ڕۆژنامەی تەلەگراف: ژمارەی مووشەکەکانى ئێران بەرەو نەمان دەچێت

٥ ئازار ٢٠٢٦ - ٦:٣٠ پاش نیوەڕۆ

ڕۆژنامەی تەلەگراف: ژمارەی مووشەکەکانى ئێران بەرەو نەمان دەچێت

پەنجەرە

ڕۆژنامەی "تەلەگراف"ـی بەریتانی ئاماژەی بەوە کردووە، دابەزینێکی بەرچاو لە هاویشتنی مووشەک لەلایەن ئێرانەوە ڕوویداوە، ئەمەش بە مانای کەمبوونەوەی ژمارەی مووشەکەکانی ئەو وڵاتە دەزانێت.

ڕۆژنامەکە لە ڕاپۆرتێکیدا هۆکاری ئەم کەمبوونەوەیەی بۆ دوو خاڵ گێڕاندووەتەوە، یەکەمیان کەمبوونەوەی خودی مووشەکەکان بەهۆی زۆریی هاویشتنیان، دووەمیشیان تێکشکانی سەکۆکانی هاویشتنی مووشەکە لەلایەن ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە.

ڕۆژنامەکە لەم ئیدیعایەیدا پشتی بەستووە بە ئامارێک، تیادا ڕوونیدەکاتەوە لە ماوەی دوو ڕۆژی یەکەمی شەڕەکەدا، ئێران بە تێکڕای ڕۆژانەی ٥٨ مووشەکی بالیستی ئاراستەی ئیمارات کردووە، بەڵام ئەم ژمارەیە لە ڕۆژی چوارەمدا بۆ تەنها ١٠ مووشەک دابەزیوە.

هەروەها لەکاتێکدا ڕۆژی دووشەممە ٧ مووشەکی بالیستی ئاراستەی بەحرەین کرابوون، ڕۆژی چوارشەممە ژمارەکە بۆ ٤ مووشەک کەم بووەتەوە.

قەتەریش دەڵێت بەلایەنی کەمەوە ١٠١ مووشەکی بالیستی ئاراستەی کراوە، کە زۆربەیان لە دوو ڕۆژی یەکەمی شەڕەکەدا بوون.

کۆڵبی بێدوار، شرۆڤەکاری کاروباری بەرگریی، بە رۆژنامەکەی وتووە: ئەمە نیشانەیەکی سەرەتاییە بۆ ئەوەی کۆگای مووشەکە بالیستییەکانی ئێران بەرەو تەواوبوون دەچێت.

ڕاپۆرتی ئەم ڕۆژنامەیە لەکاتێکدایە کە سەرچاوە ڕۆژنامەوانییەکان باس لەوە دەکەن ئەمەریکا و ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداویش تووشی قەیرانی کەمبوونەوەی مووشەکی بەرپەرچدەرەوە بوون، بەوهۆیەی زۆرێک لە مووشەکەکانیان بەکارهێناوە بۆ تەقاندنەوەی مووشەکە ئێرانییەکان کە ئاراستەیان دەکرێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو