دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ باراک؛ چانسی مالیکی بۆ گەڕانەوە چەندە؟

٢٧ شوبات ٢٠٢٦ - ٦:٥٤ پاش نیوەڕۆ

دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ باراک؛ چانسی مالیکی بۆ گەڕانەوە چەندە؟

پەنجەرە

نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، لە هەوڵدایە پێگەی خۆی لە هاوکێشە ناوخۆیی و دەرەکییەکاندا جێگیر بکات، بەڵام ئارەزووی گەڕانەوەی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بووەتەوە.


کۆبوونەوەی لەگەڵ نێردەی ئەمریکا

لە دوایین جوڵەیدا، مالیکی پێشوازی لە "تۆم باراک"، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا کرد. لەم کۆبوونەوەیەدا، مالیکی پەیامێکی ڕوونی دا بە واشنتن و جەختی لە "پاراستنی سەروەریی عێراق، ڕێزگرتن لە بژاردەی گەل و سەقامگیری سیاسی" کردەوە. لە بەرامبەردا، نێردە ئەمریکییەکە ڕۆڵی عێراقی لە هێورکردنەوەی ململانێکانی ناوچەکە و دیالۆگ و دژایەتیکردنی تیرۆر بەرز نرخاند.

هێشتا نازانرێت لە کۆبوونەوەکەدا چی وتراوە لەسەر ئەگەری دووبارە دانانەوەی مالیکی بە سەرۆک وەزیران، بەڵام پێناچێت ئاڵوگۆڕێک لە هەڵوێستی ئەمەریکا بەرامبەری بەدییهاتبێت کە بە توندی دژی دانانەوەی بوو.


دابەشبوونی ماڵی شیعە لەسەر مالیکی

ئەم پێشهاتە لەکاتێکدایە کە لەسەر ئاستی ناوخۆیی، پرسی کاندیدکردنەوەی مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، "چوارچێوەی هەماهەنگی" کە گەورەترین کوتلەی شیعەیە لە پەرلەمانی عێراق، بوون بە دوو بەرەوە:

بەرەی پاڵپشتیکار: (وەک دەوڵەتی یاسا، بەدر و فەزیلە) پێیانوایە مالیکی دەتوانێت دۆسیە ئاڵۆزە ئەمنی و ئابوورییەکان بەڕێوە ببات.

بەرەی ڕەتکەرەوە: (وەک عەسائیبی ئەهلی حەق، ڕەوتی حیکمە و هاوپەیمانی ئەساس) بە توندی دژی دانانەوەین.

ئایا چانسی مالیکی ماوە یان کۆتایی هاتووە؟

لەم نێوەندەدا ئەوەی پرسیاری سەرەکییە، سوتانی کارتی مالیکییە یان وەرگرتنەوەی پۆستەکەیە.

بەپێی بۆچوونی چاودێران و شارەزایانی سیاسی، چانسی مالیکی هێشتا بەتەواوی کۆتایی نەهاتووە، بەڵام زۆر لاواز و سەختە. هۆکارە سەرەکییەکانیش بریتین لە دابەشبوونی توندی ناوخۆی چوارچێوەی هەماهەنگی، لەگەڵ بوونی "ڤیتۆی ئەمریکی" لەسەر کەسایەتییەکەی، کە تەنانەت هاوپەیمانەکانیشی دەترسێنێت لە دروستبوونی کێشە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

سەرەنجام بۆ ئەوەی مالیکی ببێتەوە بە سەرۆک وەزیران، پێویستی بە سازش و ڕێککەوتنێکی ناوخۆیی و دەرەکیی زۆر قورس هەیە. ئەگەر ئەمە ڕوونەدات، بژاردەی بەهێزتر ئەوەیە چوارچێوەی هەماهەنگی کاندیدێکی جێگرەوەی نوێ پێشکەش بکات بۆ ئەوەی وڵات تووشی چەقبەستوویی و قەیرانی زیاتر نەبێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو