سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئێران چۆن تێکشکێندرا؟

١ ئازار ٢٠٢٦ - ٨:٤٠ پاش نیوەڕۆ

سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئێران چۆن تێکشکێندرا؟

پەنجەرە

ئیسرائیل باس لەوەدەکات لەیەک ڕۆژی هێرشەکەیان بۆ سەر ئێران "واتا دوێنێ"، ٥٠٠ ئامانجیان پێکاوە. پرسیار ئەوەیە: چۆن توانیویانە ئەمە بکەن لەکاتێکدا ئێران سیستەمی بەرگریی ئاسمانی هەیە؟ ئایا بە چ شێوازێک توانیویانە ئەو سیستەمە تێپەڕێنن بەشێوەیەک کە موشەک و فڕۆکەکانیان بە ئارەزووی خۆیان لە ئاسمانی ئەو وڵاتە تەراتێن بکەن؟

ڕاپۆرتە سەربازیی و هەواڵگرییەکان ئاشکرای دەکەن کە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئێران لە هێرشە هاوبەشەکەی ئەمریکا و ئیسرائیلدا ڕووبەڕووی "داڕمانی گشتگیر" بووەتەوە، ئەمەش بەهۆی چەند هەنگاوێکەوە، کە لەلایەکەوە پەیوەستە بە بەهێزیی بیرۆکەی سەربازیی ئەو دوو وڵاتە، لەلایەکی تریشەوە پەیوەستە بە تازەیی کەرەستە و چەک و ئامرازەکانیان و پێشکەوتووییان.

هەنگاو و تاکتیکەکانی تێکشکاندنی ڕادار و بەرگرییەکان

١. لێدانی سایبەری و "کوێریی ئەلیکترۆنی (Cyber-Blindness)"
پێش فڕینی یەکەم فڕۆکە، ئەمریکا و ئیسرائیل لە ڕێگەی هێرشێکی سایبەریی ئاڵۆزەوە (کە پێشوەختە ڤایرۆسیان خزاندبووە ناو سیستەمەکانەوە)، ڕادارە پێشکەوتووەکانی وەک (S-400)ـی ڕووسی و (باوەر 373)ـی ئێرانییان هاککرد.

بەمهۆیەوە شاشەی ڕادارە ئێرانییەکان هەزاران ئامانجی وەهمی و شەبەحییان پیشان دەدا، یان بە پێچەوانەوە ئاسمانیان بە سافی پیشان دەدا لەکاتێکدا فڕۆکەکان لەسەروویانەوە بوون.

٢. هەڵمەتی چەواشەکردن و ڕاوکردنی ڕادارەکان:

ئەمەریکا و ئیسرائیل ستراتیژی "غەرقکردن/ نوقمکردن"ـیان بەکارهێنا، ئەمەش بەمانای نوقمکردنی سیستەمی بەرگریی بە دەیان و بگرە سەدان ئامانجەوە کە نەتوانرێت فریایان بکەوێت.

کارەکەشیان لە ڕێگەی ناردنی سەدان درۆنی هەرزانبەها بۆ ناو ئێران ئەنجامدا.

لەئەنجامدا سیستەمی بەرگری ئێرانیان ناچارددەکرد مووشەکی گرانبەها بەڕووی درۆنە هەرزانەکاندا بتەقێنێت، بەمەش یەدەگی موشەکی بەرگری ئەو وڵاتە زیانی پێدەگەیشت.

٣. تەڵەی ڕادار (Decoys):
ئیسرائیل درۆنی بچووکی وەک تەڵە بەکاردەهێنا، بەشێوەیەک درۆنەکان لەسەر ڕادارەکان وەک فڕۆکەیەکی گەورەی (F-15) دەردەکەوتن. هەرکە ڕادارێکی ئێران درۆنێکی دیاریی دەکرد و مووشەکی دەنارد بۆ خستنەخوارەوەی، بەم کارە خۆی ئاشکرا دەکرد و سیگناڵەکانی دەستبەجێ لەلایەن فڕۆکە شاراوەکانەوە کە بۆ ئەم مەبەستە داینابوون، دەخوێنرانەوە. سەرەنجام لەڕێگەی ئەم سیگناڵ و کەشفکردنەوە، فڕۆکە خۆحەشارداوەکان بە مووشەکی دژە-ڕادار (AGM-88 HARM)، ڕادارەکانیان دەکردە ئامانج، بەمەش زۆرێکیان خاپوور کران.

٤. پەکخستنی ئەلیکترۆنیی فرەجەمسەر:
فڕۆکەکانی شەڕی ئەلیکترۆنیی وەک (EA-18G Growler)ـی ئەمریکی و فڕۆکەی (F-35I)ـی ئیسرائیلی بە سیستەمی "سکۆرپیۆس"، ژاوەژاوێکی ئەلیکترۆنیی هێندە چڕیان دروستکرد کە ڕادارە ئێرانییەکانیان پەکخست و توانای "قوفڵکردن (Lock-on)"ـی ئامانجەکانیان لەدەستدەدا.

٥. دابڕانی پەیوەندییەکان و تەریککردنی سەکۆکان:
لەهێرشەکەدا سیستەمی داتا-لینک (Data Link)ـی ئێران کرایە ئامانج. ئەمەش وایکرد پەیوەندی نێوان ژووری ئۆپەراسیۆنەکان و پاترییە مووشەکییەکان کە ئەرکیان بەرەنگاربوونەوەی مووشەک و فڕۆکەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بوو، بپچڕێت. بەمەش هەر سەکۆیەکی بەرگریی ئێرانی بەتەنیا و کوێرانە شەڕی دەکرد، بەمهۆیەشەوە بەئاسانی یەک لەدوای یەک کەشف دەکران و تێکشکێنران.

٦. دزەکردنی هەواڵگریی و مووشەکی نزم‌فڕ:
لە ڕێگەی سیخوڕی ناوخۆیی و زیرەکی دەستکردەوە، شوێنی سەرکردەکانی ئێران و خاڵە لاوازەکان پێشوەختە دەستنیشان کرابوون. ئەمەش ئەرکی ئەو دوو وڵاتەی سوکتر کرد.

هاوکات ئەوان لەڕێگەی کەشتی و ژێردەریاییەکانی ئەمریکا شەپۆلێک مووشەکی (تۆماهۆک)ـیان ئاراستە کرد کە لە بەرزییەکی زۆر نزمدا (٣٠ بۆ ٥٠ مەتر) بەناو دۆڵ و چیاکاندا دەفڕین، بۆ ئەوەی لە چاوی ڕادارە زەمینییەکان بشارێنەوە.
هاوکات بۆ هەندێک ئامانجی قووڵ و ژێر زەمینیش، بۆمبە قووڵاییبڕەکانی وەک (GBU-57) بەکارهێنران بۆ وێرانکردنی بنکە ژێرزەمینییەکان.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو