لە نێوان ئاگری تاران و پلانەکانی واشنتۆندا؛ هەرێمی کوردستان لە لێواری گەورەترین پێشهاتی ناوچەکە

٤ ئازار ٢٠٢٦ - ٤:٣٦ پاش نیوەڕۆ

لە نێوان ئاگری تاران و پلانەکانی واشنتۆندا؛ هەرێمی کوردستان لە لێواری گەورەترین پێشهاتی ناوچەکە

پەنجەرە

لەگەڵ هەڵکشانی پریشکی جەنگی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران، هەرێمی کوردستان خۆی لە بەردەم پێشهاتێکی سەربازیی و سیاسیی ئاڵۆزدا دەبینێتەوە. 

ئێستا پرسیاری جەوهەریی ئەوەیە: ئایا هەرێم دەتوانێت بەشێک نەبێت لەم شەڕە و بێلایەنیی خۆی بپارێزێت، یاخود بەخواستی خۆی بێت یان ناچاریی، دەبێت تێکەڵی شەڕەکە ببێت؟


کارتی کورد؛ سوپایەکی نوێ بۆ ڕووخانی ڕژێم

لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ و ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمەریکا (CIA) تاوتوێی سیناریۆیەک دەکەن کە ڕەنگە بۆ هەمیشە نەخشەی ناوچەکە بگۆڕێت. 

بەپێی زانیارییە دزەپێکراوەکانی میدیاکانی ئەمەریکا، واشنتۆن دەیەوێت ئەو هەزاران چەکدارەی پارتە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران کە لەسەر سنوورەکان و ناو خاکی هەرێم جێگیرن، پڕچەک بکات.

ئامانجەکە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی زەمینییە لە ڕۆژئاوای ئێران (ڕۆژهەڵاتی کوردستان)، تاوەکو هێزەکانی ڕژێم پەرتەوازە بکرێن و دەرفەت بۆ ڕاپەڕینێکی جەماوەریی لە شارە گەورەکانی ئێراندا بڕەخسێت.

بەڵام جێبەجێکردنی ئەم پلانە پێویستی بە بەکارهێنانی خاکی هەرێمی کوردستانە وەک پێگەیەکی لۆجستی بۆ گواستنەوەی چەک، ئەمەش ڕێک ئەو خاڵەیە کە زەنگی مەترسییەکەی لێداوە.

سەرۆکی ئەمەریکا ڕاستەوخۆ قسەی لەگەڵ مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی کردووە، پێدەچێت قسەکردنەکەش هەر بۆ ئەو مەبەستەی سەرەوە بووبێت.


تاران بریندارە و پەلامار دەدات

ئێران بە گومانێکی گەورەوە دەڕوانێتە جوڵەی هێزە کوردییەکان و بە هاوکاریکردنی ئیسرائیل و ئەمەریکایان تۆمەتبار دەکات. هەربۆیە لەبری چاوەڕوانی، دەستپێشخەری کرد. لەدووەم ڕۆژی شەڕەکەوە سوپای پاسداران هێرشێکی چڕی بە درۆن و موشەک دەستپێکرد بۆ سەر هەولێر و سلێمانی، لەنێویاندا ژمارەیەک کەمپ و بارەگای پارتەکانی ڕۆژهەڵات.

ئەمە پەیامێکی ڕوونی تاران بوو کە ئامادەیە گۆڕەپانی جەنگەکە بۆ ناو قوڵایی هەرێمی کوردستان بگوازێتەوە ئەگەر هەست بە بچووکترین مەترسی لەو دیو سنوورەکانیەوە بکات.


هەولێر لەسەر پەتێکی باریک

لە بەرامبەر ئەم دۆخە پڕ لە دڵەڕاوکێیەدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵ دەدات بەسەر پەتێکی باریکدا بڕوات و گڕی جەنگەکە لە ماڵەکەی دوور بخاتەوە.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، هەر لە سەرەتای شەڕەکەوە ڕایگەیاند کە حکومەتەکەی پێداگرە لەسەر سیاسەتی "خۆبەدوورگرتن" و نایەوێت خاکی هەرێم ببێتە هەڕەشە بۆ سەر هیچ دراوسێیەک.

بەڵام دیمەنەکانی ئاسمانی کوردستان شتێکی دیکە دەڵێن؛ تێپەڕینی موشەکە ئێرانییەکان بەسەر ئاسمانی هەولێردا کە کونسوڵخانەی ئەمەریکا یان ئامانجی دیکەیان مەبەست بوو، ترسێکی گەورەی لای هاووڵاتیان دروستکردووە.


ئەگەرەکان بۆ کوێ دەچن؟

لە کاتێکدا بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بەڵێنی "شەڕێکی خێرا و یەکلاکەرەوە" دەدات، وادەردەکەوێت کە هەرێمی کوردستان لە چەقی گەردەلوولەکەدایە.

بەگشتی لەمچوارچێوەیەدا دوو سیناریۆ و ئەگەر پێشبینی دەکرێت:

یان ئەوەتا پلانەکەی واشنتۆن سەردەگرێت و چەکدارە کوردەکان دەبنە ئەو دوا بزمارەی دەدرێت لە تابووتی ڕژێمی ئێران و بە ڕووخانی تاران مەترسییەکانی سەر هەولێر دەڕەوێنەوە. 

یانیش بەهۆی لاوازیی هەماهەنگی و پەرتەوازەیی ناوخۆییەوە پلانەکە شکستی تێدەکەوێت و ڕێگەدان بە بەکارهێنانی خاکی هەرێم بۆ گواستنەوەی چەکی ئەمەریکی، دەبێتە گەورەترین پاساو بەدەست سوپای پاسدارانەوە تاوەکو شارەکانی کوردستان بکاتە گۆڕەپانی تۆڵەسەندنەوەیەکی وێرانکەر.

ڕۆژانی داهاتوو، نەک تەنیا چارەنووسی دەسەڵاتدارانی تاران، بەڵکو ئاییندەی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستانیش بەتەواوی یەکلا دەکەنەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو