ئیلهام وەرگرتن لە ئەزموونی ئەفغانستان؛ ئەمەریکا و ئیسرائیل چۆن دەیانەوێت سوود لە کورد ببینن؟

٦ ئازار ٢٠٢٦ - ٥:٢٦ پاش نیوەڕۆ

ئیلهام وەرگرتن لە ئەزموونی ئەفغانستان؛ ئەمەریکا و ئیسرائیل چۆن دەیانەوێت سوود لە کورد ببینن؟

پەنجەرە

لەکاتێکدا تادێت قسەکان لەسەر بەشداریی هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات لە ڕووداوەکانی ئێران زیاتر دەبێت، تائێستا چۆنییەتی ئەم بەشدارییە ڕوون نییە، لەکاتێکدا توێژەرێک ئاماژە بە ئەزموونی ئەفغانی لەمبارەیەوە دەدات.

لێکۆڵەر و شارەزایانی بواری سیاسی و هەواڵگری ئاماژە بەوە دەکەن، کە هێزە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران پێگەیەکی گرنگیان دەبێت لە ستراتیژیەتی ئەمریکا و ئیسرائیلدا لە ئێران، بەتایبەت کە ئەو دوو وڵاتە بۆ ئەنجامدانی هەر ئۆپەراسیۆنێک لە ناوخۆی ئێران پێویستیان بە هێزێکی چەکداری ڕێکخراو هەیە لەسەر زەوی.

لەم چوارچێوەیەدا، محەممەد ساڵح، توێژەر لە پەیمانگای لێکۆڵینەوەکانی سیاسەتی دەرەوە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بە ئاژانسی فرانس پرێسی وتووە: واشنتۆن سەرسامە بەو هێزە کوردییانەی کە تاران بە "تیرۆریست" ناویان دەبات. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەو هێزانە "ڕێکخراوترین بەشی ناو بزووتنەوەی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانن بە مانا فراوانەکەی".

ئەم وتەیەی ئەو توێژەرە، پێدراوەکان جەختی لێدەکەنەوە، چونکە هیچ هێزێک نییە وەکو کورد لەڕووی ڕێکخستن و لایەنی چەکدارییەوە، بوونێکی ئەوتۆی هەبێت.

محەممەد ساڵح پێیوایە ئەو ئاراستەیەی کە ئۆپەراسیۆنەکان لە ناوخۆی ئێران پیایدا تێدەپەڕن، دەرخەری ئەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل بەکردەیی پێویستیان بە بوونێکی چەکداری لەسەر زەوی هەبێت، چونکە هیچ کام لەو دوو وڵاتە بەتەمای ناردنی هێزی تایبەتی خۆیان نین بۆ ناو خاکی ئێران.

لەلایەکی دیکەوە، ستیفانۆ ڕیتۆندایل، بەرپرس لە کۆمپانیای "ئەرتۆریاس"ـی تایبەت بە شیکاریی زانیارییە هەواڵگرییەکان، باس لەوە دەکات کە چەکدارە کوردەکان دەتوانن تاڕادەیەک هەمان ئەو ڕۆڵە پاڵپشتییە ببینن کە 'هاوپەیمانیی باکوور' لە ساڵی ٢٠٠١ لە ئەفغانستان دژی تاڵیبان بینی.

هاوپەیمانیی باکوور، هاوپەیمانێتییەک بوو لەنێوان پارتە ئەفغانییەکانی دژ بە تاڵیبان. ئەوان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان خاوەنی ناوچەیەکی بچووک بوون لە سەردەمی تاڵیبان کە دەیکردە ٥٪ـی ڕووبەری وڵاتەکە، کە دواتر ناوچەکە و پارتە نیشتەجێبوەکانی ڕۆڵی هەبوو لە دەستپێکردن و سەرگرتنی ئۆپەراسیۆنی خستنی ڕژێمی تاڵیبان.

ڕیتۆندایل، پێیوایە ئەمەریکا و ئیسرائیل دەیانەوێت هەمان کار لە ئێرانیشدا بکەن، لە ڕێگەی دروستکردنی ناوچەیەک کە هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا بتوانن لێیەوە دەست بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکانیان بکەن.

بوونی هێزی چەکداریی، ڕێکخستنی ناوخۆیی، هەروەها ئەوەی خۆیان خەڵکی ئەو ناوچەیەن، یارمەتیدەری حزبە کوردییەکانە لە سەرگرتنی ئەم سیناریۆیە، هاوکات لایەنی جوگرافیش یارمەتیدەرە بەهۆی بوونی هەرێمی کوردستان و عێراق وەکو دیوی پاڵپشتی.
دەکرێت پەیوەندییەکەی دۆناڵد ترامپ بە مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی، هەر لەمچوارچێوەیەدا لێکبدرێتەوە.

ئەوەی ئەم ئەگەرە بەهێزتر دەکات، لێدوانە ڕاشکاوەکەی دوێنێ شەوی دۆناڵد ترامپ کاتێک لەئەگەری بەشداریی پارتە کوردییەکان لە هێرش بۆ سەە ئێراندا وتی: "شتێکی ناوازە دەبێت، ئەگەر بیانەوێت."


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو