حزبە کوردییەکانی ئێران بە ئاگاداری ئەمەریکا هەنگاو دەنێن

٣ ئازار ٢٠٢٦ - ٧:١٧ پاش نیوەڕۆ

حزبە کوردییەکانی ئێران بە ئاگاداری ئەمەریکا هەنگاو دەنێن

پەنجەرە

پێش ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا پەیوەندی بە بارزانی و تاڵەبانییەوە بکات، حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هەنگاوێکی تریان بە ئاگاداری ئەو وڵاتە هاویشتووە، لەکاتێکدا رەزا شا دژی هەنگاوەکەیان هەڵوێستی نواند.


رۆژهەڵاتی کوردستان لەبەردەم گۆڕانکاریدا

بەپێی وتەی چەند بەرپرسێکی رۆژهەڵاتی کوردستان، هاوپەیمانێتی حزبە کوردییەکان بە ئاگاداری ئەمەریکا بووە و ئەگەر شەڕ بچێتە قۆناغێکی نوێوە، پێدەچێت ئەو حزبانە بچنە نێو شاروشارۆچکەکان.

بۆردومانی ناوچە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل چڕکراوەتەوە، هۆکارەکەی بۆ لاوازکردنی هەژموونی ئێران لەو ناوچانە دەگێڕدرێتەوە.

زانیارییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، هۆکاری بۆردومانکردنی ناوچە کوردییەکانی رۆژهەڵات بۆ لاوازکردنی توانا سەربازییەکانی ئێرانە لەو ناوچانە، تا لە قۆناغی دواتردا کورد ڕاپەڕێت و ناوچەکانی کۆنترۆڵ بکات.

ئەرسەلان یارئەحمەدی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری رێکخراوی هەنگاو بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بە پەنجەرەی راگەیاند: ئەگەر فشارەکانی سەر ئێران بەردەوام بن، پێدەچێت ئێران هێزەکانی لە رۆژهەڵات بکشێنێتەوە.


جموجۆڵی حزبە کوردییەکان

هەرچەندە حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئامادەکارییان ئەنجامداوە و هێز و رێکخستنیان لەناوخۆی رۆژهەڵات خستووەتە ئامادەباشییەوە، بەڵام هێشتا جموجۆڵی سەربازییان ئەنجام نەداوە.

زانیارییەکانی پەنجەرە ئاماژە بەوەدەکەن، هۆکاری نەجوڵانی حزبە کوردییەکان پەیوەندی بەوەوە هەیە هێشتا ئێران لەسەر زەوی بەهێزە، چاوەڕێی کات و دەرفەتی زیاترن.

پێدەچێت هۆکاری نەجوڵانی حزبە کوردییەکان بەشێکی تری پەیوەندی بەوەوە هەبێت، هێشتا لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە گڵۆپی سەوزیان بۆ هەڵنەکرابێت.


شای ئێران

لەکاتێکدا حزبە کوردییەکان بە ئاگاداری کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هاوپەیمانێتییان بۆ قۆناغی نوێی ئێران ئەنجامدا، بەڵام رەزا شای پەهڵەوی لەدژیان هەڵوێستی نواند و ئەمەش پەیوەندی نێوانیان هەردوولای ئاڵۆزتر کرد.

هێشتا هۆکاری هەڵوێستە نەرێنییەکەی کوڕی شای ئێران روون نییە، بەڵام ئەوە روونە هەڵوێستەکەی کوردی زیاتر کردە نەیاری، ئەمە جگە لەوەی سەرۆکی موجاهیدینی خەڵق دەرفەتی قۆستەوە و هەڵوێستی ئەرێنی بەرامبەر کورد دەربڕی.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو