بەریتانیا؛ لە داڕشتنەوەی سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ گیرۆدەبوون بە دەست ئیدارەی ترەمپ 

١ ئازار ٢٠٢٦ - ٨:٤٧ پاش نیوەڕۆ

بەریتانیا؛ لە داڕشتنەوەی سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ گیرۆدەبوون بە دەست ئیدارەی ترەمپ 

پەنجەرە 

هەرچەندە هێشتا ئەو بۆچوونە لای زۆرینەی خەڵک و سیاسییە دێرینەکان باوە، گوایە ئینگلیز یاخود بەریتانیا لە پشت داڕشتنەوەی هاوکێشە سیاسی و جوگرافییەکانی ناوچەکەوەیە، بەڵام بەڕای چاودێران ڕۆڵی ئەو وڵاتە کۆتایی هاتووە.


ئیدارەی ترەمپ و حکومەتی بەریتانیا

لەئێستادا ناکۆکییەکی قوڵ لەنێوان ئیدارەی ترەمپ و حکومەتی بەریتانیا لە ئارادایە، ئیدارەی ترەمپ وەکو حکومەتێکی نزیک لە دیموکراتەکان لە بەریتانیا دەڕوانێت.

ناکۆکی نێوان ئیدارەی ترەمپ و حکومەتی بەریتانیا نهێنی تێدا نەماوە، بەوپێیەی ترەمپ بە ئاشکرا دژایەتی حکومەتی بەریتانیا دەکات و لە هاوکێشەکانی دونیادا رۆڵی بۆ نەهێشتووەتەوە.

بەریتانیا بۆ خاوکردنەوەی بارگرژییەکان و دروستکردنی کاریگەری لەسەر ئیدارەی ترەمپ، پیتەر ماندێڵسۆن ی وەکو باڵیۆزی وڵاتەکەی لە واشنتۆن دەستنیشانکرد، بەوپێیەی ناوبراو هاوڕێیەتی و نزیکایەتی لەگەڵ ترەمپدا هەبوو.

دوای تەقینەوەی دۆسیەی ئیپستاین و ئەو دەنگدانەوە گەورەیەی بەدوای خۆیدا هێنای، بەریتانیا ناچاربوو بە گۆڕینی ماندێڵسۆن و ئەمەش وایکرد نەتوانێت سودی لێوەبگرێت بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەنییەکانی لەگەڵ ترەمپ.


پاشەکشەکردنی بەریتانیا

بەریتانیا لەسەر ئاستی ناوخۆی وڵاتەکەی گیرۆدەی دەست گرفتی ئابووریی و ململانێی سیاسییە، دوای دەرچوونیشی لە یەکێتی ئەوروپا هێندەی تر لەسەر ئاستی دونیا ڕۆڵی لاوازبوو.

بەڕای چاودێرانی سیاسی، دوای گۆڕانی نەخشەی هێز لە دونیا بەریتانیا هێندەی تر پاشەکشەی کرد، بەتایبەت ئێستا ئەمەریکا لەهەمووی رۆڵدارتر و هەژمووندارترە و بەدوای ئەویشدا چین دێت.

لەسەر ئاستی دونیا لەئێستادا بەریتانیا وەکو هێزێکی مامناوەند لێیدەڕوانرێت و ئەمەش لەگەڵ هێزێکی وەکو تورکیادا یەکسانی دەکات، بەمپێیە بەریتانیا لە ئاستی ئەمەریکا و چین و تەنانەت هندیشدا نییە.

ئەوەی وایکردووە بەریتانیا لەسەر ئاستی دونیا لەڕووی هەژموون و ڕۆڵەوە پاشەکشە بکات، لاوازبوونی ئەوروپا و گیرۆدەبوونی خودی بەریتانیایە بەدەست ململانێیی ناوخۆیی و گرفتی ئابوورییەوە.

سەرباری پاشەکشەکردنی بەریتانیا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بەڵام بەوپێیەی لەرابردوودا ڕۆڵی هەبووە لە هاوکێشەکانی ناوچەکەدا، بۆیە ئێستاش لەلایەن زۆربەی خەڵک و تەنانەت سیاسییە تەقلیدییەکانیشەوە وەکو زلهێزێکی رۆڵدار لە بەریتانیا دەڕوانرێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو