حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵات؛ گیرۆدەبوون لەنێوان ترس و دەرفەت دا

٧ ئازار ٢٠٢٦ - ٨:٠١ پاش نیوەڕۆ

حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵات؛ گیرۆدەبوون لەنێوان ترس و دەرفەت دا

پەنجەرە

پڕچەککردنی حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە یەکێکە لەو مژارانەی کە میدیای ئەمەریکی قسەی لەبارەوە دەکەن، لەکاتێکدا بەرپرسانی ئەو حزبانە دوو دڵن و پێیانوایە هێشتا ئێران لەسەر زەوی بەهێزە.

میدیای ئەمەریکا پڕ چەککردنی حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە بۆ گوشار خستنە سەر ئێران دەگێڕنەوە، بەوپێیەی گورزە ئاسمانییەکان بەبێ فشاری ناوخۆیی نابنە هۆی لاوازتربوونی رژێمەکە.


کورد لە ئێران

هەرچەندە لەلایەن بەرپرسانی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە جۆرێک لە ترس هەیە بەرامبەر ناردنە ناوەوەی هێزەکانیان،بەڵام ئەو دۆخە نوێیەی هاتووەتە ئاراوە وەکو دەرفەتێک دەبینن بۆ لاوازتربوونی ئێران و روودانی گۆڕانکاری لەو وڵاتە.

بەشێک لە کوردەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵی 1979 پشتگیری شۆڕشی ئیسلامی ئێرانیان کرد، بەو ئومێدەی دەسەڵاتی نوێی ئێران بەشێک لە مافەکانیان بۆ دەستەبەر بکات، بەڵام ئەنجامی شۆڕشەکە بۆ کورد نائومێدکەر بوو.

لەماوەی 47 ساڵی رابردوودا، کورد لە ئێران هەمیشە لە مشتومڕ و کێشمەکێش دا بووە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، بەوپێیەی کۆماری ئیسلامی بەرەنگاری هەر هێزێکی کوردی بووەتەوە کار بۆ مافە سیاسی و نەتەوەییەکانی کورد بکات.

دوای 47 ساڵ لە رووخانی رژێمی پاشایەتی و گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن بەرپرسانی ئێستای تارانەوە، دەرفەتێکی نوێ بۆ کورد هاتووەتە ئاراوە بۆ ئەوەی هاوشێوەی هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان بتوانێت جۆرێک لە خۆبەڕێوەبەری بەدەست بهێنێت.

ئەوەی بۆ کوردەکان جێی نیگەرانییە هێشتا متمانەی تەواویان بە دۆخەکە نییە بۆئەوەی هێز رەوانەی ناوچەکانی رۆژهەڵات بکەن، ئەمە جگە لەوەی سەرباری لاوازبوونی ئێران بەڵام هێشتا لەسەر زەمین لەو ناوچانە بەهێزە.


هاوپەیمانی حزبە کوردییەکان

هێزە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هاوپەیمانی سیاسییان وەکو وەڵامدانەوەی قۆناغەکە پێکهێناوە، ئەمەش بە هاندانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و وەکو جۆرێک لە ئامادەکاری بۆ قۆناغی نوێی ئێران.

حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران وەکو کۆنترین حزبی کوردی بەشێکە لە هاوپەیمانێتییەکە و سەرۆکەکەی لەلایەن ترەمپەوە پەیوەندی پێوە کراوە، هەروەها پژاکیش یەکێکە لەو هێزانەی لەڕووی سەربازییەوە لەناوچە سنورییەکان زۆرترین ئامادەگی هەیە.

لەکاتێکدا کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بەسەرۆکایەتی عەبدوڵا موهتەدی سەرەەتا خۆی لە هاوپەیمانێتییەکە بەدوور گرت، هۆکارەکەشی بۆ ترس لە توانەوەی لەنێو ئەو هێزانەدا گێڕدرایەوە، ئەمە جگە لەوەی کۆمەڵەی کۆمۆنیست هێشتا سەرکۆنەی هاوپەیمانێتییەکە دەکات و بەشێک نییە لێی.

حزبە کوردییەکان جگە لەوەی لە گفتووگۆی بەردەوامدان بۆ چۆنیەتی جوڵەکردن و چۆنیەتی وەڵامدانەوەی قۆناغەکە، ناوبەناو لەگەڵ رەزا پەهلەویشدا دووچاری مشتومڕ دەبن بەهۆی هەڵوێستە نەرێنییەکانی لەبارەی رۆڵی کورد.

لەئێستادا ئەو حزبانە جگە لەوەی گیرۆدەی دەست لاوازی متمانەن بە ئەمەریکا و لەنێو قوڵایی ترسدان سەبارەت بە چۆنیەتی جوڵەکردنیان دژی ئێران، هاوکات خەمی دەسەڵاتی داهاتووی ئێران و هەڵوێستی بەرامبەر بە دۆزی کوردیش بەرۆکی گرتوون.
گەڕان بە دوای دەرفەتدا

لایەنە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان خوازیاری ئەوەن هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بەردەوامی هەبێت، ئەمەش لەپێناو لاوازتربوونی رژێمەکە و دروستبوونی زەمینەی زیاتر بۆچوونە نێو شارە کوردییەکان.

هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل شارە کوردییەکانی بەچڕی کردووەتە ئامانج، ئەمەش لەپێناو لاوازبوونی ئێران لەو ناوچانە و چوونە ناوەوەی حزبە کوردییەکان، لەکاتێکدا هێشتا ئێران لەڕووی هێزەوە لەو ناوچانە بەهێزە و کۆنترۆڵی لەدەست نەداوە.

هێزە کوردییەکان جگە لەوەی چاوەڕوانی زیاتری لاوازبوونی ئێرانن، هاوکات دەشیانەوێت پشتگیری ئەمەریکا بە گەرەنتییەوە بەدەست بهێنن، بۆ ئەوەی شارە کوردییەکان بپارێزن لە دوای ئەوەی کۆنترۆڵیان دەکەن.

لەنێو هێزە کوردییەکان را جیایی و ترس بوونی هەیە، ئەم را جیاییەش گرێدراوە بە کاتی جوڵەکردنیان بە ئاراستەی شارە کوردییەکان، بەوپێیەی ترسیان هەیە لەوەی جوڵەکانیان سەرکەوتوو نەبێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو