لە بەرگرییەوە بۆ هێرش؛ بۆچی ئێران هەوڵی فراوانکردنی شەڕ دەدات؟
١ ئازار ٢٠٢٦ - ٨:٥١ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لەکاتێکدا رێبەری باڵای ئێران و زۆربەی فەرماندە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە کوژراون، بەڵام ئێران بەردەوامە لە هێرشکردن بۆ سەر وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکە، ئەمە دەچێتە چوارچێوەی خواستی ئێران بۆ گەورەکردنەوەی شەڕەکە.
لەکاتێکدا ئێران لە دۆخێکی خراپدایە و هەوڵی فراوانترکردنی شەڕیش دەدات، ئەمەش ئەو پرسیارەی دروستکردووە ئێران چی بەرژەوەندییەکی لە فراوانبوونەوەی شەڕدا هەیە.
هێرش وەکو بەشێک لە بەدیهێنانی ئامانج
ئەو بۆچوونە لای بەشێک لە لێکۆڵەرەوان زاڵە، گوایە ئێران لە رێگەی هێرشکردنە سەر وڵاتانی عەرەبی و دەوروبەری، دەیەوێت ناچاریان بکات بۆ ئەوەی فشار لەسەر ئیدارەی ترەمپ دروست بکەن بۆ ڕاگرتنی شەڕ.
بەشێک لە لێکۆڵەرەوان کە پەنجەرە قسەی لەگەڵ کردوون پێیانوایە، ئێران دەیەوێت شەڕ گەورە بکاتەوە تا لەمڕێگەیەوە دەریبخات هێزێکی گەورەیە و دەتوانێت ناسەقامگیری لە ناوچەکە دروست بکات.
ئەوان دەڵێن، ئێران دەیەوێت ئەم شەڕە وەکو دەرفەتێک بقۆزێتەوە بۆ دەرخستنی توانای خۆی، تا لەمڕێگەیەوە پەیامی ئەوە بگەیەنێت هێرش بۆ سەر ئێران ئاسان نییە و ناوچەکە دەخاتە بەردەم ناسەقامگیرییەوە.
دیوێکی تری پشتەوەی هەوڵەکانی ئێران بۆ فراوانکردنی شەڕ پەیوەندی بە ئیدارەی ترەمپەوە هەیە، بەوپێیەی ئێران دڵنیایە لەوەی شەڕ سەرۆکی ئەمەریکای لەسەر ئاستی ناوخۆ خستووەتە ژێر فشارەوە.
لەکاتێکدا بایەخدان بە کێشە ناوخۆییەکانی ئەمەریکا پانتاییەکی گرنگی لە بانگەشەی کاتی هەڵبژاردنی ترەمپ داگیرکردبوو، بەڵام ئێستا لەناوخۆی ئەمەریکا رایەک دروستبووە سەرۆکی وڵاتەکەیان بەدوای شەڕەوەیە بۆ لابردنی فشارەکانی سەری.
بەگوتاری سەرۆکی ئەمەریکاوە هەست بەوە دەکرێت کە خواستی درێژە کێشانی شەڕی نییە بەهۆی فشارەکانی سەری، لەکاتێکدا ئیسرائیل خواستی درێژە کێشانی شەڕ و رووخانی ئێرانی هەیە.
وڵاتانی عەرەبی لەنێو پلانی ئێران دا
هەرچەندە بەشێک لە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی عەرەبی هۆکارەکەی بۆ دروستکردنی فشار لەسەر ئیدارەی ترەمپ دەگێڕدرێتەوە، بەڵام بەشێک لە چاودێران پێیانوایە خەریکە هاوکێشەکان دەگۆڕدرێن.
محەمەد بن سەلمانی شازادەی جێنیشینی سعودیە هەڕەشەی وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئێران و بوون بە بەشێک لە شەڕی کردووە، ئەمەش بەپێی زانیاری میدیا نێودەوڵەتییەکان.
چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، خەریکە رای وڵاتانی عەرەبی لە دژایەتیکردنی شەڕەوە بۆ بەردەوامیدان بە شەڕ دەگۆڕێت، بەوەی مادام هێرشکراوەتە سەریان پاڵپشتی تەواوکردنی شەڕەکە و رووخانی ئێران بکەن.
پێش هەڵگیرسانی شەڕ لەنێوان ئێران و ئەمەریکا جۆرێک لە متمانە ونزیکبوونەوە لەنێوان وڵاتانی عەرەبی و ئێران دروستبوو، بەڵام هێرشەکانی ئێران بۆ سەریان، جگە لەوەی متمانەی نەهێشت هاوکات پاڵی بەو وڵاتانەوە نا تا زیاتر لە ئەمەریکا و ئیسرائیل نزیک ببنەوە.