عێراق دەیەوێت بەرهەمی نەوت بگەیەنێتە ٦٠٠ هەزار بەرمیل
٥ ئازار ٢٠٢٦ - ٢:٥٠ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دوای ڕاگیرانی هەناردەکردنی نەوت بە کاریگەری شەڕی ئێران، عێراق ئەمڕۆ تەنها ٦٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەکردووە و دەیەوێت ئەم ژمارەیە بگەیەنێتە ٦٠٠ هەزار.
محەمەد حسێن، ئەندامی تۆڕی ئابووریناسانی عێراق، بە پەنجەری وت: دوێنێ عێراق هیچ بڕە نەوتێکی هەناردە نەکردووە، بەڵام ئەمڕۆ ٦٠ هەزار بەرمیلی ڕەوانەکردووە کە ئەویش نەوتی هەرێمە و بەڕێگەی بۆڕی نەوتی هەرێم- جەیهان هەناردەکراوە.
وتیشی: ئەمەش لەکاتێکدایە بە کاریگەریی شەڕی ئێران و ئەستەمبوونی هاتوچۆی کەشتی نەوتهەڵگر لە گەرووی هورمز، نەوتی عێراق کە پێشتر نزیکەی ٣ ملیۆن و نیو بەرمیلی لێ ڕەوانە دەکرا، ئێستا بەمشێوەیە کەمبووەتەوە.
هەرچی هەناردەی نەوتی هەرێمیشە، پێش ئەم ڕووداوە لە سەرووی ٢٠٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانەوە بوو، بەڵام دوای کەمکردنەوەی بەرهەم یان ڕاگرتنی کاری کێڵگەکان، ڕێژەکە لەوێش ٧٠ بۆ ٧٥٪ کەمیکردووە.
محەمەد حسێن ئاماژەی بەوەدا عێراق پلانی ئەوەی هەیە نەوتی کەرکوک و هەرێم بە یەکەوە بە بۆڕی نەوتی جەیهان هەناردە بکات و کۆی هەناردەی ڕۆژانە بگەیەنێتە ٦٠٠ هەزار بەرمیل.