ستراتیژی "سەری ڕم"؛ بۆچی ئیسرائیل کرا بە ڕووکاری هێرش بۆ سەر ئێران؟

٢٨ شوبات ٢٠٢٦ - ٣:٢٥ پاش نیوەڕۆ

ستراتیژی "سەری ڕم"؛ بۆچی ئیسرائیل کرا بە ڕووکاری هێرش بۆ سەر ئێران؟

پەنجەرە

هەرچەندە هێرش بۆ سەر ئێران بە هەماهەنگییەکی تەواوی ئەمەریکی-ئیسرائیلی بەڕێوەدەچێت، بەڵام واشنتۆن بڕیاریدا تەلئەبیب لە "واجیهە" و ڕووکاری پێشەوەی هێرشەکە بێت.

لێرەدا هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم ستراتیژییە دەخەینەڕوو.

١. پاراستنی ناوخۆی ئەمەریکا و ڕۆڵی "ناوبژیوان"

ئیدارەی ترەمپ نایەوێت ڕاستەوخۆ بچێتە ناو شەڕێکی درێژخایەن کە باجی سیاسی و ئابووری لە ناوخۆی ئەمەریکا لێ بکەوێتەوە.

بە دانانی ئیسرائیل لە پێشەوە، واشنتۆن خۆی لە لێکەوتەی گرانی شەڕ دەپارێزێت و لە هەمان کاتدا دەرفەت بۆ خۆی دەهێڵێتەوە تاوەکو دواتر وەک "ناوبژیوانێکی بەهێز" دەربکەوێت بۆ سەپاندنی مەرجەکانی لە هەر ڕێککەوتنێکی نوێدا.

٢. دابەشکردنی ئەرکەکان (تەکنەلۆژیا بۆ ئەمەریکا و لێدان بۆ ئیسرائیل)

لە کاتێکدا فڕۆکە پێشکەوتووەکانی ئەمەریکا وەک (F-22) پارێزبەندیی ئاسمانی و تێکشکاندنی ڕادارەکان دابین دەکەن، ئیسرائیل ئەرکی لێدانە ڕاستەوخۆکانی گرتووەتە ئەستۆ. ئەمەش بە ئامانجی چەسپاندنی چەمکی "بەرگریی سەربەخۆ"ـی ئیسرائیلە، تاوەکو نیشانی بدات تەلئەبیب دەتوانێت بەبێ جووڵانی سوپای ئەمەریکا، هەڕەشە بوونگەراییەکان لەناو ببات.

٣. کاتکردنەوەی ناوخۆیی و لاوازکردنی شەرعییەت

هێرشەکە لە کاتێکدایە کە ئێران بەدەست ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکانەوە دەناڵێنێت. ستراتیژییەکە ئەوەیە کە نیشانی بدەن سیستەمی بەرگریی ئێران لە بەردەم ئیسرائیلدا دەستەوەستانە؛ ئەمەش بە ئامانجی شکاندنی شکۆی دەسەڵات و هاندانی زیاتری شەقام بۆ داڕمانی ناوخۆیی.

شیکەرەوان کۆکن لەسەر ئەوەی ئیسرائیل لەم جەنگەدا ڕۆڵی سەری ڕم دەبینێت بۆ پڕۆژەیەکی هاوبەش کە ئامانجەکەی گۆڕینی بنەڕەتیی یاساکانی یارییەکەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە کاتێکدا ئەمەریکا لە پشتەوە هەموو پشتیوانییەکی لۆجیستی و هەواڵگریی بۆ سەرکەوتنی لێدانەکان دابینکردووە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو