عەلی شەمخانی؛ ئەندازیاری ئەمنیی ئێران
١ ئازار ٢٠٢٦ - ٨:٠٠ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە دوای هێرشەکانی ئەمڕۆی ئیسرائیل و ئەمەریکا بۆ سەر ئێران، شەپۆلێک لە دەنگۆی بەهێز بڵاوبووەوە سەبارەت بە کوژرانی عەلی شەمخانی، یەکێک لە دیارترین سەرکردە سەربازیی و سیاسییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەگەرچی سەرچاوە ئێرانییەکان ئەم دەنگۆیەیان ڕەتکردەوە.
ئەمەش پرسیاری ئەوەی هێناوەتە ئاراوە کە عەلی شەمخانی کێیە و بۆچی بووەتە جێگەی سەرنجی ململانێ سەربازیی و هەواڵگرییەکانی ناوچەکە؟
باکگراوندی سەربازیی و پێگەی ستراتیژیی
عەلی شەمخانی (لەدایکبووی ١٩٥٥ لە شاری ئەهواز)، تاکە سەرکردەی بەرەچەڵەک عەرەبە کە لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩ـەوە گەیشتووەتە بەرزترین لوتکەی دەسەڵاتی سەربازیی و دیپلۆماسی لە ئێران.
ئەو یەکێکە لە دامەزرێنەرانی سوپای پاسداران و تاکە سەرکردەیە لە مێژووی ئێراندا کە لە یەک کاتدا فەرماندەیی هێزی دەریایی سوپای پاسداران و سوپای نیشتمانی (ئەرتەش)ـی کردووە و هەڵگری پلەی سەربازیی باڵای "ئەدمیڕاڵ"ـە.
ئەندازیاری ئاسایشی نەتەوەیی و دیپلۆماسی
شەمخانی کەسایەتییەکی ئەمنیی دامەزراوەییە، لە نێوان ساڵانی ١٩٩٧ بۆ ٢٠٠٥ وەزیری بەرگریی ئێران بووە. پاشان بۆ ماوەی دە ساڵ (٢٠١٣-٢٠٢٣) پۆستی سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانی وەرگرت.
لەو ماوەیەدا سەرپەرشتی هەستیارترین دۆسیەکانی کردووە، لەوانە: ململانێ و دانوستانە ئەتۆمییەکان، بەڕێوەبردنی قەیرانە ناوخۆییەکانی ئێران و تۆڕی هەژموونی ئێران لە دەرەوە و پشتگیریکردنی ئەوەی بە "میحوەری بەرگری" ناسراوە.
دیارترین دەستکەوتی دیپلۆماسیی ئەو، سەرکردایەتیکردنی شاندی ئێران بوو لە پەکین (ئاداری ٢٠٢٣) کە بووە هۆی ڕێککەوتنی مێژوویی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی و سعودیە.
تێڕوانینی سیاسی؛ پراگماتیزمێکی وریایانە
سەرەڕای پاشخانە سەربازییەکەی و هەژمارکردنی وەک یەکێک لە "هەڵۆکانی" سیستەمی ئێرانی، شەمخانی وەک کەسایەتییەکی "پراگماتیست و مامناوەند" دەناسرێت. ئەو توانایەکی بێوێنەی هەیە لە دروستکردنی هاوسەنگی لە نێوان باڵی ڕیفۆرمخواز و پارێزگاراندا.
لە ڕووی دەرەکییەوە، لە کاتێکدا گومانی زۆری لە بەڵێنەکانی ڕۆژئاوا هەیە و پەیڕەوی لە تێکشکاندنی دوژمن دەکات، بەڵام هەمیشە کراوە بووە بۆ دیپلۆماسی و هێورکردنەوەی گرژییەکان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی.
ئەو ئێستا شەمخانی وەک ڕاوێژکاری سیاسیی عەلی خامنەیی (ڕێبەری باڵای ئێران) و ئەندامی ئەنجوومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕژێم کاردەکات.
ئەمە دووومجارە کە ناوی ئەو وەکو کوژراو دەهێنرێت، چونکە لە هێرشە ١٢ ڕۆژییەکەی حوزەیرانی ڕابردووی ئیسرائیلدا بۆ سەر ئێران، دەنگۆی کوژرانی بەچڕی بڵاوبوویەوە، بەڵام دواتر دەرکەوت کە برینداربووە و ڕزگاری بووە.