کوشتنی "پاشای نەوت" و نهێنییەکانی ئیمپراتۆریەتی (جرف ئەلسەخەر) لە عێراق
٦ ئازار ٢٠٢٦ - ٥:٤٤ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە ئۆپەراسیۆنێکدا کە پێدەچێت لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکا یان ئیسرائیلەوە ئەنجام درابێت، سەرکردەیەکی دیاری میلیشیا عێراقییەکان کوژرا. ئەم ڕووداوە پەردەی لەسەر تۆڕێکی گەورەی قاچاخچێتیی نەوت هەڵماڵی کە لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە بەڕێوەدەبرێت.
ڕۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت، ڕاپۆرتێکی لەبارەی ئەم ڕووداوەوە ئامادەکردووە کە لە خوارەوە پوختەکەی دەخەینەڕوو.
"پاشای نەوت" کێیە؟
پاشای ناوت نازناوە بۆ کەسایەتییەک کە بە "ئەبو سەیف" ناودەبرێت. ئەو سەرکردەیەکی میلیشیاکانە کە پێشتر لە (سوپای مەهدی) بووە و دواتر چووەتە پاڵ باڵەکانی تری نزیک لە ئێران.
جگە لەناسراویی بە "پاشای نەوت"، هاوکات بە مێشکی ئابووریی گروپە چەکدارە وەلائییەکانیش ناسرابوو، هاوکات بەرپرسی یەکەمی دزین، پاڵاوتن و قاچاخچێتیی نەوت بووە.
ئەبو سەیف و تەکنیکی "فڕنەکان"
تۆڕەکەی ئەبو سەیف نەوتی خاویان لە بۆرییە سەرەکییەکانی عێراق دەدزی و لە ڕێگەی پاڵاوگەی بچووک و گەڕۆکەوە (کە لە ناوخۆدا بە "فڕن" ناسراون) دەیانپاڵاوت. ئەم پرۆسەیە بەرهەمی کوالێتی نزم (وەک بەنزین و گاز)ـی لێ بەرهەمدەهات و زیانێکی ژینگەیی یەکجار گەورەی هەبوو، بەڵام قازانجەکەی سەدا سەد بوو، چونکە نەوتەکە بەخۆڕایی و لە دزییەوە بەدەستدەهات و دەستمایەی نەبوو.
ئیمپراتۆریەتی "جرف الصخر"
ئەم کارانە بە نهێنی لە شارۆچکەی کشتوکاڵیی (جرف الصخر) لە باشووری بەغدا ئەنجام دەدران. ئەم ناوچەیە لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە و دوای دەرکردنی ١٢٠ هەزار دانیشتووانەکەی بە بیانووی د1عـ…ـ.ـ.ـش، بووەتە قەڵایەکی داخراوی میلیشیاکان و سوپای پاسداران و حــ..ـیزبـ..ـوڵڵا. ئێستا ناوچەکە پڕە لە پاڵاوگەی قاچاخ، کارگەی چەک و تەقەمەنی، درۆن و زیندانی نهێنی.
فرۆشتن و سپیکردنەوەی نەوت
مانگێک پێش کوژرانی، ئەبو سەیف گرێبەستێکی گەورەی بە بەهای ١٢٠ ملیۆن دۆلار (بۆ ٦٠٠ هەزار تەن نەوت) ئەنجامداوە. نەوتە قاچاخەکە بەبێ پشکنین و بەکارهێنانی دەسەڵاتی چەکداری دەگوازرایەوە بۆ ناوچەکانی تری عێراق و هەرێمی کوردستان.
هەروەها نەوتەکەیان لەگەڵ نەوتی ئێران تێکەڵ دەکرد بۆ ئەوەی سزاکانی ئەمریکا لەسەر ئێران تێپەڕێنن.
هۆکاری کوشتنەکەی
هەرچەندە ئەبو سەیف زیاتر پیاوێکی ئابووریی بوو، بەڵام سەرچاوەکان پێیانوایە هۆکاری بەئامانجگرتنی لەم کاتەدا پەیوەندی بە تێکەڵبوونی کارە بازرگانییەکانی و ئەرکە سەربازییەکانەوە هەبووە.
لەمڕووەوە بەتایبەتی گومان دەکرێت دەستی هەبووبێت لە هەڵدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو لە (جرف الصخر)ـەوە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، ئەوەش لەسەر فەرمانی سوپای پاسدارانی ئێران.