قەیرانی مووشەک لە شەڕەکەی ئێران؛ کێ بەرگە دەگرێت؟

٤ ئازار ٢٠٢٦ - ٧:٣٠ پاش نیوەڕۆ

قەیرانی مووشەک لە شەڕەکەی ئێران؛ کێ بەرگە دەگرێت؟

پەنجەرە

لەگەڵ پەرەسەندنی شەڕی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو لەلایەک و کۆماری ئیسلامیی ئێران لەلایەکی دیکەوە، ئێستا قەیرانی نەمان و کەمبوونەوەی یەدەگی مووشەک بووەتە واقیعێکی مەیدانی کە فشارێکی گەورەی خستووەتە سەر واشنتۆن و هاوپەیمانەکانی، لە بەرامبەردا ئێران پشت بە ستراتیژییەکی هەرزان و ژمارە زۆر دەبەستێت بۆ ماندووکردنی بەرامبەرەکەی.


قەیرانی دابەزینی توانای بەرگریی هاوپەیمانان

هەریەکە لە ئەمەیکا و ئیسرائیل و کەنداو، لە ئێستادا ڕووبەڕووی قەیرانێکی حاشاهەڵنەگر بوونەتەوە، ئەویش ئەوەیە کە خێرایی بەکاربردنی مووشەکەکان زۆر زیاترە لە خێرایی بەرهەمهێنانیان.

سەرەڕای ئەوەی ترەمپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بانگەشەی ئەوە دەکات کە وڵاتەکەی خاوەنی "یەدەگێکی بێسنوورە" و دەتوانێت "تا هەتایە" درێژە بە جەنگ بدات، بەڵام شارەزایانی سەربازی هۆشدارییەکی پێچەوانە دەدەن.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەشێکی زۆری چەکە ستراتیژییەکانی وەک مووشەکی (SM-3) و (SM-6)ـی هێزی دەریایی و پاتریۆتی جۆری (PAC-3) بەکاربردووە. سەرەڕای ئەوەی کارگەکانی وەک "لۆکهید مارتن" بەوپەڕی توانایانەوە کار دەکەن، بەڵام ناتوانن جێگەی سەدان مووشەک بگرنەوە کە تەنها لە چەند هەفتەیەکدا تەقێندراون.

تەنانەت واشنتۆن ناچار بووە سیستەمی بەرگری لە ئاسیاوە بگوێزێتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە ئەمەش مەترسی بۆ سەر تایوان و کۆریای باشوور دروست دەکەن.

هاوکات تێچووی زۆر و کەمیی ژمارەی مووشەکە بەرپەرچدەرەوەکان، وای لە سوپای ئیسرائیل کردووە لە ئاداری ٢٠٢٦ـەوە پەنا بۆ "سیاسەتی ئابووریانە" ببات لە بەکارهێنانی چەکدا؛ واتە ڕێگە دەدات بەشێک لە درۆن و مووشەکەکان لە ناوچە چۆڵەکان بکەونە خوارەوە بۆ ئەوەی مووشەکە گرانبەهاکان تەنها بۆ پاراستنی دامەزراوە هەستیارەکان هەڵبگرێت.

دۆخەکە بۆ وڵاتانی کەنداو هەستیارترە. بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی بلومبێرگ، پاش تەنها چوار ڕۆژ لە جەنگەکە، قەتەر تەنها یەدەگی چوار ڕۆژی لە مووشەکی پاتریۆتی مابوو، دۆخی بەحرەینیش هاوشێوە بووە. هەرچەندە ئیمارات توانیویەتی لە %٩٢ـی هێرشەکان (١٥٢ مووشەکی بالیستی و ٥٠٦ درۆن) تێکبشکێنێت، بەڵام مانەوەی ئەم ڕێژە بەرزە بەهۆی کەمبوونەوەی مووشەکەکانەوە جێی پرسیارە.


"نقوومکردنی هەرزان"؛ ستراتیژیەتی ئێران

لە بەرامبەردا، ئێران کێشەی نەبوونی چەکی نییە، بەڵکو ستراتیژییەکەی لەسەر بنەمای پڕووکاندن و تێچووی کەم داڕشتووە.

تاران پشت بە درۆنی وەک "شاهید ١٣٦" و مووشەکی بالیستیی کۆن و هەرزان دەبەستێت. ئامانجی سەرەکی تاران تەنها وێرانکردن نییە، بەڵکو بەتاڵکردنەوەی کۆگاکانی دوژمنەکانێتی.

ئێران دەزانێت کە بەرپەرچدانەوەی تەنها یەک مووشەکی بالیستی، پێویستی بە لانیکەم دوو مووشەکی بەرپەرچدەرەوەی گرانبەهایە. نرخ و بەهای یەک مووشەکی (THAAD) بەرامبەرە بە تێچووی دروستکردنی ٥٠ بۆ ١٠٠ درۆنی خۆکوژیی ئێرانی.

لەلایەکی ترەوە بەشێکی زۆر لە سەکۆ هەڵداوەکانی ئێران گەڕۆکن یان لەژێر زەویدا شاردراونەتەوە، کە ئەمەش وایکردووە لەناوبردنی تەواوەتییان قورس بێت.


چارەسەر و بژاردە جێگرەوەکان

بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم قەیرانە قووڵە، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی پەنایان بۆ چەند بژاردەیەک بردووە، لەوانە:

١. چەکی لێزەری: هەوڵ دەدرێت بۆ خستنەخوارەوەی درۆنە هەرزانەکان سیستەمی لێزەری بەکاربهێندرێت، کە تەنها پێویستی بە وزەی کارەبایە و مووشەکی ناوێت، بەڵام ئەم تەکنەلۆجیایە هێشتا نوێیە و بە لێشاو بەرهەم نەهێندراوە.

٢. بەهاناوەچوونی ئەوروپا: فەرەنسا ئامادەکاریی دەکات بۆ ناردنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "شارل دیگۆل" کە بە مووشەکی (Aster) تەیار کراوە بەرەو دەریای ناوەڕاست.

٣. ئەزموونی ئۆکرانیا: وڵاتانی کەنداو هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی ئەزموونی ئۆکرانیاوە، بە چەکی ڕەشاش و درۆنی هەرزان ڕووبەڕووی پۆلی درۆنە ئێرانییەکان ببنەوە و مووشەکە گرانبەهاکان نەسووتێنن.


شەڕێکی لۆجستیی

جەنگەکەی ئێستا دەکرێت بە "شەڕێکی لۆجستیی" ناوببرێت. ئەگەرچی باڵادەستیی تەکنەلۆژی و کوالیتی بەلای ئەمریکا و ئیسرائیلدا دەشکێتەوە، بەڵام ژمارە و تێچووی کەم، خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئێران دەکات.

لە ئێستادا هاوپەیمانان لە کێبڕکێیەکی سەختدان لەگەڵ کاتدا؛ یان دەبێت هێڵەکانی بەرهەمهێنان خێراتر بکەن، یان دەبێت چارەسەری بەدیل بدۆزنەوە پێش ئەوەی یەدەگی چەکەکانیان بگاتە هێڵی سوور و کاره‌ساتی گەورەی لێ بکەوێتەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو