لە دۆستایەتییەوە بۆ شەڕێکی کراوە؛ ناکۆکی پاکستان و ئەفغانستان لەسەر چییە؟
٢٧ شوبات ٢٠٢٦ - ٦:٥٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لەم ڕۆژانەی دواییدا، گرژییە مێژووییەکانی نێوان پاکستان و ئەفغانستان تەقینەوە و گەیشتنە ئاستی "شەڕێکی کراوە". ئەم ڕاپۆرتە پوختەی ڕووداوەکان و هۆکارەکانی ئەو ململانێیە دەخاتە ڕوو.
شەڕەکە چۆن بووە و چی ڕوویداوە؟
پریشکی یەکەمی شەڕەکە ڕۆژی ٢٢ـی ئەم مانگە (شوبات) هەڵگیرسا، کاتێک فڕۆکە جەنگییەکانی پاکستان بۆردومانی چڕی چەند ناوچەیەکی ئەفغانستانیان کرد، بە پاساوی لێدانی بنکەکانی "تاڵیبانی پاکستان" و داعش.
چوار ڕۆژ دواتر، وەک کاردانەوەیەک، سوپای ئەفغانستان هێرشیکردە سەر بنکە سەربازییەکانی پاکستان لەسەر هێڵی سنووریی دیورەند. بەپێی وتەی خۆیان دەستیان بەسەر ١٩ خاڵی سەربازیدا گرتووە و دەیان سەربازی پاکستانییان کوشتووە و بەدیل گرتووە.
بەدوای ئەمەدا سوپای پاکستان ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی بەناوی "تووڕەیی بۆ حەق" ڕاگەیاند. بۆ یەکەمجار هێرشی ئاسمانی و مووشەکی کردە سەر شارە گەورەکانی وەک کابول و قەندەهار. وەزیری بەرگریی پاکستان بە فەرمی ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی چووەتە نێو "شەڕێکی کراوە" لەگەڵ تاڵیبان.
هۆکارەکانی شەڕەکە چین؟
بەگشتی شرۆڤەکاران و سەرچاوە میدیاییەکان، ٣ خاڵ وەکو هۆکاری شەڕەکە دەبینن:
١. پەناگەی چەکداران:
پاکستان تاڵیبانی ئەفغانستان تۆمەتبار دەکات بە حەواندنەوەی چەکدارانی "تاڵیبانی پاکستان" و بەکارهێنانی خاکی ئەفغانستان بۆ هێرشکردنە سەر ناوخۆی پاکستان.
٢. پێشێلکردنی سەروەریی:
تاڵیبان هێرشە ئاسمانییەکانی پاکستان بە بەزاندنی سەروەریی خاکەکەی دەزانێت و وەڵامدانەوەی سەربازی بە مافی خۆی دەزانێت.
٣. قەیرانی ناوخۆیی و شکستی دیپلۆماسی:
هەردوو وڵات بەدەست قەیرانی قووڵی ئابووری و ناسەقامگیرییەوە دەناڵێنن، هاوکات هەوڵەکانی پێشووی نێوەندگیری بۆ ئاگربەست بەتەواوی شکستیان هێنا.
هۆکارە کاریگەرەکە؛ هیندستان لە هاوکێشەکەدا
سەرەڕای دوژمنایەتیی مێژوویی، هیندستان پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاڵیبان ئاسایی کردووەتەوە و لە نوێترین هەنگاویشدا باڵیۆزخانەکەی لە کابول کردەوە.
ئامانجی سەرەکیی هیندستان دروستکردنی ڕێڕەوێکی بازرگانییە لەگەڵ ئەفغانستان لە ڕێگەی بەندەری "چابەهار"ـی ئێران، بۆ ئەوەی بەتەواوی خۆی لە بەکارهێنانی خاکی پاکستان بپارێزێت.
ئەم کارە بە دڵی پاکستان نییە کە مێژوویەکی هەیە لە دوژمنایەتی لەگەڵ هیندستان.
پاکستان پێیوایە تاڵیبان بووەتە "بریکاری هیندستان" و ئەم نزیکبوونەوەیە وادەکات پاکستان لە هەردوو بەرەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواوە بکەوێتە ژێر مەترسیی و هەڕەشەی ئەمنییەوە.
هەر بۆیە شرۆڤەکاران وایدەبینن ئەم ململانێیە تەنیا شەڕێکی سنووریی نییە، بەڵکو گەمەیەکی جیۆپۆلەتیکییە کە ئەگەر چارەسەر نەکرێت، ڕەنگە ئاسایشی تەواوی ناوچەکە تێکبدات.