دوو ئاخوند و پزیشکێک؛ لیژنە سێ کەسییەکە چۆن ئێران بەڕێوەدەبات؟
١ ئازار ٢٠٢٦ - ٨:٤٢ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە دوای کوژرانی عەلی خامنەیی، ڕابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی ئەمریکی-ئیسرائیلیدا بۆ سەر تاران، بەپێی دەستووری ئەو وڵاتە "لیژنەیەکی بەڕێوەبردنی سێ کەسی" بەشێوەیەکی کاتیی بۆ قۆناغی ڕاگوزەر پێکهێنرا. ئامانج لەم هەنگاوە، پڕکردنەوەی بۆشایی دەسەڵات و بەڕێوەبردنی وڵاتە تا کاتی هەڵبژاردنی ڕابەرێکی نوێ.
ئەرک و ماوەی کارکردنی لیژنەکە
ئەم لیژنەیە بەرپرسیارە لە گرتنەدەستی سەرکردایەتی وڵات، بەڕێوەبردنی کاروباری سیاسی و جێبەجێکردن و پاراستنی سەقامگیری ئەمنی لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران.
ماوەی کارکردنیان کاتییە و پێشبینی دەکرێت تەنیا چەند هەفتەیەک یان چەند مانگێک بخایەنێت، واتە کارەکانیان کۆتایی دێت هێندەی کە ڕێکارە دەستوورییەکان بۆ دیاریکردنی ڕابەری نوێ یەکلایی دەبنەوە.
پێکهاتە و ئەندامانی لیژنە سێ کەسییەکە
لیژنەکە بەجۆرێک پێکهێنراوە کە نوێنەرایەتی هەر سێ جومگە سەرەکییەکەی دەسەڵات (جێبەجێکردن، دادوەری-ئەمنی و ئایینی) بکات.
ئەندامەکانیشی ئەمانەن:
١. مەسعود پزیشکیان (سەرکۆماری ئێران)
پێگە و ڕۆڵ: نوێنەرایەتی دەسەڵاتی جێبەجێکردن (حکومەت) دەکات.
پاشخان: پزیشکی نەشتەرگەری دڵە و سەر بە باڵی ڕیفۆرمخوازەکانە. لە تەممووزی ٢٠٢٤ وەک نۆیەمین سەرکۆماری ئێران هەڵبژێردرا.
هەڵوێستی سیاسی: هەرچەندە پێشتر وەک کەسایەتییەکی میانڕەو و خوازیاری گفتوگۆ لەگەڵ ڕۆژئاوا بۆ هەڵگرتنی سزاکان ناسرابوو، بەڵام دوای کوژرانی خامنەیی ڕایگەیاند کە ئەو هێرشە "ڕاگەیاندنی جەنگێکی ئاشکرایە دژی موسڵمانان و شیعە" و تۆڵەسەندنەوەی بە مافێکی شەرعی زانی.
٢. غولام حسێن موحسینی ئیژەیی (سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی)
پێگە و ڕۆڵ: نوێنەرایەتی دەسەڵاتی دادوەریی و ئەمنی دەکات.
پاشخان: پیاوێکی ئایینی و قازییەکی خاوەن ئەزموونە، دەرچووی خوێندنگەی "حەقانی"ـیە کە مەکۆی پێگەیاندنی سەرکردە ئەمنییەکانە. پێشتر وەزیری هەواڵگریی و داواکاری گشتیی ئێران بووە و لە ٢٠٢١ لەلایەن خامنەیییەوە کراوە بە سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی.
هەڵوێستی سیاسی: سەر بە باڵی ئوسوڵگەرا توندڕەوەکانە و لە ناوخۆی ئێراندا بە پیاوێکی زۆر توند و بێبەزەیی لە سەرکوتکردنی نەیاران و مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیە ئەمنییەکاندا دەناسرێت.
٣. عەلی ڕەزا ئەعرافی (ئەندامی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور)
پێگە و ڕۆڵ: نوێنەرایەتی دەسەڵاتی ئایینی و حەوزەی عیلمی دەکات. لەلایەن "ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕژێم"ـەوە دیاریکراوە بۆ تەواوکردنی سێگۆشەی لیژنەکە.
پاشخان: زانایەکی دیاری ئایینییە، سەرۆکایەتی حەوزەی زانستی قوم و زانکۆی نێودەوڵەتی مستەفای کردووە (کە تایبەتە بە بڵاوکردنەوەی بیری شیعە لە جیهاندا). هەروەها ئەندامی ئەنجومەنی شارەزایانی ڕابەرییە.
هەڵوێستی سیاسی: کەسایەتییەکی میحوەرییە لەناو دامەزراوە ئایینییە نەریتییەکاندا، بوونی لەم لیژنەیەدا وەک هەوڵێکە بۆ پاراستنی یەکڕیزی و سەقامگیری دامەزراوە ئایینییەکە لەم قۆناغە هەستیارەدا.
مانۆڕێکی دەستووریی
چاودێران وایدەبینن پێکهێنانی ئەم ئەنجومەنە کاتییە کە هەر سێ باڵی مامناوەند (پزیشکیان)، توندڕەوی ئەمنی (ئیژەیی) و دامەزراوەی ئایینی (ئەعرافی) لەخۆدەگرێت، مانۆڕێکی دەستووریی کۆماری ئیسلامییە بۆ پاراستنی باڵانسی هێزە ناوخۆییەکان و ڕێگریکردن لە داڕمانی سیستەمەکە لە خراپترین قەیرانی سەرکردایەتیدا کە ڕووبەڕووی بووەتەوە.