دوای خامنەیی، 4 سیناریۆ چارەنووسی ئێران دیاریی دەکەن
١ ئازار ٢٠٢٦ - ٨:٠٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دوای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی کوژرانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران لە هێرشێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیلدا، ڕژێمی کۆماری ئیسلامی کەوتووەتە بەردەم گەورەترین تاقیکردنەوەی مێژوویی خۆی: ئایا ئەم وڵاتە بە چ ئاراستەیەکی سیاسییدا دەڕوات؟
لەکاتێکدا وڵات بە قۆناغێکی گواستنەوەدا تێدەپەڕێت بە سەرپەرشتی ئەنجوومەنێکی سێقۆڵی (سەرۆککۆمار، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی و فەقێیەکی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور)، پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: ئایا ڕژێمەکە بە هەمان شێوەی پێشوو دەمێنێتەوە یان گۆڕانکاری ڕیشەیی بەخۆیەوە دەبینێت؟
لەمڕووەوە چوار سیناریۆ بۆ ئایندەی سیاسیی ئێران لەلایەن چاودێرانەوە دەخرێنەڕوو.
١. فەرمانڕەوایی سەربازی (کۆنترۆڵی تەواوەتی سوپای پاسداران):
ئەمە سیناریۆیەکی بەهێزە. سوپای پاسداران دەیەوێت ڕێگری لە بۆشایی سیاسی بکات و دەسەڵات بەتەواوی بگرێتە دەست. پێشبینی دەکرێت ڕژێمەکە لە فەرمانڕەواییەکی ئایینییەوە بگۆڕێت بۆ دەسەڵاتێکی سەربازیی ناسیۆنالیستی و "پراگماتی"، کە ڕەنگە بۆ هێورکردنەوەی شەقام کەمێک چاکسازی ئابووری بکات، بەڵام سەرکوتکردنی سیاسی توندتر دەکات، هاوکات ئەگەری هەیە وڵات پەلکێشی جەنگێکی درێژخایەنی ناوچەیی بکات.
٢. ململانێی ناوخۆیی و لەیەکترترازانی ڕژێم:
دیارترین سیناریۆ بۆ تێکچوونی قەوارەی ئێرانە. خامنەیی خاڵی هاوسەنگی نێوان دامەزراوەی ئایینی (لە قوم) و دامەزراوەی ئەمنی (سوپای پاسداران) بوو. بە نەمانی ئەو، ئەگەری سەرهەڵدانی ململانێی توند لەسەر دەسەڵات هەیە.
لەپاڵ ئەمەشدا، پێکهاتە نەتەوەییەکانی وەکو کورد، تورک، ئازەر، بەلوچ و عەرەب کە ساڵانێکە پەراوێزخراون، ڕەنگە ئەم بۆشاییە بقۆزنەوە بۆ داواکردنی مافەکانیان یان جیابوونەوە.
٣. ڕاپەڕینی جەماوەری و ڕووخانی ڕژێم:
بەهۆی کەڵەکەبوونی توڕەیی خەڵک و ئاهەنگگێڕانی بەشێک لە شەقامەکان دوای مەرگی خامنەیی، زەمینە بۆ ڕاپەڕین لەبارە.
ئۆپۆزسیۆنی دەرەوە (وەک لایەنگرانی پاشایەتی بە سەرۆکایەتی ڕەزا پەهلەوی، یان موجاهیدینی خەڵق) هەوڵی گۆڕینی ڕژێم دەدەن. بەڵام نەبوونی سەرکردایەتییەکی یەکگرتووی ناوخۆیی و شەکەتیی خەڵک لە سەرکوتکردن، ڕێگرن لەبەردەم سەرکەوتنی خێرای ئەم بژاردەیە. ئەمە سەرباری بوونی ترس لەوەی ڕەنگە ئەم کارە ببێتە هۆی گۆڕینی دیکتاتۆرییەتێک بە یەکێکی دیکە.
٤. کرانەوە و ڕێککەوتنی دیپلۆماسی (گۆڕانی ڕەفتاری ڕژێم):
سەرهەڵدانی سەرکردەیەکی نوێی پراگماتی کە ئامادەبێت دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکە و گرژییەکان ببێت لەپێناو لابردنی سزاکان و ڕزگارکردنی وڵات لە داڕمانی یەکجاری.
لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ لەسەر بوونی "کاندیدی باش" بۆ سەرکردایەتیکردنی ئێران، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەمریکا دەرگای بۆ ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیە کراوە هێشتووەتەوە.
مەرگێک و زیاد لە سیناریۆیەک
مەرگی خامنەیی ئەگەرچی کۆتایی بە قۆناغێکی مێژوویی لە کۆماری ئیسلامی هێنا، بەڵام دەرگای لەسەر چەندین ئەگەر و سیناریۆ کردووەتەوە.
تائێستا نازانرێت کام سیناریۆ سەردەگرێت، بەڵام ئەوەی دەزانرێت ئەوەیە کە دەبێت سیناریۆیەک بێت بە دڵ و ڕەزامەندیی ئەمەریکا و ئیسرائیل.