لەنێو ترس و چاوەڕوانییدا؛ هێزێکی زۆری ئەمنی لەبەغدا بڵاوەی پێکراوە
٢ ئازار ٢٠٢٦ - ٧:١٣ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
هەرچەندە بارودۆخی شاری بەغدا سەقامگیرە و هێشتا پریشکی جەنگە قورسەکە نەیگرتووەتەوە، بەڵام هێزێکی زۆر بڵاوەی پێکراوە و خەڵکیش لەنێو ترسێکی زۆردا کارەکانی رایی دەکات.
هێزێکی زۆری سەربازیی لە دەوروبەری ناوچەی سەوز بڵاوەی پێکراوە و سەرجەم ئەو رێڕەوانەی دەچنە ئەو ناوچەیە توندوتۆڵکراون.
رێگە بە خەڵک نادرێت هاتووچۆی ناوچەی سەوزی بەغدا بکات، ئەوانەشی باجی چوونە ژوورەوەیان هەیە ئۆتۆمبێلەکانیان دەپشکنرێت.
بەوتەی چەند شایەتحاڵێک، دۆخی بەغدا بەگشتی ناخۆش و پڕ لەبێزارییە بۆ خەڵکەکەی، ئەگەرچی دۆخی شارەکە سەقامگیرە و تا ئێستا هیچ مەترسییەکی لەسەر نییە.
جموجۆڵ و دەرکەوتنی بەرپرسە باڵاکانی شیعە تەواو کەمبووەتەوە، هێزە شیعەکان خۆیان لە هێرشی ئاسمانی دەپارێزن و هێزێکی زۆری سەر بە وەزارەتی ناوخۆ لەناو بەغدا بڵاوەی پێکراوە.
ئەگەرچی بەهۆی مانگی رەمەزانەوە کاتژمێرەکانی دەوامکردن کەمکرایەوە، بەڵام بەهۆی دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە و باڵکێشانی ترس بەسەر خەڵکی بەغدا دەوام بە نیوە ناچڵی دەکرێت.
بڕیابوو چوارچێوەی هەمانگی کۆببێتەوە، بەڵام کۆبوونەوەکەی دواخست، پەرلەمانیش ئەمڕۆ دووشەممە چۆڵبووە و دەوام نەکراوە.