شارەزایەکی ئابوریی دڵنیایی دەدات لەبارەی مووچەی مانگەکانی ئادار و نیسان
٤ ئازار ٢٠٢٦ - ٤:٣٤ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
نەبیل مەرسومی، شارەزای بواری ئابووریی، دڵنیایی دەداتە مووچەخۆرانی عێراق کە کێشە بۆ دابینکردنی مووچەی مانگەکانی ئادار و نیسان دروست نابێت.
مەرسومی لە بڵاوکراوەیەکدا لە هەژماری خۆی لە فەیسبوک، ڕوونیکردەوە: "سوڕی سەرمایە و سامانی نەوتی پێویستی بە ماوەی نزیکەی دوو مانگ هەیە بۆ ئەوەی باری نەوتە هەناردەکراوەکان ببن بە پارە و وەک داهاتی دارایی بخرێنە سەر هەژمارەکانی وەزارەتی دارایی."
ئەو شارەزایە ئابوورییە ئاماژەی بەوەشکردووە، بەپێی ئەم هاوکێشەیە، عێراق داهاتی فرۆشی نەوتی مانگی کانوونی دووەم (مانگی یەک) لە مانگی ئادار (مانگی سێ) وەردەگرێت، هەروەها داهاتی فرۆشی نەوتی مانگی شوبات (مانگی دوو) لە مانگی نیسان (مانگی چوار) دەگاتە دەستی حکومەت.
لە کۆتایی قسەکانیدا مەرسومی جەختی کردەوە و وتی: "ئەمەش بەو مانایە دێت کە پێدانی مووچەی مانگەکانی ئادار و نیسان هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر نابێت و پارەیان مسۆگەرە."