بۆچی ئەمەریکا چاوی لە تەکنەلۆژیای دژە درۆنی ئۆکرانیایە؟
٦ ئازار ٢٠٢٦ - ٥:٢٩ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لەکاتێکدا تائێستا وڵاتانی دیکە بە دوای ئەمەریکاوە بوون و داوای تەکنەلۆژیا و چەکیان کردووە، لەپێشهاتێکدا کە لەمێژوودا دەگمەنە، ئەمەریکا داوای تەکنەلۆژیای سەربازیی لە ئۆکرانیا دەکات. پرسیار ئەوەیە: چۆن ئەمە ڕوویدا؟
وەڵامەکەش یەک وشەیە: ئێران!
لەشەڕی ئێستای نێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل لەلایەک و ئێران لەلاکەی تر، ئەوەی بوەتە مامەی سەرئێشە و زیانێکی زۆری سەربازیی و ئابووری بۆ لایەنی یەکەم، درۆنە خۆکوژیی و خۆتەقێنەرەکانە، بەتایبەتی درۆنی شاهد- ١٣٦.
بەڵام ڕەنگە بپرسن کە ئەمە پەیوەندیی بە ئۆکرانیاوە چییە؟ لەخوارەوە وەڵام دەدەینەوە.
ئابووریی؛ دیوە بارگرانەکە
لەشەڕەکەدا یەکێک لەو چەکانەی ئێران زۆر پشتی پێدەبەستێت، درۆنە؛ بەشێوەیەک هەزاران درۆن بەکاردێنێت و سەدان دانەیان لە یەک کاتدا ئاراستە دەکات کە وادەکات بەرگریی لایەنی بەرامبەر نقوم بکات.
گەورەترین کێشە کە ئەم درۆنانەی ئێران درووستی دەکەن، کەمیی نرخی دروستکردنیان و زۆریی تێچوونی بەرگرییانە.
لەکاتێکدا درۆنەکان هەر یەکەیان بە ٢٠ بۆ ٥٠ هەزار دۆلار دروستدەکرێن، بەڵام بۆ خستنەخوارەوەیان ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو، ناچار دەبن موشەکێکی سیستەمی (Patriot) بەکاربهێنێت کە تێچووەکەی ٣ بۆ ٤ ملیۆن دۆلارە بۆ یەک مووشەک. یان موشەکی (NASAMS) کە تێچووەکەی دەگاتە یەک ملیۆن دۆلار بۆ یەک مووشەک. تەنانەت هەرزانترین مووشەکی بەرگری نرخەکەی سێ بۆ چوار ئەوەندەی نرخی درۆنە ئێرانییەکەیە!
ئەم جیاوازییە گەورەیە وا دەکات تەنانەت ئەگەر درۆنەکانیش بخرێنە خوارەوە، وڵاتی بەرگریکار لە ڕووی ئابوورییەوە تووشی زیان و بەتاڵبوونەوەی کۆگای موشەکەکانی ببێت. ئەمەیە ئەو خاڵەی کە ئەمەریکا و ئیسرائیل لێی دەترسن و دەشوترێت تێیکەوتوون.
بۆچی ئۆکرانیا؟
درۆنەکانی شاهد لەو درۆنانەن کە ڕووسیا لە شەڕەکەیدا دژی ئۆکرانیا بە چڕی بەکاریهێناوە و هەزارانی لە ئێران کڕیوە و دواتریش هەر بە هاوکاری ئێران کارگەی تایبەتی درووستکردووە بۆ بەرهەمهێنانی درۆن.
ئۆکرانیا بەهۆی زۆری بەکارهێنانی لە دژی، ئەزموونێکی باشی وەرگرتووە لە خستنەخوارەوەیدا.
ئەو سیستەمێکی بەرگریی فرە چینی پەرەپێداوە کە بووەتە هۆی سەرنجڕاکێشانی ئەمەریکا، کە پێکهاتووە لەم بەش و چینانە:
درۆنی ڕێگریکەر: ئۆکرانیا درۆنی بچووک و هەرزانی دروستکردووە کە لە ئاسماندا خۆیان بە درۆنەکانی شاهیددا دەکێشن. تێچووی ئەم ڕێگرییە تەنها لە نێوان هەزار بۆ ٥ هەزار دۆلاردایە.
تیمەکانی ڕاوکردنی درۆن: بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی پێکئاپ کە بە ڕەشاشی قورس، لایتی بەهێز، لەیزەر و ڕاداری بچووک تەیار کراون، بۆ خستنەخوارەوەی درۆنەکان لە شەودا بەکاردێنێت.
جەنگی ئەلیکترۆنی: ساختەکردنی شەپۆلەکانی GPS و تەشویش دروستکردن بۆ ئەوەی درۆنەکان ڕێگەی خۆیان ون بکەن.
بەهێزکردنەوەی تۆپخانە دژە فڕۆکەکان: بەکارهێنانی سیستەمی (Gepard)ـی ئەڵمانی بۆ خستنەخوارەوەی درۆنەکان، کە پشت بە گولـلە دەبەستێت نەک موشەکی گرانبەها.
بەم تەکنیکانە، ئۆکرانیا توانیویەتی لە نێوان ٧٠ بۆ ٩٥٪ـی درۆنەکان بخاتە خوارەوە. بەشێوەیەک تەنها لە مانگی یەکی ئەمساڵدا توانی ژمارەی پێوانەیی تۆمار بکات بە خستنەخوارەوەی سەروو ١٧٠٠ درۆنی شاهیددا.
هەموو ئەمانە هۆکارن بۆ ئەوەی ئەمەریکا پەنا بۆ هاوکاریی ئۆکرانیا ببات و لە مەترسی زۆریی تێچوونی مووشەکی بەرگری و زیانە ئابوورییەکەی، ڕزگاریی بکات.