حکومەتی لوبنان بڕیاری چەککردنی حزبوڵڵا دەدات

٢ ئازار ٢٠٢٦ - ٧:٠٣ پاش نیوەڕۆ

حکومەتی لوبنان بڕیاری چەککردنی حزبوڵڵا دەدات

پەنجەرە

نەواف سەلام، سەرۆک وەزیرانی لوبنان، ئیدانەی هێرشە مووشەکییەکانی سەر ئیسرائیلی کرد و داوای لە حزبوڵڵا کرد چەکەکانی ڕادەست بکات. ئەمەش لە کاتێکدایە گرژییەکان پێیان ناوەتە قۆناغێکی نوێوە و ئیسرائیل دەستپێکردنی شەڕێکی فراوانی ڕاگەیاند، کە بەهۆیەوە دەیان کەس کوژراون و برینداربوون.

سەرۆک وەزیرانی لوبنان ئەمڕۆ (دووشەممە) دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە بەیرووت ڕایگەیاند: "دەوڵەت بە تەواوی ڕەتیدەکاتەوە هیچ چالاکییەکی سەربازی لە خاکی لوبنانەوە ئەنجام بدرێت و بڕیاری شەڕ و ئاشتی تەنها بەدەست دەوڵەتەوەیە."

جەختیشیکردەوە کە پێویستە چالاکییە سەربازییەکانی حزبوڵڵا قەدەغە بکرێت، چەکەکانی لێ بسەندرێتەوە و کارەکانی تەنها لە گۆڕەپانی سیاسیدا کورت بکرێتەوە.

بۆ ئەم مەبەستەش، حکومەتی لوبنان فەرمانی بە هێزە ئەمنییەکان کردووە ڕێگری لە هەر هێرشێکی سەربازی بکەن و ئەنجامدەرانی دەستگیر بکەن، هەروەها سوپاش ئەرکدار کراوە بۆ جێبەجێکردنی پلانی کۆنتڕۆڵکردنی چەک لە باکووری ڕووباری لیتانی.

لەلایەکی دیکەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل چەندین ناوچەی لوبنانیان بۆردومان کرد. بەپێی ئامارە بەراییەکانی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، بەهۆی هێرشەکانەوە ٣١ کەس کوژراون و ١٤٩ کەسی دیکەش برینداربوون.

سوپای ئیسرائیلیش ڕایگەیاند کە چەندین بەرپرسی باڵای حزبوڵڵایان لە بەیرووت و باشووری لوبنان کردووەتە ئامانج.

لە بەرامبەردا، حزبوڵڵای لوبنانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل و بۆ بەرگریکردن لە لوبنان، لەڕێگەی کۆمەڵێک مووشەکی پێشکەوتوو و پۆلێک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، بنکەی 'میشمار هاکەرمەل'ـی تایبەت بە بەرگریی مووشەکییان لە باشووری شاری حەیفا کردووەتە ئامانج.

ئەمە یەکەمین هێرشی حزبوڵڵایە بۆ سەر ئیسرائیل لە دوای ڕێککەوتنی ئاگربەستی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤ـەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو