ڕێکخراوی هەنگاو بۆ پەنجەرە: سەرووی ٤٠٠ سەربازی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون
٢ ئازار ٢٠٢٦ - ٧:٠٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ئەندامێکی ڕێکخراوی هەنگاو ئاشکرای دەکات کە هێزێکی زۆری سەربازیی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆکراونەتەوە، بڕوای خۆیشی پیشاندا کە بەهۆی هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە سەرووی ٤٠٠ سەرباز لەو ناوچانە کوژراون.
ئەرسەلان یارئەحمەدیی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، بە پەنجەرەی وت: پێش دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ڕژێم ژمارەیەکی زۆر هێزی سەربازیی هێناوەتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
وتیشی: لەدوای دەستپێکردنی هێرشەکان و بەتایبەتی دوێنێ و ئەمڕۆ، زۆرترین هێرشی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر بنکەکانی ئێران لەپاش تاران، لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بووە.
بەوتەی ئەو ئەندامەی ڕێکخراوی هەنگاو، پێشبینی دەکەن تەنها لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرووی ٤٠٠ سەربازی ئێرانی بەهۆی هێرشەکانەوە کوژرا بن.
بڕوای خۆیشی پیشاندا کە ئەگەر هێرش و فشارەکان بەردەوام بن، ئێران هێزە سەربازییەکانی لە ڕۆژهەڵات دەکشێنێتەوە بۆ ناوچەکانی دیکە.