شکستی پڕۆسەی ئاشتی؛ جموجۆڵی سەربازی تورکیا لە هەرێم مەترسی پرۆسەی ئاشتی دروست دەکات
٢٦ شوبات ٢٠٢٦ - ٣:١٨ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
بەپێی راپۆرتێکی نوێی رێکخراوی سی پی تی ئەمەریکی،لە ڕۆژی ٦ی شوباتدا، بەمەبەستی دروستکردنی ڕێگا و دەروازەی سەربازی، سوپای تورکیا بەشێک لە گرد و چیاکانی نزیک لە (گەلی ڕەشاڤا)ی لە سنوری ناحیەی دێرەلووک، لە قەزای ئامێدی تەقاندەوە و بەشێکی زۆری دارستانەکانی دەووروبەری گەلیەکەشی بڕیووەتەوە.
بەپێی راپۆرتەکە، سوپای تورکیا پڕۆژەی ڕێگاوبانی سەربازی بۆ بەیەکەوە بەستنەوەی بنکە و بارەگاکان و دروستکردنی (ناوچەی دابڕی ئەمنی) لە (زاپ، ئاڤاشین، مەتینا و بەرواری باڵا) تەواو کردووە و دەروازەی ناوچە دابڕەکەش گەلی ڕەشاڤایە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە: سوپای تورکیا، سێ کۆمەڵگەی سەربازی نوێی گەورەی لە سنوری قەزای ئامێدی دروستکردووە و ئەو کۆمەڵگە سەربازییانە لە (نەخۆشخانە، بنکەی مەشق و ڕاهێنان و تۆپخانە) پێکهاتوون.
هەروەها ئاماژەوە بەوەکراوە، لە ڕۆژی ٧ی شوباتدا، دوو هەلیکۆپتەری سەربازی تورکیا، بەسەر چیای مەتینادا سوڕانەوە و وەکو بەشێک لە مەشقی سەربازی، بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمەڵگە سەربازییە تازە دروستکراوەکاندا پریشکەی تەقەمەنییان بەسەر چیاکەدا خستە خوارەوە.
هەر بەپێی راپۆرتەکە، لە ڕۆژی ١٣ی شوباتدا، تۆپخانەکانی تورکیا سێ جار تۆپبارانی کوێستانەکانی (خنێرە)یان لە سنوری قەزای سیدەکان لە پارێزگای هەولێر کرد.
راپۆرتی رێکخراوە ئەمەریکییەکە دەڵێت: تەقاندنەوەی گرد و شاخەکانی گەلی ڕەشاڤا، بوونەتە هۆی داڕمانی دوو شوێنەواری مێژوویی دیاری ناوچەکە، کە یەکێکیان پردی (دووشاو)ە و مێژووی دروستکردنی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی حکومڕانی دەوڵەتی عەباسی.
دەشڵێت: لە (١،١٩٢) گوند کە کاریگەری بۆردوومان و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای تورکیایان لەسەر بووە، تەنیا گوندنشینانی (٥) گوند دەرئەنجامی ئەرێنی پڕۆسەی ئاشتیان بەدی کردووە و توانیویانە بگەڕێنەوە بۆ گوندەکانی خۆیان، کە ئەمەش تەنیا ڕێژەی (٠،٤٪)ی ئەو گوندانە پێکدەهێنێت کە کاریگەری بۆردوومانەکانییان لەسەر بووە.
ناوەرۆکی راپۆرتەکە ئەوەی تێدا خراوەتەڕوو، لە ساڵی ٢٠٢٥دا، سوپای تورکیا (١،٧١٨) هێرش و بۆردوومانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە، کە لەم ژمارەیە (١،٤٢٦) هێرشیان لەدوای ڕاگەیاندنی پڕۆسەی ئاشتی بوون و (٩) هاووڵاتی مەدەنیش بوونەتە قوربانی ئەو هێرش و بۆردوومانانە.
تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی CPT، نیگەرانی خۆی لە فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای تورکیا، دروستکردنی بارەگای سەربازی نوێ، بەهێزترکردنی بارەگا سەربازییە کۆنەکان ، بنیاتنانی ڕێگەی سەربازی، تەقاندنەوەی چیاکان و بڕینەوەی دارستانەکان دەردەبڕێت. لەهەمانکاتدا، داوای هەنگاوی ڕژدتر لە تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان دەکات بۆ بەرەوپێشبردنی پڕۆسەی ئاشتی و کشانەوە لە ناوچە مەدەنی نشینەکان.