چەکدارکردنی هێزە کوردییەکان؛ پلانێکی نوێی ئەمەریکا
٤ ئازار ٢٠٢٦ - ٤:٢٤ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ڕاپۆرتە میدیاییەکانی ئەمریکا ئاشکرای دەکەن کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دەستی کردووە بە تاوتوێکردنی بژاردە سەربازییەکان بۆ پشتیوانیکردنی حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات بە ئامانجی ڕووخاندنی ڕژێمی تاران.
بەپێی زانیارییەکان، ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA) خەریکی داڕشتنی پلانێکی وردە بۆ چەکدارکردنی هێزە کوردییەکانی دژبەری ئێران، بە مەبەستی دروستکردنی "ڕاپەڕینێکی جەماوەریی" لەناوخۆی ئەو وڵاتەدا.
هەماهەنگی لەگەڵ هێزە کوردییەکان
تۆڕی هەواڵی "CNN" لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاویکردەوە، ئیدارەی ترەمپ لە چەند هەفتەی ڕابردوودا زنجیرەیەک گفتوگۆی لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنە ئێرانییەکان و سەرکردە کوردەکان لە عێراق ئەنجام داوە سەبارەت بە پێشکەشکردنی هاوکاریی سەربازیی.
هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە واسەیر دەکرێت بە سەدان و هەزاران شەڕکەریان لەسەر سنوورەکانی نێوان ئێران و عێراق هەیە، لە ئامادەباشیدان و هەندێک لەو گروپانە لە بەیاننامەکانیاندا باسیان لە "جوڵەی نزیک" کردووە و داوایان لە هێزە چەکدارەکانی ئێران کردووە ڕیزەکانی رژێم جێبهێڵن.
وادیارە سوپای پاسدارانی ئێرانیش ئاگاداری ئەم جوڵانە هەیە، بۆیە بە چەندین فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بنکەکانی ئەو گروپانەی لە خاکی هەرێمی کوردستان کردووەتە ئامانج.
ئۆپەراسیۆنی زەمینی و ئامانجە ستراتیژییەکان
بەرپرسێکی باڵای ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێران بە "CNN"ـی ڕاگەیاندووە: "پێشبینی دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا هێزە کوردییەکان ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی لە ڕۆژئاوای ئێران (ڕۆژهەڵاتی کوردستان) دەستپێبکەن."
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکردووە کە "هەلێکی گەورە" بۆ سەرکەوتن هەیە، بەتایبەت کە پشتیوانیی ئەمریکا و ئیسرائیلی هەبێت.
سەرچاوەکان دەڵێن ئامانجی واشنتۆن لەم هەنگاوە، سەرقاڵکردن و پەکخستنی هێزە ئەمنییەکانی ئێرانە لە ناوچە سنوورییەکان، تاوەکو ڕێگە خۆش بکات بۆ دانیشتووانی شارە گەورەکان بڕژێنە سەر شەقامەکان بەبێ ئەوەی ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی ببنەوە.