شرۆڤەی زێدان بۆ گەورەترین کوتلە؛ ئایا ڕێگە بۆ ویلایەتی دووەمی سودانی خۆش دەکات؟

٣ ئازار ٢٠٢٦ - ٧:٢٣ پاش نیوەڕۆ

شرۆڤەی زێدان بۆ گەورەترین کوتلە؛ ئایا ڕێگە بۆ ویلایەتی دووەمی سودانی خۆش دەکات؟

پەنجەرە

لە پێشهاتێکی یەکلاکەرەوەدا، فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، هێرشێکی توندی کردە سەر بڕیاری ساڵی ٢٠١٠ـی دادگای فیدراڵی و بە "لادانی دادوەریی و خەتایەکی گەورە" وەسفی کرد.

ئەو بڕیارە ڕێگەی دەدا "گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی" لە دوای هەڵبژاردنەکان و لەڕێگەی هاوپەیمانێتییەوە پێکبهێنرێت.

زێدان پێیوایە گەورەترین کوتلە دەبێت پشت بە "لیستی براوەی هەڵبژاردن" ببەستێت، نەک مامەڵەی دوای هەڵبژاردن، واتا ئەو لیستەی دەنگی زۆرینەی هێنا گەورەترین کوتلەیە، نەک ئەو هاوپەیمانێتییانەی دوای هەڵبژاردن پێکدێت (لەنمونەی چوارچێوەی هەماهەنگی).

پێشیوایە ئەوەی ئێستا هەیە لەناساندنی هاوپەیمانێتییەکان بە گەورەترین کوتلە، پێشێلکردنی ئیرادەی دەنگدەر و هۆکاری سەرەکیی قەیرانە سیاسییەکانی عێراقە.

بۆ چارەسەریش، داوای هەموارکردنی دەستوور، یاخود یاسای پەرلەمان، یانیش پێداچوونەوەی دادگای فیدراڵی بە بڕیارەکەی پێشوویدا دەکات.
ئایا ئەمە بە مانای هاتنەوەی سودانی دێت؟

بەپێی شیکردنەوەی چاودێران، ئەم گۆڕانکارییە کتوپڕە لە میزاجی دادوەریدا، ڕێگاکە بەتەواوی بۆ محەمەد شیاع سودانی و لیستەکەی تەخت دەکات.

لە ڕووی یاساییەوە، سودانی ئێستا دەتوانێت داوا لە دادگا بکات تەفسیرەکە بگۆڕێت، چونکە ئەو گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی بوو و زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا، کەچی دواتر چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان بە یەکگرتنی لیست و قەوارەکان بەوەی سودانیشەوە، بە گەورەترین کوتلە حسابکرا کە دەسەڵاتی دیارییکردنی سەرۆک وەزیرانی هەبێت.

بەڵام بەڕای چاودێران، سودانی ڕاستەوخۆ کودەتا بەسەر چوارچێوەی هەماهەنگییدا ناکات، بەڵکو لەبری دروستکردنی کێشە، ئەم پاڵپشتییە دادوەرییە وەک کارتێکی فشار دەقۆزێتەوە بۆ ئەوەی خۆی وەک تاقە کاندیدی بێڕکابەر بەسەر چوارچێوەی هەماهەنگیدا بسەپێنێت.

لەلایەکی ترەوە بەم هەنگاوە، شەرعیەتی سودانی گەورەتر دەبێت و دەبێتە چارەسەرێک بۆ هەر چەقبەستووییەکی سیاسی کە دوای هەڵبژاردنەکان دروست ببێت.

ئەم هەنگاوەی زێدان تەنها چارەسەرێکی یاسایی نییە، بەڵکو نەخشەیەکی نوێی سیاسییە. نەک تەنها چانسی گەڕانەوەی سودانی بۆ پۆستەکەی بەهێزتر و ئاسانتر دەکات، بەڵکو گورزێکی ستراتیژییە لەو پارت و گروپانەی دیکەی نێو چوارچێوەی هەماهەنگیی، کە خوازیاری دەستکەوتی زیاتر بوون.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو