کێ لەپشت دابەزینە ئاسمانییەکەی بیابانی (نەخیب)ـەوەیە؟

٦ ئازار ٢٠٢٦ - ٥:٤٢ پاش نیوەڕۆ

کێ لەپشت دابەزینە ئاسمانییەکەی بیابانی (نەخیب)ـەوەیە؟

پەنجەرە

لە ناوەڕاستی ئاڵۆزییە ئەمنییەکانی ناوچەکەدا، ڕووداوێکی تەمومژاویی دابەزینی ئاسمانی لە بیابانی نەخیبی نێوان پارێزگاکانی ئەنبار و نەجەف، بووەتە جێی باسی ناوەندە میدیاییەکان و شەقامی عێراقی.

ڕووداوەکە کە تێیدا سەربازێکی عێراقی کوژرا، پرسیاری زۆری لەسەر ناسنامەی ئەو هێزە بیانییە دروستکردووە کە ئۆپەراسیۆنەکەی ئەنجامداوە و پرسیارەکانیش زۆربەیان بەر دیواری بێوەڵامیی کەوتوون.


چۆنیەتی ڕووداوەکە

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە
میدیا عێراقییە جیاوازەکان لەسەر زاری شایەتحاڵ و لایەنە ئەمنییەکانەوە بڵاویان کردووەتەوە، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە، شوانێک لە دەوروبەری بیابانی نەخیب کۆمەڵێک چەکدار و چەند هێلیکۆپتەرێک (کە وەک دەوترێت ٤ بۆ ٧ هێلیکۆپتەر بوون)؛ دەبینێت. دوای ئەوەی هەست دەکات هێزەکە عێراقی نین، هەواڵگریی سەربازیی ئاگادار دەکاتەوە.

پاش نیو کاتژمێر هێزێکی سوپای عێراق دەگاتە شوێنەکە، بەڵام ڕاستەوخۆ لە ئاسمانەوە ڕووبەڕووی تەقەیەکی چڕ دەبنەوە.

بەهۆی پێکدادانەکەوە سەربازێکی عێراقی گیان لەدەست دەدات و دووانی دیکەش بریندار دەبن، هەروەها دوو ئۆتۆمبێلی جۆری (هامڤی) دەسووتێن. دواتر هێزە نەناسراوەکە بە هێلیکۆپتەرەکانیان ناوچەکە جێدەهێڵن.


کێ لەپشت ڕووداوەکەیە؟

تائێستا ناسنامەی هێزەکە نادیارە، لەکاتێکدا هەندێک سەرچاوە پەنجەی تۆمەت بۆ ئەمریکا ڕادەکێشن، بەڵام فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سینیکۆم) ڕەتیدەکاتەوە هیچ زانیارییەکیان لەسەر ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی لەو شێوەیە هەبێت.

لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوە ئەمنییەکان گومان دەکەن هێزێکی تایبەتی "ئیسرائیلی" بن و مەبەستیان دانانی ڕادار و ئامێری پەکخەر (تەشویش) بووبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو درۆن و مووشەکانەی لە عێراق و ئێرانەوە هەڵدەدرێن.

ئەم گومانە ماڵپەڕی (ئەلحوڕە)ـی ئەمەریکیش باسی کردووە، بەڵام بەوتەی خۆیان سوپای ئیسرائیل ئامادە نەبووە هیچ لێدوانێک لەمبارەیەوە بدات.


هەڵوێستی فەرمیی عێراق

فەریقی یەکەم ڕوکن- قەیس محەمەداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، جەختی لەوە کردەوە کە ئەمە کارێکی "ترسنۆکانە و ناپاکانە" بووە و بەبێ هیچ هەماهەنگییەک کراوە. هەروەها ئاشکرای کرد کە بەغدا یاداشتێکی ناڕەزایەتی پێشکەش بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کردووە.

دوای ڕووداوەکەش هێزەکانی دژەتیرۆر کێوماڵی ناوچەکەیان کردووە، بەڵام هیچ شتێکیان نەدۆزیوەتەوە.

بەمشێوەیەش، چیرۆکی بیابانی نەخیب بووەتە مەتەڵ و کەس بە ئاسانی بۆی هەڵنایەت!


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو