سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق لەپشت هەوڵەکانی دوورخستنەوەی مالیکییەوەیە

٢٨ شوبات ٢٠٢٦ - ٢:٤١ پێش نیوەڕۆ

سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق لەپشت هەوڵەکانی دوورخستنەوەی مالیکییەوەیە

پەنجەرە

سەرچاوەیەکی نزیک لەدەوڵەتی یاسا دەڵێت، گروپە چەکدارە شیعەکان و چەند سەرکردەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگی گرفت بۆ کاندیدکردنەوەی نوری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دروست دەکەنەوە.

سەرچاوە نزیکەکە لە دەوڵەتی یاسا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: محەمەد حەلبوسی سەرۆکی هاوپەیمانی تەقەدومیش چووەتە پاڵ گروپە چەکدارەکان بۆ دژایەتیکردنی مالیکی.

سەبارەت بە دەنگۆی هەڕەشەکردنی مالیکی لە حەلبوسی بەوەی دۆسیەی یاسایی بۆ دروست دەکات لە ئەگەری گەڕانەوەی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، سەرچاوەکە وتی"چەند رۆژێک لەمەوبەر لەگەڵ مالیکی دانیشتین، بەهیچ جۆرێک باسی حەلبوسی نەکرد و ئەو قسانە ناڕاستن، چونکە مالیکی وەکو موراهیقی سیاسی لە حەلبوسی دەڕوانێت.

بەپێی وتەی سەرچاوەکە، گروپە چەکدارەکان ترسیان لەوە هەیە مالیکی هەوڵی لەقاڵبدانیان بدات بۆیە دژایەتی دەکەن، عەمار حەکیم و خەز عەلیش نایانەوێت ناوبراو پۆستی سەرۆکوەزیران وەربگرێتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە، ئەو گروپەی دژی گەڕانەوەی مالیکین بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەلایەن فایەق زەیدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراقەوە پاڵپشتی دەکرێن، ئەمەش وایکردووە بەهێزتر دەربکەون بەوپێیەی زەیدان خاوەن دەسەڵاتێکی بەهێزە لە عێراق دا.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو