دووبارەکردنەوەی ئەزمونی هەرێمی کوردستان؛ بۆچی بە زۆریی لەناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەدرێت؟
٣ ئازار ٢٠٢٦ - ٢:٤٩ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
یەکێک لەو ناوچانەی ئێران کە ئەمەریکا و ئیسرائیل هێرشێکی زۆری دەکەنە سەر، ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، سەرچاوەیەکیش هۆکارەکەی بۆ پەنجەرە ئاشکرا دەکات.
ئەو سەرچاوە سیاسییە ئاگادارە کە نەیویست ئاماژە بە ناوی بکرێت، بە پەنجەرەی وت: ئەمەریکا و ئیسرائیل هێرشێکی زۆر دەکەنە سەر بنکە و ناوەندە ئەمنی و سەربازیی و سیخوڕییەکانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هۆکاری ئەمەش لاوازکردنی ئێرانە لەو ناوچانە و ڕێگەخۆشکردنە بۆ سەرهەڵدان و ڕاپەڕین.
وتیشی: ئەم تەکتیکە بۆ دووبارەکردنەوەی ئەزموونی هەرێمی کوردستانە، کاتێک لەدوای هێرشی هاوپەیمانان بۆ سەر عێراق بەمەبەستی وەدەرنانی لە کوەیت، خەڵکی هەرێمی کوردستان ئەمەیان قۆستەوە و دژ بە حکومەتی عێراقی ڕاپەڕین.
ئەمڕۆ لەلێدوانێکدا بۆ پەنجەرە، ئەرسەلان یارئەحمەدیی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئاماژەی بەوەدا لەدوای دەستپێکردنی هێرشەکان و بەتایبەتی دوێنێ و ئەمڕۆ، زۆرترین هێرشی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر بنکەکانی ئێران لەپاش تاران، لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بووە.