کەمبوونەوەی هێرشەکانی ئێران؛ داڕمانی سەربازیی یان گۆڕینی تاکتیک؟

٧ ئازار ٢٠٢٦ - ٧:٥٨ پاش نیوەڕۆ

کەمبوونەوەی هێرشەکانی ئێران؛ داڕمانی سەربازیی یان گۆڕینی تاکتیک؟

پەنجەرە

ژمارەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئەمەریکا و ئیسرائیل و کەنداو ڕۆژ دوای ڕۆژ کەمیکردووە، کەمکردنەکەش زۆر و زەقە. لە کاتێکدا ئەمریکا ئەمە بە "سەرکەوتنی گەورە" دەزانێت، تاران وەک "تەکتیکی شەڕی درێژخایەن" وێنای دەکات.


گێڕانەوەی ئەمریکی: شکست و ماندووبوون

سەرکردە سەربازییەکان و دامەزراوە ئەمەریکییەکان، هۆکاری ئەم پاشەکشەیە دەگەڕێننەوە بۆ شکستی ئێران و وێرانبوونی ژێرخانی سەربازیی ئەو وڵاتە.

جەنەڕاڵ دان کەین، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا و ئەدمیراڵ براد کوپەر، فەرماندەی (سێنتکۆم)، ڕایانگەیاند کە هێرشە بالیستییەکانی ئێران بە ڕێژەی ٩٠٪ و هێرشی درۆنەکان ٨٣٪ دابەزیون، هەروەها زیاتر لە ٣٠ کەشتیی ئێرانی نوقم کراون.

زانیارییە سەربازییەکان باس لەوەدەکەن گوایە لە کۆی ٤٥٠ سەکۆی مووشەکیی ئێرانی، ٣٠٠ سەکۆیان وێران کراون.

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ پێیوایە ئێران تەنها توانای چەند ڕۆژێک هێرشی چڕی ماوە. 'پەیمانگای لێکۆڵینەوە لە شەڕ'ـیش ئەمە بە سەرکەوتنی هەڵمەتی ئاسمانیی هاوپەیمانان لە "پچڕانی سەری فەرماندەیی و کۆنترۆڵی ئێرانی و پەکخستنی توانای هەماهەنگیکردنیان بۆ هێرشی گەورە" دەبینێت.

ئێستا زیاتر لە مووشەک، ئێران پشت بە درۆن دەبەستێت. پێت هێگسێس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا هۆشداریدا کە درۆنەکان هێشتا مەترسییەکی گەورەن.


گێڕانەوەی ئێرانی: تاکتیکی جەنگیی

لەبەرامبەردا سەرچاوە سەربازییەکانی ناوخۆی ئێران ئەمە بە شکست نازانن، بەڵکو دەڵێن تاکتیکیان گۆڕیوە.

ئاژانسی تەسنیم کە لە سوپای پاسدارانەوە نزیکە، ئاماژە بەوەدەکات ئەمەی ئێران دەیکات شەڕی "خوێنبەربوونی زیرەکانەیە"، بەشێوەیەک لەبری زۆریی هێرش، ئامانجی ورد دیاریی دەکات بۆ لێدان.

گۆڤاری فۆرین پۆلسی جەخت لەم خاڵە دەکاتەوە و ئاماژە بەوەدەکات ئێران مووشەکە قورسەکانی بۆ کۆتایی جەنگەکە هەڵگرتووە و دەیەوێت ناوچەکە پەلکێشی جەنگێکی درێژی بێزارکەر بکات. 

هاوکات سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیژیی بەرگری ئێرانی، ئەمە بە دووبارە خۆڕێکخستنەوە ناودەبات، چونکە ئاماژە بەوەدەکات دوای هێرشی چڕی ئەمەریکا و ئیسرائیل، ئێران ناچارن بووە شوێنی مووشەکەکانی بگۆڕێت.

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە کە ئێران لە بری مووشەک، ئێستا زیاتر پشت بە درۆن دەبەستێت، چونکە ئاشکرابوونی شوێنی هەڵدانی مووشەک ئاسانترە بۆ لەناوبردنی شوێن و سەکۆکەی.


هێشتا کۆتایی نەهاتووە

سەرچاوە میدیایی و سەربازییەکان لەناوەوەی ئێران و دەرەوەیشیدا، جەخت لەوەدەکەنەوە کە ئێران توانای هێرشە زەبەلاحەکانی لەدەستداوە بەهۆی گورزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، بەڵام مەترسییەکە هێشتا کۆتایی نەهاتووە.

ئەوان پێیانوایە تاران ئەگەر بە ناچاری بووبێت یان وەک تاکتیک بێت، هێرشەکانی کەمیکردووە، بەتایبەتی هێرشی گەورە و مووشەکی، بەڵام هێشتا چۆکی دانەداوە و شەڕی بەکارهێنانی درۆنی هەرزان و هێرشی کورت دەکات، بەمەبەستی ماندووکردنی بەرامبەرەکانی.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو