دەکرێن.


پەیامەکانی تۆم باراک 

بەپێی وتەی چەند سەرچاوەیەکی نزیک لەلایەنە شیعەکان بۆ پەنجەرە، تۆم باراک پەیامی ئەمەریکای گەیاندووەتە نوری مالیکی، بەوەی وڵاتەکەی پێداگیرە لەسەر ئەوەی نابێت ئەو کاندید بێت بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق.

باراک لە هەرسێ دیدارەکەیدا لەگەڵ مالیکی، سودانی و فایەق زەیدان کۆمەڵێک پەیامی پێگەیاندوون، بەوەی نابێت گروپە میلیشیا شیعەکان بەشداری حکومەت بکەن، هەروەها هۆشداریشی پێداون لە تێوەگلانی ئەو گروپانە لەئەگەری روودانی ئاڵۆزیدا لەگەڵ ئێران.

باراک بەروونی ئەوەی بەو سێ سەرکردە شیعەیە وتووە، قۆناغی داهاتووی عێراق جیاواز دەبێت لە رابردوو، دەبێت عێراق خۆی لەژێر هەژموونی ئێران دەربهێنێت و رێگری بکات لە دەستوەردانی ئەو وڵاتە لەکاروباری نێوخۆیی عێراق.

باراک هەڕەشەی بەئامانج گرتنی سەرکردەی میلیشیا شیعەکانی کردووە، لە ئەگەری تێوەگلانی ئەو گروپانە لە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، هەروەک ئاگاداری کردوونەتەوە لەوەی خواستەکانی ترەمپ بەهەند وەربگرن و پشتگوێی نەخەن.

نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکا داوایکردووە، پەلە بکرێت لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق و پێکهێنانی حکومەتیش دوور بێت لە هەژموونی ئێران.


باراک لە هەرێمی کوردستان 

دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق، تۆم باراک لەگەڵ بارزانی کۆبوویەوە و پاشان سەردانی شاری سلێمانی کرد، لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و مەزڵوم عەبدیش دیداری ئەنجامدا.

بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە، ئامانجی سەردانەکەی باراک بۆ هەولێر و سلێمانی بەمەبەستی ئاگادارکردنەوەی یەکێتی و پارتی بووە لەوەی ئەمەریکا دەیەوێت رێکبکەون و پەلە بکەن لە دیاریکردنی کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار.

بەشێکی تری سەردانەکەی باراک بۆ هەولێر و سلێمانی بۆئاگادارکردنەوەی بەرپرسانی کورد بووە، لەو گۆڕانکاریی و پێشهاتانەی لەناوچەکەدا روودەدەن.

لەکاتێکدا ئەجێندای کۆبوونەوەی لەگەڵ مەزڵوم عەبدی جیاوازتر بووە، پەیوەندی بە چۆنیەتی جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان دیمەشق و هەسەدە، هەروەها کشانەوەی ئەمەریکا لە سوریا و داهاتووی پەیوەندی نێوانیانەوە هەبووە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو