هەناردەی نەوتی عێراق لە ٣ ملیۆن بەرمیلەوە دادەبەزێت بۆ ١٠ هەزار

٢ ئازار ٢٠٢٦ - ٧:٠٤ پاش نیوەڕۆ

هەناردەی نەوتی عێراق لە ٣ ملیۆن بەرمیلەوە دادەبەزێت بۆ ١٠ هەزار

پەنجەرە

دوای وەستانی هەناردەی نەوتی باشوور، مەترسی هەیە هەناردەی نەوتی هەرێمیش بەتەواویی ڕابوەستێت، بەمەش ئەگەری هەیە کۆی هەناردەی ڕۆژانەی نەوتی عێراق بگاتە ١٠ هەزار بەرمیل.

بەکاریگەریی هێرشی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، هەناردەی نەوتی باشووری عێراق وەستاوە کە بڕەکەی سەرووی ٣ ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بوو. ئەوەی ماوە، هەناردەی نەوتی هەرێمە کە لەنێوان ٢٠٠ بۆ ٢١٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەیە لەگەڵ ١٠ هەزار بەرمیل کە بەڕێگەی وشکانی بۆ ئەردەن دەچێت.

لەگەڵ زیادبوونی مەترسی کردنەئامانجی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم، هەندێک لە کۆمپانیاکانی هەرێم بەرهەمهێنانیان ڕاگرتووە، لەوانە کۆمپانیای دی ئێن ئۆ و گۆڵف کیستۆن، مەترسیش هەیە کە کۆمپانیاکانی دیکەش هەمان ڕێچکە بگرن.

لەوبارەوە نەبیل مەرسومی، شارەزای ئابووری، لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک دەڵێت: لە ئەگەری ڕوودانی سیناریۆیەکی لەو شێوەیەدا، عێراق هیچ دەرچەیەکی دیکەی هەناردەکردنی بۆ نامێنێتەوە جگە لە هەناردەی وشکانی بۆ وڵاتی ئوردن، کە قەبارەکەی زۆر سنووردارە و لە ١٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا تێپەڕ ناکات.

وەکو چارەسەرێکی کاتییش، ئەو شارەزایە پێشنیازی گواستنەوەی نەوتی باشوور دەکات لەڕێگەی تانکەرەوە کە بەوتەی خۆی ٢٠ هەزار تانکەری ئامادەی کەرتی تایبەت هەیە و دەتوانرێت بە نرخێکی گونجاو بەکاربهێنرێت بۆ ئەو مەبەستە.

هاوکات جەختیشدەکاتەوە لەوەی حکومەتی عێراقی دەبێت هەوڵی دووبارە هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک بدات بۆ تورکیا، لەڕێگەی بۆڕی کەرکوک- جەیهانەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو