بۆچی ئێران بنکە ئەمەریکییەکانی کەنداو دەکاتە ئامانج نەک کەشتییە جەنگییەکان؟
١ ئازار ٢٠٢٦ - ٨:٠٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە سایەی ئەو ململانێ و گرژییانەی لە نێوان ئێران و (ئەمەریکا و ئیسرائیل) لە ئارادان، پرسیارێکی گرنگ سەرهەڵدەدات: بۆچی ئێران لە وەڵامەکانیدا خۆی لە لێدانی ڕاستەوخۆی کەشتییە جەنگییەکانی ئەمەریکا لە ئاوەکانی کەنداو و دەریای عومان دەپارێزێت و لەبری ئەوە فۆکەس دەخاتە سەر هەڕەشەکردن یان بەئامانجگرتنی بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە وڵاتانی کەنداو؟
بۆ تێگەیشتن لەم هاوکێشە ئاڵۆزە، شرۆڤەکاران چوار ڕەهەندی سەربازیی و سیاسیی ستراتیژیەتی تاران دەخەنەڕوو.
١. خۆپاراستن لە "خۆکوشتنی سەربازیی":
لێدانی ڕاستەوخۆی فڕۆکەهەڵگرێکی ئەمەریکی بە واتای ڕاگەیاندنی جەنگی کراوە و بەزاندنی هێڵی سوور دێت.
تاران باش دەزانێت کە هەر هێرشێکی لەو شێوەیە، وەڵامێکی وێرانکەری ئەمەریکای بەدوادا دێت کە دەتوانێت ژێرخانی سەربازی و ئابووریی ئێران لە چەند ڕۆژێکدا خاپوور بکات. بۆیە ئێران دەیەوێت ململانێکان لە ژێر ئاستی جەنگی گشتگیردا بهێڵێتەوە.
٢. جیاوازیی تەکنیکی:
فڕۆکەهەڵگرەکان شارێکی سەربازیی سەر ئاون. ئەوان بە گرووپی هێرشبەر و سیستەمی بەرگریی فرەچینی زۆر پێشکەوتوو (وەک ئیجس و فالانکس) و تەکنەلۆجیای جەنگی ئەلیکترۆنی پارێزراون، کە وادەکات پێکانیان زۆر قورس و ئەگەری شکستهێنانی هێرشەکەش زۆر بێت.
لە بەرامبەردا، بنکە سەربازییە وشکانییەکان ئامانجی جێگیرن و گەیشتن پێیان لە ڕێگەی مووشەک و درۆنەوە لە ڕووی تەکنیکییەوە ئاسانترە.
٣. شەڕی "بە بارمتەگرتنی" کەنداو:
ئێران لەبری ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ، پشت بە شەڕی "بەبارمتەگرتن" دەبەستێت. ئامانج لە هێرش و هەڕەشەکردن لە وڵاتانی کەنداو، بەکارهێنانیانە وەک "بارمتەی ستراتیژیی". ئەمەش لێدانی بەرژەوەندییەکانی کەنداوە و بازاڕی وزە (نەوت و غاز) دەشێوێنێت و فشارێکی ئابووریی گەورە دروستدەکات. سەرەنجامیش وا دەکات کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی فشار بخاتە سەر واشنتۆن بۆ خاوکردنەوەی گرژییەکان.
٤. پەیامی سیاسی و خاوکردنەوەی دۆخەکە:
تاران دەیەوێت تێچووی مانەوەی ئەمەریکا لە ناوچەکە قورس بکات و پەیامێک بە وڵاتانی کەنداو بدات کە "پاراستنی ئەمەریکی فریاتان ناکەوێت".
لە کۆتاییدا دەتوانرێت بوترێت ئێران بە وریاییەکی زۆرەوە و بەپێی هاوکێشەی تێچووی کەم و دەستکەوتی زۆر ئامانجەکانی هەڵدەبژێرێت.
هێرشکردنە سەر کەشتیگەلی ئەمەریکی کردەوەیەکی "خۆکوژییە"، بەڵام هێرشکردنە سەر بنکەکانی کەنداو، هەم ئابڕووی خۆی دەپارێزێت بەوەی وەڵامی بۆ هێرش و دەستدرێژییەکان هەیە، هەمیش پەیامی سیاسییەکانی دەگەیەنێت و هاوپەیمانانی ئەمەریکا دەترسێنێت، لە سەرووی هەموو ئەمانەشەوە ڕژێمەکەی لە جەنگێکی وێرانکەری ڕاستەوخۆ دەپارێزێت.