کاتژمێرە یەکلاکەرەوەکانی تاران؛ کێ دەبێتە جێنشینی خامنەیی؟
٧ ئازار ٢٠٢٦ - ٨:٠٣ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە دوای کوژرانی عەلی خامنەیی، پرۆسەی دیاریکردنی جێنشینی ڕابەری ئێران پێیناوەتە قۆناغێکی هەستیار و کاتژمێرە یەکلاکەرەوەکانەوە.
مەرجەعە باڵاکانی وەک (مەکاری شیرازیی) و بەرپرسانی ناوخۆیی نیگەرانن لە مانەوەی دەسەڵات لای "ئەنجومەنی کاتیی سێقۆڵی"، بۆیە داوا لە ئەنجومەنی شارەزایانی ڕێبەریی دەکەن بەپەلە ڕابەری نوێ ڕابگەیەنن بۆ ڕێکخستنەوەی وڵات.
ئەوەی تائێستا پرسەکەی بە مۆلەقی هێشتووەتەوە، دەستنیشانکردنی کەسێکە بۆ ئەو پۆستە.
سوپای پاسداران فشاری توند دەکات بۆ دانانی (موجتەبا خامنەیی) کوڕی ڕابەری پێشوو، بە بیانووی ئەوەی لەم دۆخە ئەمنییە ئاڵۆزەدا تەنها ئەو دەتوانێت سەقامگیریی سیستەمەکە بپارێزێت.
بەڵام پرسی دانانی کوڕ لە شوێنی باوک، لەناو خودی ئەنجومەنی شارەزایاندا ناڕەزایەتی لێکەوتووەتەوە. نەیاران پێیانوایە ئەمە گەڕانەوەیە بۆ سیستەمی پاشایەتی و پێچەوانەی بنەماکانی شۆڕشە. ئەمە لەکاتێکدا کە ئاستی زانستیی فقهیی موجتەباش بە کەم دەزانن بۆ ئەو پۆستە، تەنانەت ٨ ئەندامی ئەنجومەنەکە هەڕەشەی بایکۆتی کۆبوونەوەکانیان کردووە.
ئەوەی وایکردووە پرسەکە ئاڵۆزتر بکات، لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپە کە داوای کردووە ئەمریکا ڕۆڵی هەبێت لە دیاریکردنی ڕابەری نوێدا، کە ئەمەش ڕاستەوخۆ لەلایەن تارانەوە بە توندی ڕەتکرایەوە.
ئێستا بەگشتی لەناوخۆی ئێراندا چاوەڕوان دەکرێت لە ٢٤ بۆ ٤٨ کاتژمێری داهاتوودا ئەنجومەنی شارەزایان کۆتایی بە پرۆسەکە بهێنێت و ڕابەری نوێ ڕابگەیەنێت. بەڵام لە هەموو بارێکدا ئەم پرسە ئاسان نابێت، بەتایبەتی کە ئەنجومەنەکە لە ترسی بە ئامانجگرتنیان لەلایەن ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە ناتوانن بە ئاسانی کۆببنەوە.