چەکی ستراتیژیی تاران؛ مووشەکی بالیستی چییە و چۆن هاوکێشەکانی گۆڕیوە؟
٣ ئازار ٢٠٢٦ - ٧:٢٧ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
یەکێک لەو خاڵانەی وەکو هۆکاری هێرشی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ناودەبرێت، بوونی ژمارەیەکی زۆر مووشەکی بالیستییە. بۆیە پرسیارەکە ئەوەیە: گرنگی ئەم مووشەکە چییە وەها ببێتە هۆکارێک لە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی شەڕێکی ئاوا گەورە؟
ئەم ڕاپۆرتە بە وردیی وەڵام دەداتەوە.
مووشەکی بالیستی چییە و بۆچی گرنگە؟
مووشەکی بالیستی چەکێکە تەنها لە سەرەتای هەڵدانیدا پشتی بە بزوێنەر بەستووە، دواتر وەک کەوانەیی و بەپێی هێزی کێشکردنی زەوی بەناو بەرگەهەوا یان دەرەوەیدا دەفڕێت و بە خێراییەکی سەرسوڕهێنەر دەگەڕێتەوە سەر ئامانجەکەی.
گرنگییەکەی لەوەدایە بەهۆی خێراییە زۆرەکەیەوە خستنەخوارەوەی زۆر قورسە، مەودایەکی دوور (هەزاران کیلۆمەتر) دەبڕێت، دەتوانێت کڵاوەی ئەتۆمی یان تەقەمەنی قورس هەڵبگرێت و چەکێکی ستراتیژییە کە هاوکێشەی هێز دەگۆڕێت.
توانای مووشەکی بالیستی ئێران و سەرچاوەکەی چییە؟
ئێران گەورەترین کۆگای مووشەکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە کە زیاتر لە ٣ هەزار مووشەکی بالیستی لەخۆدەگرێت، لەوانە نزیکەی ٢ هەزاریان دەگەنە وڵاتانی ناوچەکە.
دیارترین جۆرەکانی: "خوڕەمشەهر ٤ - خەیبەر" کە بەهێزترینە و ١٦ هێندەی دەنگ خێرایە و کڵاوەی هێشویی هەڵدەگرێت، لەگەڵ مووشەکەکانی سەجیل، شەهاب ٣، فاتح و زولفەقار.
لە سەرەتادا ئێران بۆ دروستکردنیان پشتی بە تەکنەلۆژیای سۆڤیەتی، کۆریای باکوور و چین بەست، بەڵام ئێستا بەتەواوەتی لە ڕێگەی "ئەندازیاریی پێچەوانە" و گەشەپێدانی ناوخۆییەوە تواناکانی بەرزکردووەتەوە و خۆی بزوێنەر، سووتەمەنی ڕەق و سیستەمی ئاراستەکردنیان بۆ دروستدەکات.
بۆچی ئەمەریکا و ئیسرائیل لێی دەترسن؟
واشنتۆن و تەلئەبیب داوای کەمکردنەوەی ئەم چەکانە دەکەن بەهۆی ئەم مەترسییانەوە:
١. مەودا و وردپێکانی: مووشەکەکان دەگەنە تەواوی خاکی ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە، بەتایبەتی کە ئێستا زۆر وردترن لە جاران بۆ پێکانی ئامانجە هەستیارەکان.
٢. ماندووکردنی بەرگرییەکان: هەڵدانی ژمارەیەکی زۆری مووشەک لە یەک کاتدا، دەتوانێت سیستەمەکانی بەرگریی ئیسرائیل ماندوو بکات و تێیانپەڕێنێت.
٣. مەترسیی ئەتۆمی: ئەگەر ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، ئەم مووشەکانە بڕبڕەی پشتی گواستنەوە و هەڵگرتنی کڵاوە ئەتۆمییەکانن.
بەکارهێنان و زیانەکانی لەم جەنگەی ئێستادا چی بووە؟
واباس دەکرێت لە شەڕی ساڵی پار و ئەمساڵدا، ئێران زیاتر لە ٥٠٠ مووشەکی بالیستی ئاراستەی ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمەریکا و وڵاتانی دیکە کردبێت.
بۆ خستنەخوارەوەی مووشەکەکانیش، ئیسرائیل و ئەمەریکا پشتیان بە سیستەمەکانی بەرگری بەستووە، بەتایبەتی ئیسرائیل سیستەمی "ئارۆ ٣" (Arrow 3) بەکاردێنێت کە مووشەکەکان لە دەرەوەی بەرگەهەوادا تێکدەشکێنێت.
هاوکات واباس دەکرێت ئیسرائیل و ئەمەریکا لە ڕێگەی هێرشە ئاسمانییەکانییەوە بۆ سەر بنکەکانی ئێران، نزیکەی هەزار مووشەکی ئێرانی و ٢٥٠ سەکۆی هەڵدانی موشەکەکانیان لەناو بردووە.