تورکیا بەشوێن پێی ئێران دا هەنگاو دەنێت؛ ئایا ناکۆکی نێوان تورکیا و ئیسرائیل دەتەقێتەوە؟
٢٦ شوبات ٢٠٢٦ - ٣:٢٠ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دوای لاوازبوونی رۆڵی ئێران لەناوچەکە و نینۆککردنی ئەو وڵاتە لە یەمەن و لوبنان و وڵاتانی تر، ئەو بۆچوونە لای ئیسرائیلییەکان دروستبووە کە تورکیا دەیەوێت بەشوێن پێی ئێران دا هەنگاو بنێت.
جوڵەی تورکیا لەناوچەکە نەک بەدڵی ئیسرائیلییەکان نییە، بەڵکو بەرپرسانی ئیسرائیل وا لە دۆخەکە دەڕوانن تورکیا خەریکە دەبێتە جێگرەوەی ئێران لە دروستکردنی مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی وڵاتەکەیان.
تورکیا و هەوڵی پەلهاویشتن بۆ ناوچەکە
ئێران پێشتر هەوڵی پەلهاویشتنی بۆ عێراق و لوبنان و سوریا و یەمەن دەدا و پاڵپشتی گروپە چەکدارەکانی ئەو وڵاتانەی دەکرد، هەر ئەمەش وایکرد ناکۆکی نێوانی لەگەڵ ئیسرائیل قوڵتر ببێتەوە.
لەکاتێکدا ئێستا تورکیا هاوشێوەی ئێران هەوڵی پەلهاویشتن بۆ وڵاتانی دەوروبەری دەدات، بەتایبەت تا ڕادەیەکی زۆر سوریای کۆنترۆڵکردووە و هەوڵی هەژموونی زیاتر لە عێراق و لیبیا و وڵاتانی تر دەدات.
مەترسی ئیسرائیل لە جوڵەکانی تورکیا لەکاتێکدایە جوڵەی ئەو وڵاتە لە زۆر رووەوە هاوشێوەی جوڵەکانی رابردووی ئێرانە، بەتایبەت تورکیا هاوشێوەی ئێران وەکو نەیاری ئیسرائیل مامەڵە دەکات و پاڵپشتی ئەو گروپانەش دەکات کە دژی ئیسرائیلن.
وەکچۆن ئەو گروپانەی پێشتر لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکران هەمیشە لەپێکداداندا بوون لەگەڵ ئیسرائیل، ئەو گروپانەش ئێستا نزیکن لە تورکیاوە چاوەڕوانی ئەوەیان لێدەکرێت بە ئاسانی دژی ئیسرائیل بەکار بهێنرێن.
تورکیا تەنها لەرێگەی هەوڵی پەلهاویشتن و پاڵپشتی گروپە چەکدارەکانی ناوچەکە ترسی لای ئیسرائیل دروست نەکردووە، بەڵکو نزیکایەتی لەگەڵ پاکستان و سعودیە و قەتەر بەلای ئیسرائیلییەکانەوە مایەی مەترسی گەورەترە.
بۆیە ئەگەر لەئێستادا بەرەنگاربوونەوەی ئێران بۆ ئیسرائیل ئەولەویەت بێت، چاودێران پێیانوایە لە قۆناغی داهاتوودا گەورەبوونەوەی ناکۆکی نێوان ئیسرائیل و تورکیا چاوەڕوانکراو و پێشبینی بۆ کراوە.
ئەوەی وادەکات ناکۆکی نێوان ئیسرائیل و تورکیا لە داهاتوودا قوڵتر ببێتەوە، ئەوەیە هەردوو وڵات وەکو دوو زلهێزی ناوچەکە مامەڵە دەکەن، ئەمەش ئەگەری ناکۆکی قوڵترکردنەوەی ناکۆکی نێوانیان بەهێزتر دەکات.
کۆنترۆڵکردنی سوریا لەلایەن تورکیاوە بۆ ئیسرائیلییەکان مایەی نیگەرانییەوە، ئەمە جگە لەوەی تورکیا هەوڵی جێگرتنەوەی ئێران دەدات لەهەژموونی سەر بزووتنەوەی حەماس، هەموو ئەمانە بەلای ئیسرائیلەوە قەبوڵ نەکراون.
تورکیا لە لیبیا
تورکیا بوونی سەربازی هەیە لە لیبیا و ئەمەش چوارچێوەی یاسایی و سیاسی بۆ دانراوە، بەوپێیەی لەساڵی 2019 یاداشتی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ حکومەتی پێشووی ئەو وڵاتە واژۆ کردووە.
لە مانگی یەکی ساڵی 2020، پەرلەمانی تورکیا یاسایەکی پەسەند کرد بۆ ناردنی هێز و راوێژکاری سەربازی بۆ لیبیا، ئەمەش وەکو وەڵامدانەوەی داواکاری حکومەتی لیبیا لەوکاتەدا.
ناردنی هێز و راوێژکاری سەربازی بۆ لیبیا لەلایەن تورکیاوە بۆ دانانی بەربەستبوو لەبەردەم هێرشی هێزەکانی خەلیفە حەفتەر، ئەمەش گۆڕانکاری لە باڵانسی هێز لەو وڵاتە دروستکرد.
تورکیا هۆکاری دەستوەردانی لە لیبیا بۆ پارێزگاریکردن لەبەرژەوەندییە نیشتیمانییەکانی لەچوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتی دەگێڕێتەوە، بەبیانووی بەشداریکردن لە سەقامگیریی و رێگرتن لە ئاژاوە لەو وڵاتە.
تورکیا کۆتایی ساڵی رابردوو، یاداشتێکی نوێی رەوانەی پەرلەمان کرد بۆ درێژکردنەوەی وادەی ئەرکی هێزەکانی لە لیبیا بۆ ماوەی 24 مانگ، ئەمەش وا لێکدەدرێتەوە دەیەوێت بەردەوامی بەبوونی هێزەکانی لەو وڵاتە بدات.
تورکیا و دەستوەردان لە یەمەن
تورکیا تەنها بەدەستوەردان لەکاروباری لیبیاوە نەوەستاوە، بەڵکو دەیەوێت رۆڵی لە یەمەنیش هەبێت، دوای ئەوەی ناکۆکی نێوان سعودیە و ئیمارات لەسەر یەمەن گەیشتە لێواری ئاڵۆزیی.
هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا، رایگەیاند: کۆتاییهێنان بە بوونی ئیمارات لە یەمەن و راگرتنی پاڵپشتییەکانی بۆ هێزەکانی ئەو وڵاتە، چارەسەرە بۆ قەیرانەکانی ئەو وڵاتە.
وتیشی: قەیرانی یەمەن دۆخێک نییە تورکیا خواستی هەبێت لەسەری.
لێدوانی بەرپرسانی تورکیا لەسەر بارودۆخی یەمەن لەکاتێکدایە، ناکۆکی لەنێوان سعودیە و ئیمارات لەو وڵاتە دروستبووە و تورکیا زیاتر پاڵپشتی سعودیە و قەتەر دەکات، بەڵام ئیمارات لەمکاتەدا لە ئیسرائیلەوە نزیکترە.