گەروی هورمز؛ ئەو کارتەی ئێران کە دونیای نیگەران کردووە
٥ ئازار ٢٠٢٦ - ٢:٤٧ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لەگەڵ هەڵکشانی گرژییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ئێران و هەڵگیرسانی شەڕ، ئێران دەستی بۆ کارتە مەترسیدارەکە برد کە داخستنی گەروی هورمزە.
گەرووی هورمز چییە و بۆچی دادەخرێت؟
گەرووی هورمز، ڕێڕەوێکی ئاویی تەسک و ستراتیژییە لە باشووری ڕۆژئاوای ئاسیا، کە کەنداوی "عەرەبی/ فارسی" بە دەریای عومان و زەریای هیندییەوە دەبەستێتەوە. دەکەوێتە نێوان کەناراوەکانی باشووری ئێران و باکووری سوڵتاننشینی عومان.
بەپێی ئامارەکانی فەرمانگەی زانیاریی وزەی ئەمەریکا (EIA)، لە تەسکترین خاڵیدا پانییەکەی تەنها ٣٣ کیلۆمەترە، و پانیی ئەو ڕێڕەوەی کە کەشتییەکان بە کردارەکی پێیدا تێدەپەڕن لە هەر ئاراستەیەکدا تەنها ٣ کیلۆمەترە.
بۆچی گرنگە؟
ئەم گەرووە تاکە دەرچەی دەریاییە بۆ هەناردەی نەوتی وڵاتانی کەنداو (عێراق، کوەیت، قەتەر، ئیمارات و بەشێکی سعودیە). ڕۆژانە نزیکەی ٢٠٪ـی کۆی نەوتی بازرگانیی جیهان و بڕێکی زەبەلاح لە غازی سروشتیی شلی قەتەر بەم ڕێڕەوەدا تێدەپەڕن.
داخستنی ئەم گەروە لەلایەن ئێرانەوە یەکێکە لە لێکەوتەکانی شەڕ و زۆربەی وڵاتانی دونیای نیگەران کردووە، بەو پێیەی مەترسی گەورەی لەسەر ئاسایشی وزە دروستکردووە.
بۆچی ئێران دەستی بۆ ئەم کارتە برد؟
ئێران ئەم گەرووە وەک کارتێکی فشاری ستراتیژی بەکاردەهێنێت. لە کاتی سەپاندنی سزای قورسی ئابووری، بەئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی و هێرشی ڕاستەوخۆی سەربازی، بەرپرسانی ئێران خێرا پەیامی داخستنی گەروی هورمزیان دا بەگوێی جیهاندا.
لە ڕووی سەربازییەوە، ئێران خاوەنی بەلەمی خێرا، مینی دەریایی، مووشەکی کەناراوەکان و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە و کۆنتڕۆڵی چەند دوورگەیەکی ستراتیژیی ناو گەرووەکەی کردووە (وەک قشم، هورمز و ئەبو موسا).لەکاتێکدا بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن زۆربەی توانا ئاسمانی و دەریاییەکانی ئێرانیان لەناو بردووە.
بەڵام لەبەرامبەردا، گەرووەکە ڕێڕەوێکی نێودەوڵەتییە و کەشتیگەلی پێنجەمی ئەمەریکا لە بەحرەین جێگیرە بۆ پاراستنی.
شێرکۆ کرمانج، چاودێری سیاسی، دەڵێت: ئەگەری زۆرە ئەمەریکا هێزی سەربازیی لە دەوروبەری گەروی هورمز دابەزێنێت.
دەشڵێت: ئەمەش لەپێناو کردنەوەی گەروی هورمز و دوورخستنەوەی هەڕەشەکانی ئێران.