ئاڵۆزی دۆخی ئێران؛ ترسی گەورەی لای تورکیا لە پێگەی داهاتووی کورد لەو وڵاتە دروستکردووە

٦ ئازار ٢٠٢٦ - ٢:٣٩ پێش نیوەڕۆ

ئاڵۆزی دۆخی ئێران؛ ترسی گەورەی لای تورکیا لە پێگەی داهاتووی کورد لەو وڵاتە دروستکردووە

پەنجەرە 

پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئێران لە لایەک و ئەمەریکا و ئیسرائیل لە لاکەی تر، تورکیای خستووەتە دۆخی ئامادەکاریی و ترسەوە، بەهۆی جموجۆڵی حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان.

لەکاتێکدا حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە هاندانی ئەمەریکا ئامادەکاری دەکەن بۆ چوونە نێو شار و شارۆچکەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، تورکیاش لە سنوری ماکۆ هێزی کۆکردووەتەوە و چاودێری جوڵەی کورد دەکات.

بەشداریکردنی حزبە کوردییەکان لە شەڕی نێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل تەنها مەترسی پێکدادانی لە شارە کوردییەکان لێناکەوێتەوە، بەڵکو تورکیاش هاندەدات بۆ ئەوەی هەوڵی دەستوەردان و نانەوەی ئاڵۆزی بدات.

هەوڵەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سود وەرگرتن لە حزبە کوردییەکان بۆ شەڕی دژ بە ئێران بە نهێنی نەمایەوە، دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا پەیوەندی بە بارزانی، تاڵەبانی و مستەفا هیجرییەوە کرد.

ئامانجی ئەمەریکا لە سود وەرگرتن لە توانای سەربازی حزبە کوردییەکان ئەوەیە، پەرتبوون لەنێو ئێران دا دروست بکات و لە رێگەی کۆنترۆڵکردنی شارە کوردییەکانەوە، ناوچەکانی تریش هانبدات بۆ هەڵگەڕانەوە لە ئێران، بەمپێیە ناوەڕۆکی پلانەکە گۆڕینی تاکتیکی جەنگە لە هێرشی ئاسمانییەوە بۆ گواستنەوەی شەڕ بۆ ناوخۆی ئێران. 

ئەمەریکا و ئیسرائیل دڵنیابوونەتەوە لەوەی هێرشی ئاسمانی نابێتە هۆی رووخانی دەسەڵاتی سیاسی لە ئێران، بۆیە دەیانەوێت لە رێگەی تاکتیکی نوێوە پەرتبوون لەنێو ئێران دروست بکەن و پرۆسەی لاوازکردنی رژێمەکە خێراتر بکەن.

لەماوەی رۆژانی ڕابردوودا، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل هێرشی چڕی ئاسمانییان بۆ سەر ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەنجامدا و بنکە و بارەگا سەربازییەکانیان خاپور کرد، دەیانەوێت لەمڕێگەیەوە زەمینە خۆش بکەن بۆ چوونە ناوەوەی حزبە کوردییەکان. 

بەرپرسانی پژاک نایشارنەوە، هێزەکانیان لەناوچە سنورییەکان خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، بۆ ئەوەی لەکاتی پێویستدا بچنە نێو شار و شارۆچکەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و کۆنترۆڵی بکەن.

ئێران لە جوڵەی حزبە کوردییەکان توڕە و نیگەرانە، بۆیە جگە لە ناردنی پەیام بۆ بەرپرسانی یەکێتی و پارتی، ناو بەناو هێرشی موشەکی و درۆنی بۆ سەر بارەگای حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵات لە ناو هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدات.

جموجۆڵی تورکیا لە ناوچە سنورییەکانی ئێران و چاودێریکردنی جوڵەی حزبە کوردییەکان مەترسی بۆ داهاتووی ئێران دروستکردووە، بەوپێیەی دەستوەردانی تورکیا ناکۆکی لەنێو پێکهاتەکانی ئێران و مەترسی پێکدادانی چەکداری زیاتر دەکات.

وەزارەتی بەرگری تورکیا جەختیکردەوە چاودێری جموجۆڵی هێزە چەکدارە کوردییەکان دەکەن و رایگەیاند: گروپە جودا خوازەکانی هاوشێوەی پژاک تەنها زیان بە ئاسایشی ئێران ناگەیەنن، بەڵکو مەترسی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری هەموو ناوچەکە دروست دەکەن.

دەشڵێت: تورکیا لەپاڵ هەوڵەکاندا دەوەستێت بۆ پاراستنی یەکێتی خاکی ئێران و هەوڵەکان بۆ بەشکردنی رەتدەکاتەوە.

هاوکات لەگەڵ هەڕەشە و نیگەرانییەکانی تورکیا، سەرچاوەیەکی باڵای سیاسی و نزیک لە دۆخی ئێران، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: تورکیا بەبیانووی رێگرتن لە پەڕینەوەی ئاوارە بۆ نێو وڵاتەکەی، هێزێکی زۆری لەناوچە سنورییەکانی ئێران و بەدیاریکراوی لە ماکۆ کۆکردووەتەوە.

وتیشی: ئامانجی تورکیا لە کۆکردنەوەی هێز بۆ دەستوەردان و رێگرتنە لە رۆیشتنی هێزە کوردییەکان بۆ ورمێ، لە ئەگەری ئاڵۆزبوونی دۆخی ئێران دا، بەوپێیەی دانیشتوانی ورمێ تێکەڵەیەکە لە کورد و تورک.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو