لوکاس؛ ئەو چەکەی ئەمەریکا لە ئێران وەریگرت و دژی بەکاریهێنا
١ ئازار ٢٠٢٦ - ٨:٣٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لەهێرشەکەی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، بۆ یەکەمجار ئەمەریکا درۆنێکی خۆتەقێنەری بەکارهێناوە کە بیرۆکەکەی لە ئێرانەوە وەرگرتوە. درۆنەکە ناوی (لوکاس)ـە و بەکارهێنانی بە گۆڕانکارییەکی ستراتیژیی نوێ لە شەڕکردنی ئەمەریکا هەژمار دەکرێت.
تایبەتمەندییە تەکنیکی و سەربازییەکانی
ئەم چەکە بەرهەمی کۆمپانیای (SpektreWorks)ـی ئەمریکییە، بە پشتبەستن بە درۆنی "شاهید-١٣٦"ـی ئێرانیی پەرەی پێدراوە.
تایبەتمەندییەکانی بریتین لە:
تێچووی زۆر کەم: نرخی هەر درۆنێک تەنیا لە نێوان ٣٥ بۆ ١٠٠ هەزار دۆلاردایە، ئەمەش هاوکێشەی تێچووی جەنگی گۆڕیوە؛ چونکە چیتر پێویست ناکات بۆ خستنەخوارەوەی درۆنێکی هەرزان، مووشەکێکی بەرگریی چەندین ملیۆن دۆلاری بەکاربهێنرێت.
توانای فڕین و مانەوە: کێشی نزیکەی ٦٠٠ کیلۆگرامە، دەتوانێت تا بەرزی ٥٥٠٠ مەتر بفڕێت. وەک "تەقەمەنیی وێڵ(Loitering munition)" کاردەکات؛ واتا دەتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژ بەسەر ئاسمانی ئامانجەکەدا بسوڕێتەوە تا کاتی گونجاو بۆ خۆکێشان بە ئامانجەکەدا و تەقینەوەی.
نەرمیی لە کارپێکردن: پێویستی بە فڕگە نییە و دەتوانرێت لەسەر بارهەڵگری زەمینی، کەشتیی جەنگی و تەنانەت فڕۆکەشەوە هەڵبدرێت. بە سیستەمی پێشکەوتووی دەرەوەی مەودای بینین (BVLOS) کاردەکات.
بڵاوەپێکردن و یەکەم بەکارهێنانی جەنگی
لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) یەکەم یەکەی سەربازیی تایبەت بەم درۆنانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێکهێنا، ئەمەش بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی گروپەکانی نزیک لە ئێران لە یەمەن و عێراق.
بەڵام یەکەمین بەکارهێنانی مەیدانی، وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا، لە هێرشەکەی دوێنێدا بووە بۆ سەر ئێران.
سوپای ئەمەریکا لەو هێرشەدا لەپاڵ مووشەکی تۆماهۆک و فڕۆکەی شەبەحی (F-35)، درۆنی لوکاسی دژی پێگە سەربازییەکانی ئێران (وەکو ڕادار، سیستەمی بەرگری و سەکۆی مووشەکی) بەکارهێناوە.
گۆڕانکاری لە عەقیدەی سەربازیی
دەرکەوتنی "لوکاس" سەرەتای گۆڕانکارییە لە عەقیدەی سەربازیی ئەمەریکا، هاوکات دەرەنجامی وانەکانی جەنگی ئۆکرانیا و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.
ئێستا پەنتاگۆن ستراتیژیەتێک پەیڕەو دەکات، کە لەبری پشتبەستنی تەواو بە فڕۆکە و مووشەکی گرانبەها، پشت بە بەکارهێنانی پۆلی گەورە لە درۆنی هەرزان و خۆتەقێنەر دەبەستێت بۆ ماندووكردن و تێکشکاندنی سیستەمی بەرگریی دوژمنەکانی، بەبێ ئەوەی گیانی سەربازەکانی بخاتە مەترسییەوە.