ترامپ بۆ بارزانی و تاڵەبانی: یان ئێمە یان ئێران
٥ ئازار ٢٠٢٦ - ٦:٢٧ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لەپەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا لەگەڵ مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی، دۆناڵد ترامپ هۆشداریی پێداون کە یان لەگەڵ ئەواندا دەبن یان لەگەڵ ئێران، ئەمەش بەوتەی ڕۆژنامەیەکی ناسراوی ئەمەریکی.
ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست، ئەمڕۆ لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرایکردووە کە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە ڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی، داوای لێکردوون پشتیوانی لە هەوڵە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران بکەن.
ڕۆژنامەکە لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئاگاداری کوردەوە گواستوویەتیەوە کە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکاندا ترامپ "زۆر ڕاشکاو" بووە و هۆشدارییەکی توندی داوەتە سەرکردە کوردەکان سەبارەت بەوەی کە دەبێت لایەنێک لەم ململانێیەدا هەڵبژێرن و وتویەتی: "یان لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دەبن، یان لەگەڵ ئێران."
ڕاپۆرتەکە هەروەها ترامپ ئۆفەری ئەوەی خستووەتە ڕوو کە ئەمریکا پاڵپشتییەکی ئاسمانیی فراوان و پشتیوانیی لۆجستی دەستەبەر دەکات بۆ ئەو هێزە کوردییە ئۆپۆزیسیۆنانەی کە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی ڕۆژئاوای ئێران (ڕۆژهەڵاتی کوردستان) دەدەن، لەم چوارچێوەیەدا داوای لە سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان کردووە کە نابێت ڕێگری لە چالاکییەکانی ئەو گروپانە بکەن لەسەر سنوورەکان.
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە سەرکردەکانی کورد ترسیان لە تێوەگلانی ڕاستەوخۆ هەیە لەو ململانێیەدا، چونکە نیگەرانن لەوەی هەرێمی کوردستان ببێتە قوربانی و ڕووبەڕووی کاردانەوە و تۆڵەسەندنەوەی توند و وێرانکەری ئێران ببێتەوە.