سێبەری شەڕ بەسەر مۆندیالدا؛ ئەگەری کشانەوەی ئێران و جێگەگرتنەوەی بە عێراق هەیە

٤ ئازار ٢٠٢٦ - ٦:٣٠ پاش نیوەڕۆ

سێبەری شەڕ بەسەر مۆندیالدا؛ ئەگەری کشانەوەی ئێران و جێگەگرتنەوەی بە عێراق هەیە

پەنجەرە

بەهۆی شەڕەوە، ئەگەری کشانەوەی هەڵبژاردەی ئێران لە مۆندیالی ٢٠٢٦ـی ئەمریکا و کەنەدا و مەکسیک هەیە، بەپێی یاساکانی فیفاش، لە ئەگەری ڕوودانی ئەم سیناریۆیەدا، هەڵبژاردەی عێراق بەهێزترین پاڵێوراوە بۆ پڕکردنەوەی جێگەکەی.

لە ئێستادا ئێران لە کۆمەڵەی حەوتەمە شانبەشانی (میسر، بەلجیکا و نیوزیلەندا). ئەگەر کشانەوەکە پێش دەستپێکی پاڵەوانێتییەکە ڕووبدات، عێراق ڕاستەوخۆ دەچێتە ناو ئەو کۆمەڵەیە و هەمان خشتەی یارییەکانی ئێران جێبەجێ دەکات.

تائێستا ئێران بە فەرمی بڕیاری کشانەوەی نەداوە، بەڵام لەلایەک بوونی شەڕ و لەلایەکی ترەوە بەڕێوەچوونی یارییەکانی مۆندیال لە خاکی ئەمریکا، فشارە سیاسییەکانی سەر ئەو وڵاتەی زیاتر کردووە.

لە بەرامبەردا، هەڵبژاردەی عێراق کە لە ئێستادا لە پاشکۆی هەڵبژاردەکانە و ئەگەری سەرکەوتنی هەیە، ئەگەر ئێران لە مۆندیالەکە بکشێتەوە، ئەوا ڕاستەوخۆ جێگەی دەگرێتەوە.

یاساکانی فیفا جەخت لەوە دەکەنەوە کە پێویستە جێگرەوەی هەر هەڵبژاردەیەک کە دەکشێتەوە، لە هەمان کیشوەر بێت بۆ پاراستنی پشکی کیشوەرەکە.

بەو پێیەی عێراق خاوەنی باشترین ڕیزبەندییە لە ناو ئەو هەڵبژاردە ئاسیاییانەی کە نەگەیشتوونەتە مۆندیال و گەیشتووەتە پاشکۆی پاڵاوتنەکان، یەکەمین بژاردەی فیفایە بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ جێگەی ئێران بگرێتەوە.

لە ئەگەری ئەوەی عێراق خۆی لە پاشکۆی جیهانی سەرکەوێت (کە بڕیارە لە ٣١ـی ئادار یاری بکات)، ئەوا "ئیمارات" وەک دووەم بژاردە شوێنی ئێران دەگرێتەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو