٤ بارەگا و کەمپی کوردانی ڕۆژهەڵات کرانە ئامانج و قوربانیی هەیە
٢ ئازار ٢٠٢٦ - ٦:٥٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
چوار کامپ و بارەگای حزبە بەرهەڵستکارە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان بە ئامانجگیران و قوربانی هەیە.
کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی ڕێکخراوی CPTـی ئەمەریکی، بە پەنجەرەی وتووە: لەکاتژمێر (٧:٣٠ بۆ ٨:١٠)ـی ئێوارەی ئەمڕۆ، سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕێکەی موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشی کردە سەر چوار بارەگا و کامپی حزبە چەکدارییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
وتیشی: موشەکێک و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ بەر بارەگای حزبەکانی کۆمەڵە لە گوندی زڕگوێزەڵەی سەر بە ناحیەی تانجەڕۆ لە پارێزگای سلێمانی کەوتوون و بە هۆی ئەم هێرشەوە کەسێک برینداربووە.
باسی لەوەشکرد فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کە ئاراستەی کامپی "زەوییە سپی"ـی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە قەزای کۆیە کرابوو، بەر لە پێکانی ئامانجەکەی تەقێندرایەوە و خرایە خوارەوە.
ئاماژەی بەوەشدا هاوکات ژمارەیەک موشەکیش کە ئاراستەی بارەگای پارتی ئازادی کوردستان "پاک" لە ناحیەی پردێ کرابوون، خرانە خوارەوە.
وتیشی: هەروەها فڕۆکەیەکی بێفرۆکەوانی خۆکوژیش کە ئاراستەی کامپی "بین المللی" حزبەکانی کۆمەڵە لە سورداش کرابوو، لە ئاسمانەوە خراوەتە خوارەوە و هیچ ئامانجێکی نەپێکاوە.