ناکۆکی نێوان ئەمەریکا و ئێران؛ ترەمپ بەشێک لە کارتەکانی سوتاندووە و لەبەردەم ئیحراجی گەورەدایە
٢٥ شوبات ٢٠٢٦ - ٢:٤٢ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ئەمەریکا بۆ لاوازترکردنی ئێران کۆمەڵێک کارتی بەدەستەوەیە، بەڵام بەشێک لەو کارتانە خەریکە بایەخیان نامێنێت بەهۆی ئەوەی گەلی ئێران متمانەیان بە ترەمپ نەماوە.
ئەمەریکا نایەوێت بەهێز و لەرێگەی جەنگی بەرفراوانەوە ئێران لاوازتر بکات یان بڕوخێنێت، بەڵکو دەیەوێت بۆ ئەو مەبەستە سود لە کارتە ناوخۆییەکانی ئێران وەربگرێت یان گورزی سەربازی سنوردار پیادە بکات، بەڵام پێناچێت بەشێک لەو کارتانە سودی ئەوتۆیان مابێت.
کارتی ناڕەزایەتی؛ ئەو کارتەی ترەمپ سوتاندی
یەکێک لە کارتە بەهێزەکان کە ئەمەریکا دەیتوانی دژی رژێمی ئێران سودی لێوەربگرێت، کارتی ناڕەزایەتی خەڵکی ئێران و قوڵبوونەوەی درزی ناکۆکی نێوان خەڵک و دەسەڵات بوو.
لەماوەی دە ساڵی رابردوودا، چەندین خۆپیشاندانی گەورە لەئێران بەڕێوەچوو، لەو خۆپیشاندانانەدا دەیان هەزار خەڵک کوژران و برینداربوون.
دانیشتوانی ئەو وڵاتە هەمووجارێک بەئومێدەوە دەڕژانە سەر شەقامەکان، بەئومێدی ئەوەی ناڕەزایەتییەکانیان دەستوەردانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و گۆڕانکاریی لێبکەوێتەوە، بەڵام هەموو جارێک نائومێد دەکران.
بەپێی ئەو پەیامانەی لەرێگەی نامەوە بۆیان چووە، یەکێک لەو کارتانەی ئیدارەی ئەمەریکا دەیەوێت سودی لێ ببینێت دژی دەسەڵاتی ئێران سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە، بەڵام وا دیارە خەڵک متمانەی بە پەیامەکان نەماوە.
کاتێک لە خۆپیشاندانەکانی چەند مانگی رابردوودا، خۆپیشاندانەکان لە ئێران تەشەنەیسەند و هەزاران کەس کوژران و برینداربوون، لەپڕ ترەمپ گەلی ئێرانی لەرێگەی دروستبوونەوەی گفتووگۆ و دانوستانەوە نائومێد کرد.
بۆیە نەمانی متمانە لای گەلی ئێران بە رۆژئاوا و ترس لەکوشتن و بڕین، پێناچێت کارتی راپەڕینی خەڵک دژی دەسەڵاتدارانی ئێران ئەو کارتە بێت ئەمەریکا بتوانێت سودی لێوەربگرێت، بەوپێیەی کارتەکە لەلایەن ترەمپەوە سوتێنرا.
کارتی ناکۆکی نێو دەسەڵاتداران
لەکاتێکدا ئەمەریکا نایەوێت هێرشی بەرفراوان بکاتە سەر ئێران، یەکێکیتر لەکارتەکان روودانی لێکترازانە لەنێو هێزە سەربازییەکانی ئێران دا، بەڵام تا ئێستا جڵەوی هێزەکان لەلایەن خامنەییەوە کراوە.
ناکۆکی نێوان موحافیزکارەکان و ریفۆرمخوازەکان و نیگەرانی بەشێکی زۆر لە دەسەڵاتدارانی ئێران لەچۆنیەتی بەڕێوەبردنی وڵات، یەکێکیترە لەو کارتانەی دەکرێت ئەمەریکا لێی سودمەند بێت.
بەشێکی زۆر لە کاربەدەستانی ئێران دژی سیاسەتی ئێستای وڵاتەکەیان و ئەو دۆخە ئابوورییەن کە ئێرانی تێکەوتووە، نیگەرانیشن لە پەراوێزکەوتنی ئێران و دابڕانیان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی.
پێدەچێت کارتی بەکارهێنانی ناکۆکی نێوان دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ روودانی گۆڕانکاری لەو وڵاتە چیتر سودی ئەوتۆی نەبێت، بەتایبەت دوای هەوڵە شکستخواردووەکانی حەسەن رەوحانی بۆ کەنارخستنی خامنەیی و گۆڕینی سیاسەتی وڵاتەکەی.
بەمپێیە کارتی ناڕەزایەتی گەلی ئێران و ناکۆکی نێوان دەسەڵاتدارانی ئێران دوو کارتی بەهێزبوون بەدەست رۆژئاواوە، بەڵام وا دیارە ترەمپ هەر دوو کارتەکەی سوتاند.
گورزی خێرا و سنوردار؛ کارتی دەست ئەمەریکا
دوای سوتاندنی کارتی ناڕەزایەتیی خەڵکی ئێران و شکستهێنان لە سود وەرگرتن لە کارتی بەرپرسە ناڕازییەکانی ئێران، ئەوەی بەدەست ئەمەریکاوە دەمێنێتەوە بەکارهێنانی فشاری زیاترە بۆ ناچارکردنی ئێران بە گۆڕینی سیاسەتەکانی.
یاخود بەکارهێنانی گورزی سەربازی خێرا و سنوردارە لە پێگە سەربازیی و ستراتیژییەکانی ئێران، بە ئامانجی لاوازتر کردنی یان ناچارکردنی بەرێککەوتنێکی لاسەنگ.
یەکێکیتر لەو کارتانەی لە میدیاکانەوە ئاماژەی پێدەکرێت، بەئامانج گرتنی بەرپرسانی باڵای ئێران و گۆڕینی رژێمەکەیە لەمڕێگەیەوە.
بۆیە عەلی خامنەیی لە بڕیارێکی خێرا و کوتوپڕدا و بۆ پاراستنی رژێمی ئێران لە داڕووخان، جێگرەوەی بۆ خۆیی و فەرماندە باڵاکانیش دیاریکرد، ئەمەش بە ئامانجی پاراستنی رژێمی ئێران لە داڕووخان لەئەگەری بەئامانج گرتنی فەرماندە و بەرپرسانی باڵا.
ئەگەرچی ئەمەریکا هێزێکی زۆری هێناوەتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام ناکۆکی نێو ئیدارەی ئەمەریکا و ئامادەگی ئێران بۆ دانوستان، هێشتا ئومێدێکی بۆ رازیبوونی ئێران بەمەرجەکانی ئەو وڵاتە هێشتووەتەوە.
ئەگەر ئێران مل بۆ بەشێک لە خواستەکانی ئەمەریکا بدات، رەنگە ئەمە ئەو دەستکەوتە بێت کە ترەمپ بەدوایدا دەگەڕێت، بەوپێیەی لایەنگرانی لەگەڵ شەڕدا نین و ئەویش دەستکەوتێکی دەوێت تا بەلایەنگرانی بڵێت توانای ملکەچکردنی نەیارەکانی هەیە.
گەر ئێران پێداگیری بکات و مل بۆ بەشێک لە خواستەکانی ئیدارەی ئەمەریکا نەدات، ئەوا ئیدارەی ترەمپ دووچاری ئیحراجییەکی گەورە دەبێت، ئەگەر رێگەچارەی سەربازی بەکارنەهێنێت بەوپێیەی چیتر کارتی هێنانی هێزیش بایەخی نامێنێت.