قەتەر دوو فڕۆکەی ئێرانی خستە خوارەوە کە لە بنەڕەتدا موڵکی عێراقن
٣ ئازار ٢٠٢٦ - ٢:٤٨ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
وەزارەتی بەرگریی قەتەر ئەمڕۆ (٢ـی ئاداری ٢٠٢٦) ڕایگەیاند، هێزە ئاسمانییەکانیان توانیویانە دوو فڕۆکەی جەنگیی ئێرانی لە جۆری (سۆخۆی-٢٤ - Su-24) بخەنە خوارەوە، دوای ئەوەی بەشێوەیەکی نایاسایی ئاسمانی وڵاتەکەیان بەزاندووە.
ئەو فڕۆکانەی خراونەتەخوارەوە، بەلای زۆرەوە ئەوانەن کە بە ئەسڵ هی عێراقن و ئێران لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا دەستی بەسەردا گرتن.
گرێ مێژووییەکە
بەپێی زانیارییە بەردەستەکان، زۆربەی (ئەگەر نەڵێین هەمووی) ئەو فڕۆکانەی جۆری (سۆخۆی-٢٤) کە ئێستا لەناو هێزی ئاسمانیی ئێراندا کار دەکەن، لە بنەڕەتدا فڕۆکەی عێراقین و زیاتر لە سێ دەیە پێش ئێستا ئێران وەک دەستکەوتی جەنگ دەستی بەسەردا گرتوون.
چیرۆکەکە دەگەڕێتەوە بۆ جەنگی کەنداو لە ساڵی ١٩٩١. لەو کاتەدا عێراق بۆ ڕزگارکردنی فڕۆکە جەنگییەکانی لە بۆردومانی چڕی هێزەکانی هاوپەیمانان، لە ئێران داینان بۆ ئەوەی دواتر بیباتەوە.
بەپێی ئامارەکان، ئەوکات ژمارەیەکی زۆر لە فڕۆکەی سەربازیی عێراقی چوونە ناو خاکی ئێرانەوە، لەوانە: ٢٤ فڕۆکەی میراج F-1، ٢٤ فڕۆکەی سۆخۆی Su-24، ٤٠ فڕۆکەی سۆخۆی Su-22، ٤ فڕۆکەی سۆخۆی Su-20، ٧ فڕۆکەی سۆخۆی Su-25، ١٢ فڕۆکەی میگ-23، ٤ فڕۆکەی میگ-29.
چارەنووسی فڕۆکە عێراقییەکان لە ئێران
دوای کۆتایی هاتنی جەنگەکە، ئێران ڕەتیکردەوە ئەو فڕۆکانە بە عێراق بداتەوە، بەڵکو دەستیبەسەردا گرتن.
تاران هەر ٢٤ فڕۆکەکەی جۆری (سۆخۆی-٢٤)ـی لە چوارچێوەی پۆلێکی نوێی هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەیدا ڕێکخستەوە، ڕەنگیانی گۆڕی، ژمارەی زنجیرەیی (سریاڵ نەمبەر)ـی نوێی پێبەخشین و بەتەواوی خستنییە خزمەتی سوپای خۆیەوە. تەنانەت لە قۆناغەکانی دواتردا، هەمان ئەو فڕۆکانە بۆ بۆردومانکردنی ناوچە سنوورییەکان و دورگەکانی عێراق لەلایەن ئێرانەوە بەکارهێنرانەوە.
قەتەر زانیاریی وردی لەسەر ژمارەی زنجیرەیی ئەو دوو فڕۆکەیە بڵاونەکردووەتەوە کە ئەمڕۆ خستوونیەتییە خوارەوە، بەڵام ئەگەری بەهێز ئەوەیە: ئەو فڕۆکانەی کە بە ئاڵای ئێرانەوە هێرشیان کردووە، هەمان ئەو فڕۆکانەن کە عێراق لە ساڵی ١٩٩١ـدا بۆ پاراستنیان لای ئێران داینان، بەڵام بۆ هەمیشە لەدەستیدان.