پابلۆ ئیسکۆبار؛ ئەو مافیا گەورەیەی ئێستاش شوێن پێی هەڵدەگیرێت
٢٦ شوبات ٢٠٢٦ - ٤:١٢ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لەگەڵ روودانی ئاڵۆزییەکانی مەکسیک بەهۆی شەڕی نێوان حکومەت و باندەکانی تایبەت بە قاچاخچێتیکردن بە ماددەی هۆشبەر، جارێکی تر ناوی پابلۆ ئیسکۆباری پادشای کۆکایین بوویەوە باسی گەرمی میدیاکان.
پابلۆ ئیسکۆبار کێبوو؟
پابلۆ ئیسکۆبار کوڕی جوتیارێکی کۆڵۆمبی بوو، لەساڵانی نێوان 1980 بۆ 1990 بەقاچاخچێتی کۆکایین ناوی دەرکرد و دواتر نازناوی پادشای کۆکایینی لێنرا. ئەو سەرۆکایەتی باندێکی بەناوی مێدێڵین کارتێڵی دەکرد، باندەکەی بازرگانی کۆکایینی لەنێوان ئەمەریکا و کۆڵۆمبیا قۆرخکردبوو.
ئیسکۆبار، بەگەورەترین و دەوڵەمەندترین بازرگانی ماددەی هۆشبەر لەمێژووی مرۆڤایەتی دادەنرێت و سامانەکەی گەیشتە 30 ملیار دۆلاری ئەمەریکی ئەوکاتەی کە کوژرا، کە یەکسانە بە سەرووی 60 ملیار دۆلار بۆ سەردەمی ئێستا.
هەرچەندە زیاتر لە سێ دەیە بەسەر کوژرانی ئیسکۆباردا تێپەڕیووە، بەڵام کاتێک دۆسیەی باندە مافیاییەکانی تایبەت بە قاچاخچێتی ماددەی هۆشبەر هەڵدەدرێتەوە، ناوی دەهێنرێتە بەر باس و چەندین گۆرانی و فیلمیش لەسەر ژیانی بەرهەمهێنراون.
دەوترێت کاتێک لەنێوان ساڵانی 1992 بۆ 1993 لەگەڵ کچەکەی هەڵهاتووە، ئیسکۆبار دوو ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی سوتاندووە بۆ ئەوەی کچەکەی گەرمبکاتەوە و سەرمای نەبێت.
بەپێی سەرچاوە بەریتانییەکان، لە کۆتایی ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوودا، ئیسکۆبار ئامادەیی دەربڕیووە 10 ملیار دۆلار بدات بە حکومەتی کۆڵۆمبیا بۆ ئەوەی قەرزەکانی بداتەوە بەو مەرجەی لێبوردنی بۆ دەربکرێت.
ئیسکۆبار؛ لە بازرگانیکردن بە کۆکایینەوە بۆ سیاسەت و کاری خێرخوازی
تا لەژیاندا بوو، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەوڵی دەدا بەزیندوویی دەستگیری بکات، بەڵام ئیسکۆبار خۆی رادەست نەدەکرد، تا ئەوکاتەی تیمی هاوبەشی دەزگای دژەهۆشبەری ئەمەریکا و پۆلیسی کۆڵۆمبیا لە لەمانگی 12ـی ساڵی 1993، لەکاتی راوەدوونانی لەسەربانی خانوویەک کوشتیان.
ئیسکۆبار لەماوەی 10 ساڵدا توانی ئیمپراتۆریەتێکی گەورەی تاوانکاری بچەسپێنێت، تۆمەتبار دەکرێت بەوەی لەسەر فەرمانی ئەو 657 پۆلیس و ئەفسەر کوژراون.
ئیسکۆبار لە سەرەتای ساڵانی هەشتاکان بووە ناوێکی گەورەی بواری قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان، بەو پێیەی لە رێگەی گروپەکەیەوە چالاکییەکانی کۆکاینی لە بەرهەمهێنانەوە تا بەکارهێنان قۆرخ دەکرد، زیاتر لە 80%ی بەرهەمی جیهانیی و 75%ی بازاڕی ماددەی هۆشبەری بۆ ئەمەریکا دابین دەکرد.
لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، ئیسکۆبار هەوڵیدا وێنەی لەکەداری خۆی بگۆڕێت لە رێگەی ئەنجامدانی کاری خێرخوازی و چوونی بۆ ناو سیاسەت.
لە ساڵی 1982 کورسییەکی لە ژووری نوێنەرانی کۆڵۆمبیا وەرگرت بە بیانوی ئەوەی لەو ڕێگەیەوە دەیەوێت خزمەت بە خەڵک بکات، بۆیەهەستا بە دروستکردنی خانوو و یاریگای تۆپی پێ لە ڕۆژئاوای کۆڵۆمبیا.بەمشێوەیە ناوبانگێکی زۆری لە نێو دانیشتوانی ئەو شارانەدا بەدەستهێنا کە زۆر سەردانی دەکردن.
لە ساڵی 1983 بە بڕیاری ڕاستەوخۆی وەزیری داد "ڕۆدر یگولارا" کورسییەکەی لێوەرگیرایەوە، دوای ئەوەی زۆربەی ڕۆژنامەکان چەندین راپۆرتیان لەسەر کارە نایاساییەکانی بڵاوکردەوە.
دوای چەند مانگێک، ئەو دادوەرەو ئەوکەسانەشی کە دەستیان هەبوو لە ئاشکراکردنی کارە نایاساییەکانی، بە فەرمانی ڕاستەوخۆی پابلۆئیسکۆبار کوژران.
لە ساڵی 1985 بازرگانی مادەی هۆشبەر و کارتێلەکان لە کۆڵۆمبیا گەشەیان کرد و شەڕیان لە دژی حکومەت دەستپێکرد، ئەمەش نیگەرانی سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی کۆڵۆمبیای لێکەوتەوە، بەوپێیەی سەرۆکوەزیران بڕیاری بەرەنگاربوونەوەیان و رادەستکردنی بە ئەمەریکا دان.
دوای شکستهێنانی چەند هەوڵێکی دانوستان و ڕفاندن و تیرۆرکردنی دادوەر و بەرپرسانی گشتی، کارتێلی مێدێلین لە ساڵی 1989 بەسەرۆکایەتی ئیسکۆبار شەڕی تەواوەتی دژی دەوڵەت ڕاگەیاند.
ئیسکۆبار تۆڕێکی بە فراوانی لە دڵسۆزانی خۆی ڕێکخست و پشتیوانی دارایی لێکردن، تا کەسایەتییە سەرەکییەکانی نێو دامودەزگان بکوژن لە رێگەی بە بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو لە شارە سەرەکییەکانی وڵاتدا.
دوای دامەزراندنی ئەنجومەنی نیشتمانی کۆڵۆمبیا لە ساڵی 1991، کە ڕادەستکردنەوەی هاووڵاتییانی کۆڵۆمبی بەئەمەریکا قەدەغە کرد، ئیسکۆبار بڕیاریدا خۆی رادەستی دادگا بکات.
ئیسکۆبار لە گرتووخانەی "لوکس لا کات دراڵ" دەست بەسەربوو، بەڵام دەرکەوت لە زیندانیشدا دەستی هەبووە لە تاواندا، بۆیە گواسترایەوە بۆ زیندانێکی تر و ئەمەش وایکرد پلانی هەڵهاتن دابڕێژێت و هەڵبێت.
دوای 17 مانگ هەوڵدان بۆ دەستگیرکردنەوەی، ئیسکۆبار لەلایەن تیمی هاوبەشی دەزگای دژەهۆشبەری ئەمەریکا و پۆلیسی کۆڵۆمبیا لە لەمانگی 12ـی ساڵی 1993، لەکاتی راوەدوونانی لەسەربانی خانوویەک کوژرا.
پارەکانی ئیسکۆبار لەژێر زەمینەکاندا
بەپێی راپۆرتێکی رێد ماس نوتیسیاسی کۆڵۆمبی، لەمانگی 9ـی ساڵی 2020، برازایەکی پابلۆ ئیسکۆبار، حەشارگەیەکی مامی دۆزیوەتەوە کە 18 ملیۆن دۆلاری تێدا بووە.
نیکۆلاس ئیسکۆبار، برازای پابلۆ ئیسکۆبار، ئەوکات بە میدیاکانی راگەیاند، حەشارگەکە لەنێو ماڵێکدا بووە، کە ماوەی چەندین ساڵە تێیدا نیشتەجێیە و لە شاری میدیلینە. نیکۆلاس شانازی بە مامیەوە کرد و ئاشکرایکر، پێشتریش چەندین حەشارگەی نهێنیی پارەکانی مامی دۆزیوەتەوە.
ئەوکات ئاژانسی هەواڵیی ئەڵمانی، دۆیچە ڤێلـلەر لەبارەی ماڵەکەی نیکۆلاس دەڵێت، پێشتر ئیسکۆباری مامی لەو خانووەدا نیشتەجێبووە کە پارەکەی تێدا دۆزراوەتەوە.
نیکۆلاس بە ئاژانسە ئەڵمانییەکەی راگەیاند، ماوەیەک لەمەوبەر هەستی بە بوونی شتێکی نهێنی لە ماڵەکەدا کردووە، پاش گەڕان بەناویدا، حەشارگەیەکی دۆزیوەتەوە کە کیسەیەکی پلاستیکیی بۆن ناخۆشی تێدابووە.
ئەوەی ئەوکات بۆ برازاکەی ئیسکۆبار ناخۆش بوو، وەکو رایگەیاند ئەوەبوو کە پارەکانی ناو کیسە پلاستیکییەکە لە "دۆخێکی یەکجار خراپدا بوون و کەڵکی بەکارهێنانیان نەمابوو."
بەپێی ئاژانسە ئەڵمانییەکە، لەنێو هەمان حەشارگەدا، بڕێک زێڕ، ئامێری لاسلکی [وایەرلێس]، کاسێتی ڤیدیۆیی، ئامێرێکی چاپ، قەڵەم و کامێرا دۆرزراونەتەوە، بەڵام هێشتا کاسێتەکە نەپشکنراوە و نازانرێت چی لەسەر تۆمارکراوە.
ئەوە یەکەمجار نەبوو حەشارگەی پارەکانی ئیسکۆبار لە کۆڵۆمبیادا ئاشکرا دەبن، چونکە ئەو سەرکردە مافیایە کاتێک لە ژیاندا بوو بەشێکی زۆری پارەکانی لە شوێنی جیاواز لەژێر زەوی و حەشارگە نهێنییەکاندا شاردووەتەوە.