"گرێی کورد"؛ هێرشەکانی ئێران بۆ سەر تورکیا و ئازەربایجان گوماناویین

٥ ئازار ٢٠٢٦ - ٦:٥٥ پاش نیوەڕۆ

"گرێی کورد"؛ هێرشەکانی ئێران بۆ سەر تورکیا و ئازەربایجان گوماناویین

پەنجەرە

ئەو هێرشەی کە تورکیا و ئازەربایجان دەڵێن لەلایەن ئێرانەوە کراوەتە سەریان، گومانی درووستکردووە، یەکێک لە گومانەکانیش وەستانەوەیە دژ بە خواستەکانی کورد لە ئێران.

هەریەکە لە تورکیا و ئازەربایجان، ڕایانگەیاند کە ڕووبەڕووی هێرشی ئێرانی بوونەتەوە. ئازەربایجان ڕایگەیاند کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی هێرش کراوەتە سەر فڕۆکەخانەی نەخجەوان و بەهۆیەوە دوو کەس برینداربوون. لە هەمان کاتدا تورکیا بانگەشەی ئەوەی کرد کە سیستەمی بەرگریی موشەکێکی بالیستی ئێرانی تێکشکاندووە کە ئاراستەی ئاسمانی تورکیا کرابوو. بەم هۆیەوە هەردوو وڵات ناڕەزایەتی دیپلۆماسییان گەیاندە تاران.

لە بەرامبەردا ئێران بە توندی ئەم تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت هیچ موشەکێکی ئاراستەی تورکیا نەکردووە و سەبارەت بە ئازەربایجانیش دەڵێت ڕەنگە لەلایەن لایەنی دیکەوە ئەنجامدرابێت.

چاودێران وایدەبینن ئەم ئیدیعایانەی هەردوو وڵات، چەند ئامانجێکیان هەیە، یەکێک لەوانە ڕێگریکردنە لە باڵادەستیی کورد.

د. هەردی مەهدی، مامۆستای زانکۆ، لە هەژماری خۆی لە فەیسبوک نوسیویەتی: ئەو دوو وڵاتە بەهۆی ئازاری عوقدەی دێرینەیان بەرامبەر کوردستان، بێفەرمووکردن لێیان دەستدەکەنە هەوڵی نێوەندگیریی ئیقلیمی و گەورەکردنی مەترسی لەسەر خۆیان، تەنها بۆ ئەوەی کورد نەگات بە تۆزە مافێکی زەوتکراوی سەد ساڵە.

دەشڵێت: "هەوڵدەدەن ئێران بهێڵنەوە یان بڕوخێنن بەو مەرجەی هیچ بۆ کورد نەکرێت."

ئەم لێدوانەی ئەو دوو وڵاتە لەکاتێکدایە بەشێکی پێکهاتەی ئێران ئازەریی و تورکن، بەشێک لە ناوچەکانیشیان تێکەڵ و هاوسنوورە لەگەڵ ناوچە کوردییەکاندا.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو